بازنەی سلێمانی زۆرترین ژمارەی کاندیدی ژنی هەیە، کە ١٧١ ژنە کاندیدە لەکۆی ٥٠١ کاندید
ئا: ئیمان زەندی
لەخولی شەشەمی پەرلەمان کوردستان لەکۆی هەزارو ١٩١ کاندید ٣٦٨ ژن رکابەری دەکەن، بەمەش بەراورد بەرێژەی کاندیدانی پیاوان کەمە، ژنە کاندیدێک دەڵێت "سیستەمی چوار بازنەیی لەبەرژەوەندی کاندیدانی ژن نییە".
هۆکاری کەمی کاندیدی ژن
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان کە هاوکات کاندیدی حزبەکەشیەتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لەگفتوگۆیەکیدا لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە هۆکاری رێژەی کەمی کاندیدی ژنانی گەڕاندەوە بۆ سیستەمی چوار بازنەیی، ئەو وتی "خانمێک تەنیا لەو بازنەیە دەنگی پێ دەدرێت کە خۆی کاندید کردووە، بەپێچەوانەی خولی پێشوەوە کە دەتوانرا لەهەموو پارێزگایەک دەنگی پێبدرێت".
وتیشی "ئەم بازنە بازنەییە وایکردووە پیاوەکان زیاتر کاریگەری دروستبکەن، حزبەکان بۆ ئەوەی زۆربەی کورسیەکان پیاوەکان بیبەن ئافرەتیان کەمتر کاندید کردووە، هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە خانم چاوەڕێ نەکات لایەنێک کاندیدی دەکات کورسی بەدەستبهێنێتو خۆی ماندوو نەکات، دەبێت خۆی سەردان بکاتو بانگەشە بکات".
قەهوەچی لەهۆکارێکی دیکە بەداخە لەوەی ژنەکان خۆیان کەمتەرخەمن، ئەو وتی "پاش تەواوبوونی خولی پەرلەمانی دەبێت تۆی ژن بەردەوام بیت لەکاری سیاسیو رێکخراوو نێو خەڵک، بەڵام بەشێکیان کە خانەنشین دەبن خۆیان لەدەستدەدەن، کە چوار ساڵەکە تەواو دەکات لەکاری سیاسی دووردەکەوێتەوە، بەڵام گەر بەردەوام بێت بۆ خولێکی دیکە دەتوانێت بەبێ کورسی کۆتا بچێتە پەرلەمانەوە".
ئەو نەشیشاردەوە کە هەم حزبەکان دەرفەتی کەمتر دەدەن بەژنانو هەم خۆشیان کەمتر دێنە پێشەوە، ئەو وتی "پێویستە خانم هەوڵی جدی بدات هەموو کارێکی سیاسی لەئەستۆ بگرێت، کۆتایی بەکورسی کۆتاکان بهێنێت، چونکە بێگومان بێ توانایی خانمانیش هۆکارە کە هیچ پڕۆژەیەکو بەرنامەیەکی نییە، با هەوڵبدەین فێری نانی تەمبەڵی نەبین، راستە بریاری سیاسی هەیە کە لەسەدا ٣٠ بۆ ٣٥ کورسی کۆتاکان بۆ خانمانە، بەڵام با ئێمە ئەو ریکۆردە بشکێنین بەبێ کۆتا سەربکەوین".
کورسی کۆتاکان ئیجبارییە
لەساڵی ١٩٩٥ لەکۆنفرانسی پەکین وشەی "کۆتا" بەکارهێنرا، ئەو سیستەمە یەکەمجار لەئەمریکاو رۆژئاوا سەریهەڵداوە، هۆکاری دانانیشی دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی کۆمەڵایەتی، ئابووری، دادپەروەریو کەمینەو ژن، هەروەها لەکوردستان لەساڵی ٢٠٠٥ دەستوری هەمیشەیی عێراق نوسرایەوەو کرا بەیاسا.
