چوارشه‌ممه‌, 22 ی کانونی دووه‌م , 2025
وەزیری وزەی تورکیا: گرفته‌كانی‌ به‌رده‌م هەناردەکردنی نەوت لەنێوان هەولێرو بەغدا بەردەوامە
  2024-09-14       216       
ئالپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا


وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ تا ئێستاش گرفت لەنێوان هەولێرو بەغدا لەبواری هەناردەکردنی نەوتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بەردەوامە. ده‌شڵێت، وڵاته‌كه‌ی‌ ئامادەیی خۆی بەشداریکردن لەچارەسەری کێشەکان دوپاتکردووەتەوە.

ئاوێنه‌: ئالپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا له‌به‌رنامه‌یه‌كی‌ ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵدا باسی‌ له‌دوباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ به‌هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كروه‌و ڕایگه‌یاندووه‌، "تا ئێستا گرفت لەنێوان هەولێرو بەغدا (لە بواری هەناردەکردنی نەوت) بەردەوامەو تەنانەت یەک بەرمیل نەوتیش نەگوازراوەتەوە".

وتیشی، "وەک تورکیا بەردەوام ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریکردن (لەچارەسەری کێشەکان) دوپاتکردووەتەوە. پێویستە لایەنەکان (هەولێرو بەغدا) ئیرادەی جددیان هەبێ بۆ چارەسەری".

ئالپئەرسلان بایراکتار ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كردووه‌، "دەتوانین ڕۆژانە ١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لەعێراقەوە هاوردە بکەین. ئەمە بەواتای بازرگانییەکەی هاوبەش بەقەبارەی ٥٠ ملیار دۆلارە. هیچ بەربەستێک لەم بارەوە نییە".

رۆژی 25ی 3ی‌ 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان‌و کەرکوک دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، دادگاكه‌ بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراق داو لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.

پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە 445 هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێمی کوردستان‌و عێراقەوە هه‌نارده‌ی‌ تورکیا ده‌كرا کە 370 هەزار بەرمیلی لەهەرێمی کوردستان‌و 75 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکوک بو.
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×