بەڕێوەبەری كۆمپانیای چەتر: دەستێکی ڕەشی سیخوڕی هۆکاری شەهیدبونی دو ڕۆژنامەنوسەکەمانە
  2024-08-23       855       

لەبارەی شەهیدبونی دو رۆژنامەنوسی كۆمپانیای چەتر لە بۆردومانەكەی ئەمڕۆی سوپای توركیادا لە سەیدسادق، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە رایگەیاند، ئەوانەی شەهیدبون تەنیا كاری میدیاییان كردوە، ئەوانەی دەڵێن، ئه‌و كه‌سانه‌ سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌ بون دوره‌ له‌ راستییه‌وه‌و"نامه‌ردییه‌ كۆمه‌ڵگه‌ بگه‌وجێنرێت و زیاتر هانی دوژمنان بدرێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، كه‌مال حه‌مه‌ڕه‌زا، خاوه‌نی کۆمپانیای چەتر و كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسان و رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ لە كاردانەوە بەرامبەر بە شەهیدبونی دو رۆژنامەنوس لە بۆردومانەكەی ئەمڕۆی توركیادا، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای چەتر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی، ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی كه‌ شه‌هیدبون ته‌نبا كاری میدیاییان كردوه‌ و به‌هیچ جۆرێك په‌یوه‌ندیان به‌ لایه‌نی دیكه‌وه‌ نه‌بوه‌.

وتیشی، بێگومان دەستێکی ڕەشی ناوخۆیی و دەستێکی سیخوڕی وایکرد دەزگای سیخوڕى دەوڵەتى تورک ئەو دو ڕۆژنامەنوسەمان شەهید بکەن.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دژه‌ تیرۆری پارتی رایگەیاند، له‌ هێرشه‌كه‌ی توركیادا "به‌رپرسێكی پەکەکە و شۆفێرەکەی و چەکدارێکی یاوەری کوژران"و بەشێك لە میدیاكان ئەو هەواڵەیان بڵاوكردبوەوە.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای چەتر ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێک دەزگای ڕاگەیاندنی چەواشەکار دور لە ئێتیکی کاری ڕۆژنامەوانی بڵاویان کردوەتەوە کە ئەو سێ کەسەی بونەتە قوربانی چەکداری پەکەکەن، ئەو سێ کەسە ڕۆژنامەنوسن و دور و نزیک هیچ پەیوەندییەکیان بە سیاسەتەوە نییە.

كه‌مال حەمەڕەزا وتیشی، "ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ئۆتۆمبێلی كۆمپانیاكه‌دا بون كه‌ كاری تایبه‌ته‌ به‌ میدیا، رۆژنامه‌نوسن و پێكهاتون له‌ هێرۆ بەهادین كه‌ لەدایكبوی سلێمانییه‌ و گوڵستان تارا كه‌ خه‌ڵكی  باكوری كوردستانه‌، هه‌روه‌ها كارمه‌ندێكی دیكه‌مان به‌ناوی رێبین بەكر برینداربوه‌ كە ئەویش خەڵكی سلێمانییە."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ ده‌ڵێن، ئه‌و كه‌سانه‌ سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌ بون دوره‌ له‌ راستییه‌وه‌ و ناحه‌قییه‌ و هه‌ر كه‌سێك ئه‌و كاره‌ی كردبێت كارێكی دور له‌ ئه‌خلاقی رۆژنامه‌وانیی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجامداوه‌، "نامه‌ردییه‌ كۆمه‌ڵگه‌ بگه‌وجێنرێت و زیاتر هانی دوژمنان بدرێت."

خاوه‌نی کۆمپانیای چەتر وتیشی، "ده‌زگای دژه‌ مرۆڤی پارتی ده‌ڵێت، سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌ كراوه‌ته‌ ئامانج، ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوی چه‌واشه‌كاریه‌ و ره‌وایه‌تیدانه‌ به‌ توركیا كه‌ ببێت به‌ كوێخای هه‌رێمه‌كه‌مان."

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا كاروان ئه‌نوه‌ر، سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، رایگه‌یاند، "سه‌ركۆنه‌ی هه‌ر هێرشێك ده‌كه‌ین كه‌ بكرێته‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان، چونكه‌ به‌پێی په‌یاننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رۆژنامه‌نوس نابێت بكرێته‌ ئامانج ته‌نانه‌ت له‌كاتی روماڵی جه‌نگیشدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ رویدا، ئه‌وه‌ی رویداوه‌ ده‌یگه‌یه‌نینه‌ سه‌رجه‌م رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان".

سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، هیوای خۆی ده‌ربڕی كه‌ ئه‌مه‌ دوایین به‌ئامانجگرتنی رۆژنامه‌نوسان بێت و چیتر نه‌كرێته‌ ئامانج له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌.

هه‌روها ره‌حمان غه‌ریب، رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە رایگه‌یاند، "سوپای توركیا نزیكه‌ی 50 كیلۆمه‌تر هاتوه‌ته‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و رۆژانه‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ده‌كه‌نه‌ ئامانج، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستی توركیای داگیركه‌ری كردوه‌ته‌وه‌ بێده‌نگی حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، هیچ وه‌زیر و به‌رپرسێكیش قسه‌ی له‌سه‌ر ناكه‌ن".

ئه‌وه‌شی وت، "بێده‌نگی به‌رپرسانی حكومه‌ت وایكردوه‌ كه‌ سوپای توركیا ده‌ستكراوه‌ بێت و بۆردومان بكات و خه‌ڵكی ئێمه‌ و رۆژنامه‌نوسان شه‌هید بكات."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×