رۆژنامەیەكی عەرەبی: لێكتێگەیشتنی سەرەتایی هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
  2024-04-25       670       

رۆژنامەی ئەلعەرەبی ئەلجدید لە زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراقەوە بڵاویكردۆتەوە كە لێكتێگەیشتنی سەرەتایی هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم لە كۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا لە بەغدا بەشداری دەكات و كۆبونەوەكە ئەو پرسە یەكلایی دەكاتەوە.

ئاوێنە: سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە رۆژنامەكەی وتوە، لێكتێگەیشتنی سەرەتایی كراوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لە كۆبونەوەی داهاتوی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا لە بەغدا بەبەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەبارەی ئەو پرسەوە بڕیاری یەكلاكەرەوەو كۆتایی دەدرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ چوارشەممە، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەمو لایەنە سیاسییەکان. دەبێت زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت."

ئەو وتیشی، بەمنزیکانە نێچیرڤان بارزانی خۆی سەردانی بەغدا دەکات. لەگەڵ هاوپەیمانیی دەوڵەت کۆدەبێتەوە. کار لەسەر بە "جوانی هێشتنەوەی تابلۆی کوردستان" دەکات، "ناکۆکییە ساسییەکانی هەرێمی کوردستان، زیانی بە هەمو کوردستان و پێکهاتەنیش گەیاند."

هەر دوێنێ مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، حزبەكەیان بەردەوامە لە هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە بڕیاریداوە بەشداری هەڵبژاردنەكە نەكات، بەردەوام لەزاری سەركردەكانییەوە دوپاتیدەكاتەوە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەبێ پارتی ئەنجام نادرێت.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتەكانی دیكە كە كاندیدیان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردوە، تاوەكو ئێستا بەڕەسمی جەخت لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكە دەكەنەوە لەو وادەیەی كە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە دیاریكراوە كە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×