شانیا محەمەد، دەرچووی بەشی زانستە سیاسیەکانە لەزانکۆی سلێمانی، توێژنەوەی کۆتایی ساڵی بەناوی "کاریگەری سیستمی کۆتای ژنان"ەو ئاماژە بەوە دەکات بەگوێرەی سیستەمی کۆتای ژنان کە بەیاسا دانراوە لەهەرێمی کوردستان دەبێت لە٣٠٪ی لیستی حزبەکانو پەرلەمان بەلانیکەمەوە ژنان بن، بەڵام لەعێراق رێژەکە کەمترەو لە٢٥٪ە، ئەو بڕیارەش کاتێک دەرچووە کە ناوەندەکانی بڕیاردان کەمبووە، ئەو وتی "لەم چوار بازنەیەی ئێستای هەڵبژاردنی کوردستانیش دەبێت لەسەدا ٣٠ بەکۆتا دەربچن، بەڵام هەندێک ژن بەمافی خۆیان دەردەچن نەک کورسی کۆتا، لەو ١٠٠ کورسیەی پەرلەمان دەبێت لە ٣٠ کورسی بۆ ژن بێت".
وتیشی "کورسی کۆتاکان ئیجبارییە، هەر لیستێک کە کاندیدی ژنی هەیەو دەنگی پێویست ناهێنێت بۆی دەکرێت بەکورسی کۆتا، لەلیستێکدا دوو بۆ سێ خانم دەتوانن دەربچێت ئەویش بەدەنگەکانی ئەوانی دیکە. ئەم سیستەمەش کاتییە لەهەموو جیهان، چونکە هەرکاتێک زانرا ژنان بەمافی خۆیان دەردەچن ئەوکاتەیە لادەچێت".
خودی ژنان لەکاندیدە خانمەکان ناڕازین
شنۆ عەبدولڕەحمان، خوێندکاری زانکۆ لەبەشی زانستە سیاسیەکانەو باس لەوە دەکات "ئەو خانمانەی لەکوردستان خۆیان کاندید دەکەن یەکەم شت کە لێی دەترسن تانەو تەشەرو تۆمەتی ئەخلاقییە، خانمەکانیش کە لەلیستەکاندان هێندە ناوی یەکتر دەزڕێنن، رێکناکەون بەرنامەی کارەکەیان لەسودی خانمان تەواو بکەن یان بەخەڵکەکە بڵێن لەبەر ئەمە وەرن دەنگمان پێ بدەن".
هەروەها تەمەن مەجید، رۆژنامەنوس باس لەوە دەکات ژنان لەسەر بنەمای کەسوکاری شەهید خۆیان کاندید دەکەنو هاوڵاتییانیش بۆیە دەنگیان پێدەدەن، ئەوانەشی خۆیان کاندید دەکەن یان کچ یان خێزان یاخود خوشکی شەهیدەکانن، ئەو وتی ""ئەم کەسانەش کاتێک دەچنە پەرلەمان ناتوانن کاربکەن بۆخۆشگوەزارانیو مافی مرۆڤ، چونکە توانایەکی باشیان نیە لەدەربڕینو تێگەشتنی بارودۆخی هاوڵاتییان، لەبەرئەوەی لەلایەن چەند پیاوماقوڵو کەسایەتیەکی حزبیەوە ئاڕاستە دەکرێن".
کاندیدی سەربەخۆ سیستەمی "کۆتا" نایگرێتەوە
چۆمان محەمەد، کاندیدی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات ئەوەی تایبەت بێت بەحزبەکان بەسیستەمی کۆتا لەلیستەکاندا ئیجبارییە پێشکەشبکرێت، بەڵام کاندیدی تاک (سەربەخۆ) ئەوە بڕیارە نایگرێتەوە، چونکە لەدواین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی گۆڕانکاری لەسیستەمی هەڵبژاردنەکەدا کراوە، ئەو وتی "کاندیدی ژن وەکو سەربەخۆ ئەو سیستەمە هاوکاری ناکاتو پێدەچێت نەتوانێت سەرکەوتوو بێت، ئەمەش وایکردووە کەمتر خانمان بێنە پێشەوە".
وتیشی "بەشەکەی دیکە پێدەچێت لەچوارچێوەی حزبدا بێت وەکو لیست رێژەیەکی کۆتا هەیە لەسەری، دووبارە ئەمەش بۆ کەسانی تاک نابێت، هەربۆیە لەکاندیدی سەربەخۆ زیاتر پیاوان دەستپێشخەریان کردووە، ئەمە واتای پیاوسالاریو شت نادات، چونکە سیستەمەکە کۆتایە".
ئەگەر هەیە ئەمساڵ ژن سەرۆکی پەرلەمان بێت
مونا قەهوەچی، پێیوایە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری تاک، ژنان دەتوانن زیاتر بێنە مەیدانەکەو دەنگ بۆ خۆیان کۆبکەنەوە، هەروەها باسی لەوەشکرد کە ئومێدی هەیە لەم خولەدا رێژەی خانم زۆربێت، ئەو وتی "لەخولی رابردوو ئافرەت سەرۆکی پەرلەمان بوو، هیوادارم لەم خولەشدا پارێزگاری لەو نەریتە بکرێت".
