چوارشه‌ممه‌, 22 ی کانونی دووه‌م , 2025
روانگەی سوری: تا ئێستا توركیا زیاتر لە 550 چەكداری لە سوریاوە بۆ شەڕ ناردونەتە چیاكانی هەرێم
  2024-08-15       347       

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، توركیا تاوەكو ئێستا زیاتر 550 چەكداری بەكرێگیراوی لە سوریاوە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كردون بەمەبەستی شەڕكردن دژی پەكەكە لەناو خاكی هەرێم.

ئاوێنە: روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راپۆرتێكدا لە زاری سەرچاوەكانەوە بڵاویكردۆتەوە، ژمارەی ئەو چەكدارە بەكرێگیراوانەی كە توركیا چەكداری كردون و ناردونی بۆ شەڕ لە چیاكانی هەرێمی كوردستان لە دژی پەكەكە، بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە 550 چەكدار.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو چەكدارانە سەر بە گروپە چەكدارەكانی لایەنگری توركیان لە باكوری سوریا لەوانە: گروپی "هەمزە"، "سوڵتان سلێمان شا" و "سوڵتان موراد"و چەند گروپێكی دیكە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەرزبونەوەی ژمارەی ئەو چەكدارانە دوای ئەوە هاتوە، كە توركیا كاروانێكی دیكەی چەكداری ناردون بۆ هەرێمی كوردستان كە پێكهاتوە لە 150 چەكدار.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، توركیا دۆخی سەختی بژێوی خەڵكی ناوچەكانی باكوری سوریا دەقۆزێتەوە بۆ چەكداركردن و بەكرێگرتنی گەنجان و هەڵخەڵەتاندنی گەنجان و ئەو دۆخەش وا دەكات گەنجان لەبەر پارە بەشداری لە جەنگ بكەن لەپێناو ئەجێنداكانی توركیا لەدەرەوەی خاكی سوریا.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی روانگەی سوری، موچەی مانگانەی ئەو چەكدارە بەكرێگیراوانەی نێردراون بۆ كوردستان كە لەلایەن توركیاوە پێیان دەدرێت لەنێوان 2500 دۆلار بۆ 3000 دۆلاری ئەمریكیدایە كە ئەوەش زۆر زیاترە لەو موچەیەی كە دراوە بە چەكدارانی بەكرێگیراو بۆ شەڕكردن لە لیبیا، ئازەربایجان و نەیجەر.

روانگەی سوری ئەوەشی خستۆتەڕو، لە 22ی ئەیلولی ئەمساڵ، ئەو چەكدارە بەكرێگیراوانە دەستیان بە شەڕ لە دژی پەكەكە كردوە لە چیاكانی هەرێمی كوردستان و راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە چەند چەكدارێكیان بە دیلی كەوتونە دەست گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان-پەكەكە.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×