لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەران نییە
  2024-08-23       676       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە حەوت ترلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران. دەشڵێت، مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی دابینکراوە و مەترسی دواکەوتنی لەسەر نییە.

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوامە لە دابینکردنی پارەی کاش بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق لە وادەی خۆیدا بە هەرێمیشەوە، هاوکات بۆ دابینکردنی قەرز و پێشینەکان بۆ هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی.

دەشڵێت:”وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە پێویستی بە حەوت ترلیۆن دینار هەیە بۆ ئەوەی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی بە هەرێمی کوردستانیشەوە دابین بکات، مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی لە بودجەدا دابین کراوە و هیچ مەترسییەک لەسەر دواکەوتنی نییە”.

ئەوە لە کاتێکدایە نزیکەی ٤٥ رۆژە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی داراییش چاوەڕێن لەبەغداوە پارە بێت و مووچە دابەشبکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×