ئیسرائیل په‌یامێك ئاڕاسته‌ی یەحیا سنوار ده‌كات
  2024-09-09       353       

لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ ناوچەی نتساریم ناوەندی غەززە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، تەنیا هەڵەیەک بەسە بۆ ئەوەی سوپای ئیسرائیل یەحیا سنوار و محەمەدى برای لەناوببات.

ئاوێنه‌: یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە میدیا ئیسرائیلییەکانی راگەیاندووە، یەحیا سنوار و براکەی وەکو ئەوانی دیکە هەمیشە بێ هەڵە نامێننەوە و وەکو محمەد زەیف و مەروان عیسا هەڵەیەک دەکەن و سوپای وڵاتەکەیان دەگەنە سەریان.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، لە کەرتی غەززە پێویستە دوو ئامانج بەدەست بهێنن و بەهەموو هێزیانەوە کار بۆ ئەو دوو ئامانجە دەکەن، ئامانجەکانیش بریتین لە کۆتاییهێنان بە بزووتنەوەی حەماس و گەڕانەوەی بارمتەکان.

گوتەکانی وەزیری بەرگری ئیسرائیل دوای ئەوەدێت، میدیاکانی ئەو وڵاتە باس لەوەدەکەن کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتە شکستی هێناوە.

هاوکات، بەگوێرەی کەناڵی 12ـى ئیسرائیلی، ئەندامێکی باڵای تیمی دانوستاندنکاری ئیسرائیل، کەسوکاری ئەو بارمتانەی لە 7ـى ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن حەماسەوە لە کەرتی غەززە دەستبەسەرکراون ئاگادارکردووەتەوە کە، بەدوور دەزانرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست ئەنجامبدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×