موعین كازمی: بڕیارەكەی ئەمریكا لەبارەى وەستاندنی حەواڵەكردن بە یوانی چینی دژی عێراقە
  2024-07-16       663       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەكەی بانکى فیدراڵی ئەمریكا لەبارەى وەستاندنی حەواڵەكردن بە یوانی چینی تاک لایەنە بووە و ئەو هەنگاوەش لە دژی ئابووری عێراقە، دەشڵێت، لە ئێستادا عێراق كار بە یوانی چینی ناكات.

موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بارەی بڕیاری ئەمریكا لەبارەى ڕاگرتنی مامەڵەی عێراقی بە یوانی چینی، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

موعین كازمی ڕایگەیاند، بڕیارەكەی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا بۆ وەستاندنی حەواڵەكردن بە یوانی چینی بە ئارەزوومەندانە بووە و  لە دژی ئابووری عێراقە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بانكی ناوەندی بڕیارەكەی بانکى فیدراڵی ئەمریكا لەبارەى وەستاندنی حەواڵەكردن بە یوانی چینی تاک لایەنە بووە و ئەو هەنگاوەش لە دژی ئابووری عێراقە.

دەشڵێت، لە ئێستادا عێراق كار بە یوانی چینی ناكات، بەڵام دوای ماوەیەكی كورت، بانكی ناوەندی عێراق دەست دەكاتەوە بە گواستنەوەی حەواڵە بە یوانی چینی بۆ بازرگانانی عێراق.

جێگاى ئاماژەیە، نزیکەى دوو هەفتەیە بانكی ناوەندی عێراق مامەڵەی بە یوانی چینی ڕاگرتووە، دوای ئەوەی بانکى فیدراڵی ئەمریكا عێراقی تۆمەتبار كرد بە “هەڵئاوسانی حەواڵە”، لە ئێستادا بەهۆی بە سەپاندنی سزا بەسەر بانكە ئەهلییەكانی عێراق و ڕاگرتنی حەواڵەی یوانی چینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×