نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون چییە؟
  2024-08-17       1608       
ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەکی دەگمەنی ڤایرۆسی گواستراوەیە، لەئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ‌و لەمرۆڤیشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

ڕەنگە لەم ڕۆژانە، کەم تا زۆر لەسۆشیەڵ میدیاکان هەواڵی بڵاوبونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمونمان بیستبێ یان بەرچاو کەوتبێ لەجیهان، بەهۆی ئەوەی نەخۆشیەکە دەگمەنە، بۆیە خەڵک زانیارییەکی ئه‌وتۆیان لەسەری‌ نیە، بۆیە پێمباشبو بەکورتی هەندێک زانیاریتان بۆ بخه‌مه‌ڕو لەسەر ئەو نەخۆشییە. 

ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەکی دەگمەنی ڤایرۆسی گواستراوەیە، لەئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و لەمرۆڤیشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. 

بۆ یەکەمینجار ئەو نەخۆشییە لەساڵی 1970 لەوڵاتی کۆنگۆی دیموکرات دەستنیشانکرا، تا ئێستا لەساڵەکانی 2003 و 2022 چەند حالەتێکی تر دەستنیشانکراون لەو نەخۆشییە، کۆتا جار ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لەم ڕۆژانە چەند توشبوییەکی نوێی بەو نەخۆشییە ڕاگەیاند. 

چۆن دەگوازرێتەوە ؟
لەئاژەڵی ئاژەڵی توشبوو بەڤایرۆسەکە بە تایبەت (مەیمون، جرج، مشک، سمۆرە، کەروێشک، ژوشک، مامز-ئاسك): لەڕێگەی بەرکەوتنی بەلیک و خوێن و پاشەڕۆو میزو گۆشتی ئاژەڵەکە.

لەکەسی توشبو بەڤایرۆسەکە:
- بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بەبرینی پێست (ئاوڵە)، لیک، خوێن یان هەر شلەمەنییەکی جەستەی نەخۆشەکە، لە ڕێگەی سێکس، لە ڕێگەی باوەش و ماچ کردن، دەکرێ لە ڕێگەی هەناسەشەوە بگوازرێتەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر کاتێک بۆ ماوەیەکی درێژ و لە مەودایەکی نزیک قسەی لەگەڵ بکەی. 

لەئافرەتێکی دوگیانەوە بۆ منداڵەکەی ناو سکی دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی چین؟
وادەی توشبون بەڤایرۆسەکە تاوەکو دەرکەوتنی نیشانەکان لەنێوان 4 بۆ 20 ڕۆژە. 

سەرەتا بەتــا دەست پێدەکات، پاشان بەتێپەڕبوونی کات کەسەکە کۆمەڵێک نیشانەی تری لەسەر بەدیاردەکەوێ وەکو (لەرز ، ئارەق کردنەوە ، سەرئێشە، پشت ئێشە، بێتاقەتی، نەمانی ئیشتیهای خواردن، قوڕگ ئێشە، هەناسەتەنگی، کۆکە). 
ئەستوربون و گەورەبونی لیمفە گرێیەکان یەکێکە لەنیشانە باوەکانی ئەم نەخۆشییە، بەتایبەت لیمفەگرێیەکانی مل و چەناگە و حەوزو دەوروبەری کۆم. 
دەرکەوتنی ئاوڵە لەپێست یەکێکە لەنیشانە سەرەکیەکانی ئەو نەخۆشییە، سەرەتا لە دەم و چاو بەدیاردەکەوێت پاشان بە هەموو جەستەدا بڵاودەبێتەوە. 

چۆن دەستنیشان دەکرێ ؟
لەڕێگەی پشکنینی  PCR

چۆن چارەسەر دەکرێ؟
چارەسەرێکی تایبەت نیە بەو جۆرە ڤایرۆسە، ئەوەی هەیە تەنها بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و ڕێگریکردنە لەدروستبونی ماکەکانی نەخۆشیەکە، بەتایبەت لەوانەی بەرگری لەشیان لاوازەو بەتەمەنن و پێشینەی نەخۆشی تریان هەیە.


د. شێروان کۆساری
قوتابی دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی هەناوی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×