ئا: وریا حسێن
"عێراق فۆکەسى خستووەتە سەر هێزەکانى (ڕۆژ)ى ڕژئاواى کوردستانو (پاک)ى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، دەیەوێت ئەو گاپە بەفەرمى ئاشکرا بکات، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت "ناکرێت پێشمەرگەو ئاسایشى ڕاستەقینە باجى هێزى بیانى بدات".
ڕۆژى ٨ى نیسانى ٢٠٢٤ هێزە ئەمنیەکانى هەرێمى کوردستان مووچەى مانگى ئازاریان وەرگرتوەو ماوەى ٥٠ ڕۆژ زیاترە ئەو هێزانە مووچەى مانگى نیسانیان وەرنەگرتووە، ئەمە درێژترین ماوەیە لەپێنەدانى مووچە ڕووبەڕوى هێزە ئەمنیەکان دەبێتەوە.
هەرێمى کوردستان ژمارەو بڕى پارەى هێزە ئەمنیەکانى ڕادەستى بەغداد کردووەو وەزارەتى دارایى عێراقیش دەڵێت: من وردبینى چى بکەم؟ لەکاتێکدا هیچم لەبەردەست نەبێت. حکومەتى هەرێمیش دەڵێت: بۆ بارى ئەمنى هێزەکانم مەترسیە من لیستى ناو پێشکەش بکەم، لەم ململانێیەدا نەبەغداد پارە دەنێرێت، نەهەرێمیش لیست دەنێرێت.
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابورى پەرلەمانى عێراق لەبەغدا بەردەوام چاوى لەسەر پرسى مووچەى هێزە ئەمنیەکانە گفتوگۆیەکى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە ئەنجامدا، ئەو زانیارى ئەوەى باسکرد هەموو ئەو هێزانەى تا ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە لیستى ناویان ئاڕاستەى بەغداد نەکراوەو وەزارەتى دارایى ئینکارى ئەوە دەکات لیست بنێرێت، بۆیە وەزارەتى دارایى عێراق بەڕوونى وتوویەتى "هەرێم بەئێمەى ووتووە، ئەوەندە کەسمان هەیە لەگەڵ ئەوەندە پارە، من چۆن پارە ئاوا دەنێرێم؟! نابێت بزانم ئایا ڕاستە یان ڕاست نیە؟ ڕاستە ئەنجومەنى ئاسایش تایبەتمەندى خۆى هەیە، بەڵام بەشە زۆرەکەى پێشمەرگە و زێرەڤانین بۆچى لیست نانێرن؟".
سۆران عومەر وتى "تا ئەم ساتە هەرێم هیچ لیستێکى نەناردووە تەنها ژمارەى هێزەکەو بڕى پارەکەى ناردووە".
ئەندامەکەى لیژنەى ئابورى پەرلەمانى عێراق بڕواى وایە ڕێگاى چارەسەرى مووچەى هێزە ئەمنیەکان تەنها بەنیستمانى کردنى مووچەو ڕادەستکردنى داهاتى ناوخۆ دەبێت، ئەو وتى "ئەگەر پڕۆسەى تەوتین بەم جۆرەى ئێستا بێت واتاى ئەوەیە دەستى پێنەکردووە".
دەنگۆ هەیە تا کۆتایى مانگى ئایار مووچەى هێزە ئەمنیەکان لەبەغداوە بێت، بەڵام تا ئێستا هەواڵەکە ئەوەیە بەغداد واژووى لەسەر ناردنى پارەکە نەکردووە، هەر لەوبارەیەوە لیوا ئەحمەد لەتیف بەرپرسى ڕاگەیاندنى هێزەکانى ٧٠ى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بەئاوێنەى وت "تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان لەبارەى کاتى دابەشکردنى مووچەوە پێنەدراوە".
لەلیستى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، پاکێجى هێزە ئەمنیەکان پێکهاتوون لەهێزەکانى (٧٠و ٨٠)ى پێشمەرگەو دیوانى وەزارەتى پێشمەرگەو لیواکان، ئەنجومەنى ئاسایش، دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان، هێزەکانى زێرەڤانىو بەرگرى فریاکەوتن.
تا ئەم ساتە وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان ژمارەیەکى دروستى سەبارەت بەژمارەى هێزەکان نیە، بەڵام ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگە ژمارەیەکى نوێ بۆ ئاوێنە ئاشکرا دەکات.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگە یەکێک لەبەئەزموونترین کەسەکانى ناو وەزارەتى پێشمەرگە باسى ئەوەدەکات عێراق جەخت لەسەر ناردنى لیستى ناوى هێزەکانى پێشمەرگە دەکاتەوە چونکە لەوانەیە زانیارى ئەوەیان پێ گەشتبێت کەسانى بیانى لەناو لیستى وەزارەتى پێشمەرگە هەبن، هاوکات گرفت لەسەر داهاتى ناوخۆى هەرێمیش هەیە، بەئاوێنەى وت "زیاتر کێشەکە پەیوەستە بەنەبوونى متمانە لەنێوان هەرێمو بەغدا، هەردوو وەزارەتى دارایى عێراق گومانى لەلیستەکە هەیە".
