ژنانی ناوچە پەراوێزخراوەکان لەلایەن سەرۆک خێزانو سەرۆک عەشرەتو هاوسەرەکانیانەوە ناچار دەکرێن بەخواستی ئەوان دەنگ بدەن
ئا: ئیمان زەندی
ساڵی ٢٠٢٤ەو تاوەکو ئێستا ژنان لەو ناوچانەی نەریتی عەشائیریو پیاوسالاریو حزبی دەسەڵاتتداریان تیا باڵادەستە، ناتوانن بەئازادانە ئەو حزبو کاندیدەی خۆیان مەبەستیانە هەڵببژێرنو لەلایەن سەرۆک خێزانو سەرۆک عەشرەتو هاوسەرەکانیانەوە ناچار دەکرێن بەخواستی ئەوان دەنگ بدەن، کاندیدی یەکێک لەحزبە دیارەکانی کوردستان دەڵێت "پیاو دەناسم زۆر بەشانازییەوە بەژنەکەی وتووە دەنگ بەفڵان نەدەی تەڵاقت دەدەم".
"دەنگدان بەهەڕەشەو زۆر"
پەرێز عومەر، چالاکوانی مەدەنییە لەهەولێرو کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، بەنیگەرانییەوە وەک کاندیدێکی ژن باسی گرفتو ئاستەنگەکانی بۆ ئاوێنە دەکات، ئەو وتی "ژنان هەموو کات لەلیستی کراوە قوربانین، چونکە کورد میللەتێکی عاتفیەو دەنگدەرێک لەپێناو بنەماڵەیەک بۆ کوردایەتی دەنگدەدات بەکەسێکی ئەو بنەماڵەیە، بۆیە لەکاتی دەنگدان کار لەسەر وەفاداریی دەکرێت، ژن هەیە پێدەچێت زۆر ئازاو بەتواناو زیرەک بێت، بەڵام لەبەرئەوەی دەرکەوتنی کەم بووە کەس نایناسێتو توانای بەر مایکی نییە مافی دەخورێت، چونکە لەمنداڵییەوە پێیوتراوە تۆ ژنیو کچی نابێ دەرکەویت".
وتیشی "ئێمە کێشەمان لەگەڵ سنورە راستەقینەکەی کورد نییە، بەڵکو گرفتمان لەگەڵ ئەوەیە کە عەقڵیەتی پیاوسالاری لەپاڵ دین تێهەڵکێشکراوە، جگە لەوەی کە هەمیشە سەرمایەو دەسەڵات لای پیاو بووە، ئەم ژنە کاندیدە چەند نمونەیەک بۆ پەیامنێری ئاوێنە دەگێڕێتەوە کە گوزارشت لەزەوتکردنی ئازادی ژن دەکات لەلەلایەن پیاوەوە، ئەو وتی "پیاو هەبووە دەیناسم زۆر بەشانازییەوە بەهاوسەرەکەی وتووە تەڵاقت دەدەم ئەگەر دەنگ بە فڵانە کاندید نەدەیت".
"هەندێک کەس پێیان سەیرە ژنان مافی دەنگدانیان هەیە"
هانا شوان، چالاکوانی ژنانو کاندیدی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بەئاوێنەی وت "من لەپرۆسەی هەڵبژاردن بەشداریم کردووە، کاتێک سەردانی هەندێک ماڵ دەکەین دەڵێن، خۆمو خێزانەکەم دەنگ بەفڵانە کاندید دەدەین، واتە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خێزانەکەی دەنگ دەدات یاخود نا، یەکسەر خۆی بڕیارەکە دەدات، ئەمەش زیاتر لەهەندێک ناوچە دوورە دەستەکانو بەتایبەتی پەراوێزخراوەکان کە بێ خزمەتگوزارین روودەدات، هەندێکجار وەکو سوکایەتی پێیاندەڵین ئاو نییە، غاز نییە، پێداویستی سەرەتایی نییە، بۆچی دەچنە دەنگدان؟!".
لەبارەی ئەوەی بۆچی سەرۆکی خێزانەکان دەنگدانی ژنانیان پێ گرنگ نییە؟ ناوبراو ئاشکرایکرد "چونکە پێیان وایە دەنگدانی ژنان کاریگەری نابێت، هەڵبەتە لەو عەقڵیەتیەوە هاتووە کە ژن ناتوانێتو گرنگ نییەو پێویست نییە، تەنانەت پێموایە هەندێک کەس پێیان سەیرە ژنان مافی دەنگدانیان هەیە".
پەیوەست بە ئاستەنگەکانی بەردەم کاندیدانی ژن، ئەو وتی "کێشەی کاندیدی ژن زۆر زۆرە، پیاوەکان دەتوانن بگەڕێن تا درەنگانی شەوو دەنگ بۆ خۆیان کۆبکەنەوە سەردانی ماڵان بکەن، جاری وا هەیە پارەی لەبەردەستەو یارمەتی نەخۆشو هەژار دەدات، بەڵام ژن ئەوەی پێناکرێتو ناتوانن بەتەنیا دەرچێتو بچنە شارو شارۆچکەکان ئەگەر بازنە کراوە بێت بۆ هەڵبژاردن. ئەگەر کەسوکارەکەشی ڕێگای بدات هاوسەرەکەی کێشەی بۆ دروست دەکات، کاندیدی زۆرمان هەیە کە لەبانگەشەکان توشی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی بوون".
