وەزارەتی تەندروستیی عێراق لهڕاگهیهندراوێكدا ئاشكرای دهكات كه یەکەمین هەڵگری گروپی خوێنی (بۆمبای) لەعێراق دەستنیشانکراوە، کە دەبێتە یەکەم حاڵەت لەعێراقو وڵاتانی عەرەب.
ئاوێنه: گروپی خوێنی بۆمبای (پێیشی دەگوترێت HH) دەگمەنترین گروپی خوێنه، بۆ یەکەمجار لەساڵی 1952 لەشاری مۆمبای (ئەوکاتە پێیدەگوترا بۆمبای) دەستنیشانکراوەو زۆرینەی هەڵگرەکانی لەنیمچەدورگەی هیندو ئێرانن. خوێنی هەڵگرەکان دژی هەموو گروپە خوێنەکان (A ،B ،O) کاردانەوەی دەبێتو لەگەڵ هیچ کامیان ناگونجێتو ناکرێت هیچکام لەو خوێنانەیان بۆ بگوێزرێتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لهڕاگهیهندراوێكدا دهڵێت، "گروپی خوێنی بۆمبای فینۆتایپ-مان دەستنیشانکرد، کە دەگمەنترین گرووپی خوێنە لەجیهان و کەسەکە دەبێتە یەکەم کەس لە عێراق و وڵاتانی عەرەب کە هەڵگری ئەم گرووپی خوێنە بێت".
ئاماژه بۆ ئهوهشكراوه، "دۆزینەوەکەمان لە چوارچێوەی توێژینەوەیەکدا کردووەو لەکۆنفرانسی نێودەوڵەتیی خوێنگواستنەوە لە تاران خرایە بەردەم لیژنەی توێژینەوە جیهانییەکان و ئەوانیش بێ چەندوچون جەختیان لە دروستیی دۆزینەوەکەمان کردەوە".
وەزارەتی تەندروستی پیرۆزبایی لەعێراقییەکان دەکات بەبۆنی سەرکەوتنی وەزارەتەکە لە دەستنیشانکردنی ئەم گرووپە ئێجگار دەگمەنەی خوێن لە هاووڵاتییەکی عێراقیدا.
بەپێی توێژینەوەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، پاش ئەوەی کەسێک دوای وەرگرتنی خوێن لە کەسێکی دیکەوە تووشی شیبوونەوەیەکی مەترسیداری خوێن بووە، بەدواداچوونی زانستی کراوە و دەرکەوتووە وەرگرەکە هەڵگری گرووپی خوێنی هەرە دەگمەنی بۆمبای بووە و بە هەڵە وەکو گرووپی خوێنی ئۆ مامەڵەی لەگەڵ کراوە، چونکە ئاسان نییە بە رێگا ئاساییەکان گرووپی خوێنی بۆمبای دەستنیشانبکرێت.