جەبار یاوەر، کە سندوقى ڕەشى وەزارەتى پێشمەرگەیە، دڵنیایى دەدات ژمارەى هێزەکانى پێشمەرگە دیارەو پێشتریش مانگانە بەلیست ئاڕاستەى وەزارەتى داراییمان کردووە، ئەو وتى "سێ لیستمان ناردووە لیستى وەزارەتى پێشمەرگەو هێزەکانى ٨٠و ٧٠، بەهەرسێکى ٦٧٠ هەزار کەس دەبوو".
بەناوى دژە تیرۆرو کۆماندۆو زێرەڤانى دەیان جۆر هێز لەهەرێمى کوردستان دروستکراون
بەگوێرەى زانیارییەکانى ئاوێنە بەغداد فۆکەسى خستووەتە سەر چەند هێزێکى بیانى کە لەمدواییە وەکو بەشێک لەوەزارەتى پێشمەرگە دروستکران، لەوانەش (هێزەکانى ڕۆژ)ى ڕۆژئاواى کوردستان لەسوریا (هێزى پاک)ى حسێن یەزدان پەناى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەئێران، بەهەردووکیان خۆیان لە ٣٠ هەزار پێشمەرگە دەدەن، ئەمە جگە لەوەى لەم دوایەدا چەندین لیواى نوێى پێشمەرگە، لەسنورى (بارزان، کەرکوک، هەولێر) بۆ کەسایەتیە عەشائیرییەکان دروستکران وەکو تەسفیەیى حیزبى، ئەوەش هەڵئاوسانێکى ناڕوونى لەژمارەى هێزەکانى پێشمەرگە بەتایبەت زێرەڤانى دروستکرد.
ئەبوبەکر هەڵەدنى، دوو خولى پەرلەمانى ئەندامى لیژنەى پێشمەرگە بووە لەپەرلەمان سەرجەم ئەو گرفتانەى ئێستا هاوپەیمانانو عێراق ڕووبەڕوى وەزارەتى پێشمەرگەى دەکاتەوە ئەو پێشتر ئاماژەى پێکردوون، بڕواى وایە ئەگەر هێزى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان بەراورد بکەین بەسوپاى چین ئێمە بەراورد بەژمارەى دانیشتوان سوپامان لەوڵاتێکى وەکو چین زیاترە کە ٤٠٠ هەزار پێشمەرگەمان هەیە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەناوى دژە تیرۆرو کۆماندۆو زێرەڤانى دەیان جۆر هێز لەهەرێمى کوردستان دروستکراون، گرنگە لەناو هێزى بەڕێوەبەرایەتى پاسەوانى ئەوانەى بەفعلى دۆسیەکانیان تەواوە باجى ئەوانە دەدەن کە بندیوارنو هەشیانە لەدەرەوەى وڵاتەو دەوام ناکات، بۆیە بەگشتى هەرێمو بەغدا هەردووکیان لەم پرسەدا تاوانبارن".
ئەبوبەکر هەڵەدنى لەبارەى هێزەکانى ڕۆژو پاک-ەوە پرسیارى ئاڕاستەى وەزارەتى پێشمەرگە کردووە دەربارەى ئەوەى چەندو بۆچى مووچە لەهەرێمى کوردستان وەردەگرن، وەزارەتى پێشمەرگە زانیارى لەسەر ئەو هێزانە لەلا نیە ئەوەش بۆ ئاوێنە دەدرکێنیت کە کێشەى ناو وەزارەتى پێشمەرگە پەیوەستە بەم هێزانەوە، ئەو وتى "چارەسەرى بنەڕەتى ئەوەیە وەزارەتى پێشمەرگەو هێزەکانى زێرەڤانىو بەرگرىو فریاکەوتنو دەستەى پاسەوانى گرنگە لەناوى وەهمىو بیانى پاک بکرێنەوە، ناکرێت چیدیکە پێشمەرگەیەکو ئاسایشێک باجى ئەم کەسانە بدات، ئەوەشى عێراق ناوى هێزە ئەمنیەکانى دەوێت نایاساییە".
جیاوازى نێوان دواکەوتنى مووچەى هێزە ئەمنیەکانو فەرمانبەرى مەدەنى یەک شتە، ئەویش ئەوەیە هەر خاوبوونەوەیەک لەئەرکى هێزە ئەمنیەکان هەرێمى کوردستان بەرەو نائارامى ئەمنى دەبات، ئەوەش ئەو ترسەیە ڕەنگە لەداهاتوودا ڕووبەڕوى هەرێم ببێتەوە.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.