"کە رێگە نادرێ ژن دەنگ بدات، دیسان مافی پێشێلکراوە"
ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەرو پەرلەمانتاری دوو خولی عێراق، ئەوەی بۆ ئاوێنە روونکردەوە کە ئەگەر ژنەکە خۆی بڕوای بەژنبونی خۆی هەبوو دەتوانێت کاریگەری دروستبکات لەسەر پیاوەکە، ئەو وتی "ئێستا ژنان کاتێک بێتاقەت دەکرێن دەنگ هەر نادات، ئەمەش باری دەروونیو بێهێزی لەلای ژنەکە دروست دەکات، یاخود ژنەکە زۆر حەز دەکات دەنگ بدات، بەڵام پیاوەکە ناچاری دەکاتو دەڵێت یەک کەس ناچێتە دەنگدان، ئەمەش مافخواردنە".
وتیشی "خۆم لەکاتی هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا کاندید بووم، کاتێک دەچووم بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەڕیز پیاو دەوەستان یەک ژنی تێدا نەبوو، خۆم داوامدەکرد کە دەکرێت بچمە ناوەوە ژنەکان ببینمو قسەیان لەگەڵ بکەم".
"جیاوازیی دەنگدان کێشە دەخاتە خێزانەکانەوە"
هێرۆ وەکیل، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگەو مافەکانی ژنان ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ نمونە ئێستا لەهەڵەبجە سەرۆکی خێزان زۆر باڵادەستەو ئەوە دیاریدەکات ئەندامانی خێزانەکە دەنگ بەکێ بدەن، ئەو وتی "زۆرجار بەداخەوە منداڵەکان هۆشیارییان نییە، ناچارن بکەونە شوێن قسەو فەرمانی باوکو دایکو برا یاخود سەرۆکی عەشرەتیان، هەموو لایەنەکان کار لەسەر راکێشانی سەرۆک بنەماڵەو سەرۆک عەشرەتەکان بەلای خۆیاندا دەکەن، بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی دەنگدان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، حزبە ئیسلامییەکانیش لەرووی دینییەوە لەچوارچێوەت دەدەن".
هێرۆ بەسەرهاتێکی بۆ پەیامنێری ئاوێنە گێڕایەوە کە لەهەڵەبجە روویداوە، ئەو وتی "لەدەنگدانی پێشوو ماڵێک زۆر نزیکبوون لێمانەوە، لەبەرئەوەی باوکەکە سەر بەحزبێک بوو، مووچەی هەبوو، منداڵەکانی حەزیاندەکرد حزبێکی دیکەو کەسی دیکە تاقیبکەنەوە، حزبەکەی بانگیان کردبوو وتبوویان ئاگادارین منداڵەکانت پۆستی جیاواز دەکەن، ئەگەر دەنگ بەحزبەکەمان نەدەن مووچەکەت دەبڕین، دوای ئەوە کێشەیەکی زۆر زۆر گەورە دروستبوو، بەجۆرێک ئیجباریان کردن تاکبەتاکی خێزانەکە وێنەی دەنگەکەی بگرێت تا دڵنیایان بکەنەوە، دواتریش ئەوە بووە مایەی کێشەیەکی خێزانی گەورە".
ژنان زۆرترین بەشداربووی سندوقەکانی دەنگدانن
سۆما خالید، رۆژنامەنوسە لەسلێمانی و باس لەوەدەکات کە زۆرترین بەشداربووی سندوقەکانی دەنگدان ژنانن، ئەو وتیشی "زۆربەی ژنان لەنزمترین ئاستی چالاکی سیاسی بەشداریانکردووەو کەمتر وەک چالاکوانی سیاسی هاتوونەتە گۆڕەپاناکەوە، هەرچەندە هەمیشە لەهەموو گۆڕەپانەکانی سیاسیدا کاریگەریان هەبووە".
بەوتەی ئەو رۆژنامەنوسە، دەنگدان بەنوێنەرانی داهاتوو هەموارکردنەوەی یاساکانە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کۆمەڵگەی ژنانو کەرامەتی ژنان بەجێبەجێکردنی یاساکانو لەمبارەیەشەوە بەرپرسیارییەتییەکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی میدیاکان بۆ هوشیارکردنەوەی ژنانو کۆمەڵگە، ئەو وتی "لەبەر ئەوەی میدیای کوردی بەشێکی زۆری لەلایەن پیاوان بەڕێوەدەبرێتو خاوەنی بڕیارداننو بەعەقلیەتی پیاوسالارانە ئەرکەکانیان بەجێدەگەیەنن، ئەمە کاریگەری لەسەر ژنانو کچانی میدیاکار دروستکردووەو نەیانتوانیوە بابەتیانە پرسی ژن پێشبخەنو ئەو رۆڵە بگێڕن کە ببنە هاندەرێک بۆ بەشداریکردنی ژنانو ئامادەبوونیان لەسندوقەکانی دەنگدان".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.