وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، 31 جۆری خواردنەوەی وزەبەخش لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان هەن كە رێگەپێدانیان نییەو بە "قاچاخ و نەشیاو بۆ بەكارهێنان" ئەژمار دەكرێن بۆیە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و لەناودەبرێن.
ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، "لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان 31 جۆر خواردنەوەی وزەبەخش هەن كە بەبێ بونی نوسراوی ڕێگە پێدانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بازاڕن و ئەمەش بە قاچاغ و نەشیاو بۆ بەکارهێنان ئەژماردەکرێ و كۆدەكرێنەوە و لەناودەبردرێن."
بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، کە بۆ دروستکردن یاخود هاوردەکردنی خواردنەوە وەزەبەخشەکان، پێویستە کارگەکان و کۆمپانیاکان لە ڕێگای وەزارەتی تەندروستی ڕێگەپێدان وەربگرن، بەڵام لە دوای بە دواداچونی تیمە چاودێرییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەركەوت زیاتر لە 31 جۆر خواردنەوەی وزەبەخش هەن و هیچ ڕێگاپێدانێکیان نییە.
وتوشیەتی، بەوەش بە قاچاغ و نەشیاو بۆ بە کارهێنان ئەژماردەکرێن، بۆیە وەزارەتی تەندروستی هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردۆتەوە کە دەبێ لە بازاڕەکان دەست بەسەر هەر هەمویاندا دابگرن و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.