نەشتەرگەرییەکی تری کردنەوەی کاسەی سەر و دەرکردنی گرێی مێشک لە هەڵەبجە ئەنجامدرا.
ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە رایگەیاند: ئەو نەخۆشەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجامدراوە ژنێکی تەمەن 65 ساڵە و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەدەست گەشکەوە دەیناڵاند و گەشکەکەی بە هیچ دەرمانێک کۆنتڕۆڵ نەدەبوو.
نەخۆشەکە بەمدواییانە تووشی بیرچوونەوە و بێهێزی دەست و قاچی لای راستی بووبوو، ئاستەنگی قسەکردن و دەربڕینیشی هەبوو، دوای پشکنین و وێنەی موگناتیسی کە دەرکەوتووە گرێی مێشکی هەیە و گرێکە فشارێکی زۆری خستبووە سەر مێشکی، بڕیاری ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا و نەشتەرگەرییەکەش بە سەرکەوتووی کۆتایی هات.