وتیشی "ئەوە دەکەوێتە سەر رێککەوتنی سیاسی کە چ لایەنێک پەرلەمان وەردەگرێت، یاخود ئەوەی ئەو خانمە بتوانێت ئەو پۆستەیە بەرێکوپێکی بگرێتە ئەستۆو جێبەجێی بکات، بۆ نا! واتە ئەو لایەنەی پەرلەمانی لەدەستە دەبێت بیربکاتەوە لەو پۆستە".
پەیوەست بەوەی ژنان ئەگەر بچنە پەرلەمان چۆن کار بۆ یەکسانی جێندەری دەکەن، قەهوەچی وتی "لەخولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان منو بەشێک لەرێکخراوەکانی ژنانو یەکێتی ژنان پشتگیری پڕۆژەیەکی یەکسانی جێندەریمان کرد، کە کۆتا هەبێت لەناو پۆستەکانی حکومیو لیستەکان بەجۆرێک لەدوو کاندید یەکێکیان خانم بێت، ئەمە نەهاتە ناو دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە، چونکە پەرلەمان گرژی تێکەوت، بۆ ئەم خولەش ئەگەر لایەنە سیاسیە کوردستانەیەکان هاوکارمان بن بێگومان دەتوانین ئەمجارە ئەو پڕۆژەیە تێبپەڕێنین".
٣٦٨ ژنە کاندید رکابەری دەکەن
کۆمسیۆنی باڵایی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دوا ئاماریدا کۆی ژمارەی کاندیدانی پەسەندکراوی ئاشکرا کردووە، کە زیاتر لە 1191 کاندیدن و لەو ژمارەیەش ٣٦٨ ژنیان رکابەری دەکەن بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی کوردستان.
بازنەی سلێمانی زۆرترین ژمارەی کاندیدی ژنی هەیە، کە بریتیە لە ١٧١ ژنە کاندید لەکۆی ٥٠١ کاندید، بازنەی هەولێر دوەم بەرزترین رێژەی کاندیدی ژنی هەیە، کە ١١٢ ژنە کاندیدە لەکۆی ٣٨٥ کاندید.
بازنەی دهۆک سێیەم بەرزترین رێژەی کاندیدی ژنی هەیە، کە ٦٣ ژنە کاندیدە لەکۆی ٢٢٠ کاندید
بازنەی هەڵەبجە کەمترین ژمارەی کاندیدی ژنی هەیە، کە ٢٢ ژنە کاندیدە لەکۆی ٥٣ کاندید.
بەپێی رێژەی سەدی، (٣٠%)ی کۆی کاندیدەکانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان ژنن.
هەرپەیوەست بە رێژەی سەدییەوە، ئەگەرچی بە ژمارەی ژنە کاندید هەڵەبجە لە کۆتا ریزبەندی دایە، بەڵام بەپێی رێژەی کۆی کاندیدەکان، زۆرترین رێژەی ژنە کاندیدی هەیە و (٥.٤١٪)ـی کاندیدەکانی ژنن، بازنەی سلێمانیش دووەم زۆرترین کاندیدی ژنی لێیە کە رێژەی (٣٤%)ـی کاندیدەکان دەکات، هەولێریش بە رێژەی (٢٩%) پلەی سێیەمی هەیە لە هەبونی زۆرترین کاندیدی ژن، دهۆکیش بە رێژەی (٢٨%) کەمترین رێژەی کاندیدی ژنی هەیە.
بەپێی سیستەمی نوێی کۆمسیۆن، لەكۆی 95 كورسی دەنگدانی گشتی 30 كورسی بۆ ژنان یەكلایی بوەتەوە. بەشێوەیەک؛ لە بازنەی سلێمانی لەکۆی 36 كورسی دەنگدانی گشتی دەبێت 11 كورسی بۆ ژنان بێت، لە بازنەی هەولێر لەكۆی 32 كورسی 10 كورسی بۆ ژنان بێت، لە بازنەی دهۆك لەكۆی 24 كورسی 8ـی بۆ ژنان بێت و لە بازنەی هەڵەبجەش لەكۆی سێ كورسی كورسیەك بۆ ژنان دیاریكراوە.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.