لە هەر 10 خولەكێكدا لە عێراق كەسێك بەهۆی جگەرەكێشانەوە دەمرێت
  2024-05-31       881       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەسەدا 20ی هاوڵاتیانی پێگەشتوی عێراق، جگەرەكێشن و لە هەر 10 خولەكێكدا گیانلەدەستدانی كەسێك بەهۆی جگەرەكێشانەوە لە عێراق تۆماردەكرێت و رۆژانە 6 ملیار دینار لە جگەرەكێشاندا خەرج دەكرێت.

ئاوێنە: وەسیم گەیلان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەرنامەی نەهێشتنی توتن لە وەزارەتی تەندروستی لە لێدوانێكدا وتی، لەسەدا 20ی ئەو عێراقییانەی تەمەنیان لە سەرو 18 ساڵەوەیە، جگەرەكێشن.

وتیشی، لەسەدا 40 بۆ 50ی هاوڵاتیانی عێراق گیرۆدەی جگەرەكێشانی نەرێنین بەهۆی ئەوەی كە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەر دوكەڵی جگەرەكێشان دەكەون.

جەختیشی كردۆتەوە، لە عێراق رۆژانە 6 ملیار دینار لە جگەرەكێشاندا خەرج دەكرێت و ئەوەش دەستنیشان كراوە كە ماددەی ژەهراوی و مادەی هۆشبەر لە جۆرە جیاوازەكانی جگەرەی ئاسایی و جگەرەی ئەلیكترۆنیدا هەن.

جەختیشی كردۆتەوە كە جگەرە ئەلیكترۆنییەكان 127 ماددەی ژەهراوییان تێدایە لەنێویاندا ماددەی قوڕقوشم.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكراشیكردوە، لە هەر 10 خولەكێكدا، حاڵەتێكی مردن بەهۆی جگەرەكێشانەوە لە عێراق تۆماردەكرێت. 

ئەوەشی وتوە، لە قوتابخانەكاندا جگەرەی ئەلیكترۆنی كە لەسەر شێوەی "قەڵەم دادان" دروستكراوە بەكاردەهێنرێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، پڕۆژە یاسایەكی نوێ بۆ روبەڕوبونەوەی توتن و جگەرەكێشان لە پەرلەمانە بۆ بەرگرتن لە زیانەكانی توتن و میكانیزمەكانی نێو پڕۆژە یاساكە رونن بۆ جێبەجێكردن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×