تەندروستی هەولێر حەوت رێنمایی بۆ خۆپاراستنی هاوڵاتیان لە گەرما بڵاوكردەوەو دەشڵێت، ئەگەر زۆر پێویست نەبێت لە ماڵ مەچنە دەرەوە بەتایبەت لە گەرمترین كاتەكانی رۆژدا.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ناوچەکە روبەڕوی شەپۆلی پلەی گەرمی بەرز بۆتەوە کە ڕەنگە لە پەنجا پلەی سیلیزی زیاتر بێت و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان هەبێت، کە گرنگترینیان ماندوێتی و لە هۆشخۆچون بە گەرمان بەتایبەتی لەنێو منداڵان و بەساڵاچوان و نەخۆشانی ڕەبو و هەناسە.
تەندروستی هەولێر داوای لە هاوڵاتیان كردوە، لەو روەوە پەیڕەوی لەم حەوت رێنماییە بكەن:
• لە ماڵ دەرنەچن و بەتایبەتی بەر تیشکی خۆر یان کەشوهەوای گەرم بەتایبەت لە گەرمترین کاتەکاندا کە لە نێوان کاتژمێر 10ی بەیانی تا 4ی ئێوارە، مەگەر زۆر پێویست بێت.
• ئەگەر پێویست بو لە گەرمترین کاتەکاندا بچیتە دەرەوەی ماڵ یان دامەزراوەکە، پێویستە جلوبەرگی سوک و ڕەنگ سوک لەگەڵ کڵاوێکی لێوارپان لەسەر بکەیت، یان چەتری خۆر لەگەڵ خۆتدا هەڵبگریت و چاویلکەی خۆر لەچاو بکەیت.
• دوربکەوەرەوە لە پیاسەکردن لەبەر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر و پیاسەکردن لە شوێنی سێبەردا.
• لە ژێر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردا مەلە مەکە لە ڕوبار و وەرزش مەکە.
• خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەکان بەڕێژەیەکی زۆر، بەلایەنی کەمەوە 3 لیتر لە ڕۆژێکدا، لە هەمان کاتدا خواردنی سەوزە و میوە بۆ پاراستن و شێدارکردنی لەش.
• ئەگەر توشی نەخۆشییەکی درێژخایەن بویت، پێویستە لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕدا پێداچونەوە بە دەرمانەکانتدا بکەیت.
• لە شوێنی فێنک پشو بدە کاتێک هەست بە نیشانەکانی فشاری گەرمی دەکەیت، وەک سەرسوڕەو سکچون و سەرئێشەی توندو دودڵ مەبە لە داوای ڕاوێژکاریی تەندروستی.