ناسنامەی ئەو دو رۆژنامەنوسە ئاشكراكرا كە لە بۆردومانەكەی سەیدسادق شەهیدبون
  2024-08-23       2284       

میدیای نزیك لە پەكەكە، رایگەیاند، لە بۆردومانەكەی ئەمڕۆی سەیدسادقدا، كە ئۆتۆمبێلێكی رۆژنامەنوسانی كۆمپانیای چەتر بۆ كاری میدیایی تێدا كراوەتە ئامانج، دو رۆژنامەنوسی كۆمپانیا شەهیدبون و ناسنامەكانیشیان ئاشكرادەكات.

ئاوێنە: بەپێی كەناڵی ستێرك تیڤی، نزیك لە پەكەكە، لە بۆردومانەكەی ئەمڕۆی سوپای توركیادا لە سەر رێگای سەیدسادق هەڵەبجە تیمێكی رۆژنامەوانی كۆمپانیای چەتر بۆ كاری میدیایی كراونەتە ئامانج كە لەناو دو ئۆتۆمبێلدا بون.

كۆمپانیای چەتر بۆ كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق مۆڵەتی كاركردنی رەسمی هەیە و كاری بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی و بەڵگە فیلم دەكات و لەگەڵ چەند كەناڵێك گرێبەستی هەیە.

بەپێی قسەی ستێرك تیڤی، لە بۆردومانەكەدا یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی تیمە رۆژنامەوانییەكەی كۆمپانیای چەتر بەركەوتوە كە لەجۆری فۆرد بوەو بەهۆیەوە دو رۆژنامەنوسی ژن شەهیدبون و شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەش بەسەختی برینداربوە. لە ئۆتۆمبێلی دوەمیشدا كە پارچەی بۆردومانەكەی بەركەوتوە. پێج كەس برینداربون.

هاوكات ئاژانسی رۆژنیوز، ناسنامەی ئەو دو ژنە رۆژنامەنوسەی ئاشكراكردوە كە شەهید بون. یەكێك لەوانە ناوى "هێرۆ بەهادین" و خەڵکى ناحیەی سەنگاو و لە سلێمانى نیشتەجێ بوە و مۆنتێر بوە لە کۆمپانیاى چەتر.

بەپێی ئاژانسی رۆژ نیوز، شەهیدی دوەم  ناوى "گوڵستان تارا"بوە و خەڵکى شارى باتمانى باکورى کوردستان و لە ساڵى 2000ەوە کارى ڕۆژنامەوانى كردوە و ئەندامى ڕاگەیاندنى ئازاد و لە کۆمپانیاى چەتر هاوکارى ڕۆژنامەنوسانى كردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×