ئەندامێكی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی زانیاری لەبارەی ئەو سێ كەسە ئاشكرادەكات كە لە ئەنجامی هێرشی درۆنی توركی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێك لە سنوری قەزای چوارتای شارباژێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، گیانیان لەدەستدا.
ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەعات 1:40 خولەكی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، لە نزیک گوندی "هەرمێلە"ی سەر بە ناحیەی زەلان لە قەزای چوارتا، بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا، ژمارە سلێمانی کرد.
كامەران عوسمان ئاماژەی بەوەداوە كە لە ڕوداوەکەدا، سێ کەس گیانییان سپاردوە و یەکێک لە قوربانییەکان دانیشتوی گوندی "چەمەک" بوە لە ناحیەی زەلان.
ئەوەشی خستۆتەرو، یەکێکی تر لە قوربانییەکان، منداڵێکە و کانولا لەدەستیدا بوە.
بەپێی قسەی ئەو ئەندامەی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، قوربانی سێیەم، بەهۆی بەرزی ڕێژەی سوتاوییەکەی، دەموچاوی شێواوە و نەتوانراوە بناسرێتەوە.