ئا: دیدار نیروەیی
بەگوێرەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، رێژەی بێ‌کاری لەدهۆک 15٪یەو پلاندانانی عێراقیش دهۆکی بەهەژارترین پارێزگای هەرێمی کوردستان پۆلێنکردووە، رێژەی زۆری بێکاریی لەنێو دەرچووانی زانکۆ‌و پەیمانگەکاندایە، گەنجێک دەڵێت "هەموو بەرەبەیانێک دەچم بۆ گۆڕەپانی کرێکاران، بەڵام هەفتەی رۆژێک کرێکاریم دەستدەکەوێت".
پەیمان، دایکی دوو منداڵەو لەگەڵ هاوسەرەکەی هەردووکیان دەرچووی زانکۆی دهۆکن، پەیمانی لەساڵی ٢٠١٣ەوە خوێندنی تەواو کردووەو هێشتا کارێکی دەستنەکەوتوەو بێکارە، هاوسەرەکەشی رۆژێک کاری هەیەو وەک خۆی دەڵێت "دوورۆژە بێکارە"، بۆیە تا ئێستا نەیانتوانیوە ماڵێکی سەربەخۆ هەبێت‌و لەگەڵ ماڵە باوانی هاوسەرەکەی دەژین.
پەیمان وتی "زۆر هەوڵمداوە، کارم دەستنەکەوتووە، كاتێك بڕوانامەم وه‌رگرت، دڵم خۆش بوو، چاوەڕوان بووم ببمە خاوه‌ن کار‌و موچه‌یه‌ك، به‌ڵام ئەم ئاواتەم هەر نەهاتە دی، لەدهۆک بەشێک لەدەرچووانی زانکۆ‌و پەیمانگەکان نەیانتوانیوە هەلی کار بەدەستبێنن‌و لەدۆخێکی خراپ‌دا دەژین".
وتیشی "لەساڵی ٢٠١٣ەوە کە خوێندنی زانکۆم تەواو کرد تا ئێستا، ته‌نها دوو مانگ توانیم وه‌كو وانه‌بێژ وانە بڵێمەوە به پاره‌یه‌كی زۆر كه‌م، دواتریش به‌هوی گه‌وره بوونی ته‌مه‌نمه‌وه چومە ژیانی هاوسه‌رگیری‌و ئێستا خاوه‌نی دوو منداڵی بچوكم‌و ئیش‌کردن بۆ من قورس بووە، بەداخەوە کە نەمتوانی دابمەزرێم یان ببمە خاوەنی ئیش‌و کار‌و ئابوری سەربەخۆی خۆم".
ناو بازاڕی دهۆک
بەثێی رووپێوی پلاندانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دهۆک بەدەر لەئاوارەکان، لەساڵی رابردوودا نزیکەی ملیۆنێک‌و 500 هەزار کەسە، واتە لەژمارەی دانیشتوانی هەولیرو سلێمانی کەمترە، بەڵام رێژەی بێ‌کاری لەدهۆک لەهەریەکە لەهەولێرو سلێمانی زیاترە. رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، رێژەی بێ‌کاری لەپارێزگای دهۆک ٢٤.١%ە، لەپارێزگای هەولێر ١٧.٧%ە، لەپارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەش ١١.٩%ە، بەمەش شاری دهۆک زۆرترین رێژەی بێ‌کاری تێدایە لەسەر ئاستی هەرێم.
رێژەی بێ‌کاری لەکوردستان بەگشتی‌و لەپارێزگای دهۆک بەتایبەتی ساڵ بەساڵ لەزیادبووندایە، لەهەندێ لەناوچەکانی شاری دهۆک ڕێژەی بێ‌کاری زیاترە، قه‌زای شێخان ده‌كه‌وێته به‌شی ڕوَژهه‌ڵاتی شاری دهوَك‌و تەنیا ٤٩ کیلۆمەتر لەسەنتەری شارەوە دوورە، بێ‌کاری تەنگی بەزۆربەی گەنجەکانی هەڵچنیوە.
بەسام، گەنجێکی دانیشتووی قەزای شێخانەو لەتاو بێ‌کاری ناچاره رۆژانه رووبکاتە گۆرەپانی كرێكاران بۆ ئەوەی ئیشێكی دەستبکەوێت، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت زۆربەی رۆژ به‌ده‌ستبه‌تاڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵ، ئەو وتی "خەمی گەورەی من بێکارییە، بەردەوام بەدوای کاردا دەگەڕێم، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم بژێوی ژیانی منداله‌كانم په‌یدا بكه‌م".
وتیشی "من دانیشتوی قه‌زای شێخانم، سه‌ره‌ڕای ئەوەی شێخان چه‌ندین بیره نه‌وتی لێیه، به‌ڵام گه‌نجه‌كانی ئیشیان دەستناکەوێت، من به‌رده‌وام رۆژانه له‌به‌یانیه‌كی زوودا له‌گه‌ڵ خه‌لكێكی خێرخواز دێم بۆ مه‌یدانی كرێكاران تا بتوانم ئیشێك بدۆزمه‌وه، بەڵام له‌وێش ئیش كه‌م بووه، هه‌ندێكجار له‌حه‌فته‌یه‌كدا ته‌نها یه‌ك رۆژ کرێکاریم دەستدەکەوێ ئه‌ویش به‌پاره‌یه‌كی كه‌م، له‌به‌رئەوە زۆر بێزارم له‌م ژیانه، به‌ڕاستی ژیان زۆر سه‌خت‌و ناخۆش بووه، ئەمە کەی ژیانە رۆژانە ئەم هەموو گەنجە لەشێخان‌و ئاکرێوە دێینە دهۆک لەتاو بێ‌کاری".
دەرچووانی زانکۆی دهۆک
ساڵانە، نزیکەی پێنج هەزار خوێندکار لەزانکۆی دهۆک دەردەچن، ئەمە لەکاتێکدایە چەندین ساڵە دامەزراندن لەلایەن حکومەتەوە راگیراوە، ئەمەش وایکردووە دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ زیاتر کەمبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە کەرتی تایبەتی راستەقینەش لەکوردستان وەک پێویست گەشەی نەکردووەو لەدهۆکیش وەک بەشێک لەبەڵێندەران دەڵێن "ئابوری‌و هەلی وەبەرهێنان‌و کار بۆ چەند کۆمپانیایەکی حیزبی قۆرغ کراوە".
هەرجەندە دهۆک وەکو پایتەختی بازرگانی‌و گرنگترین دەروازەی وشکانی کوردستان‌و عێراق لەگەڵ تورکیا‌و ئەوروپا دەبینرێت‌و رێژەیەکی زۆری داهاتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت‌و زیاتر لە 14 کێڵگەی نەوتی لێیەو جوانترین‌و زۆرترین ناوچەی گەشتیاری‌و دەشتی بەپیتی کشتوکاڵی‌و روبارو تاڤگەی تیا هەڵکەوتووە، بەڵام وەک هەژارترین‌و بێکارترین پارێزگای کوردستان ئاماژەی پێدەکرێت.
بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێ‌کاری، له‌شاری دهۆك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ك دامەزراوە كه رۆژانه ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی تیا ده‌نوسرێت سه‌ردانی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی كاریان بۆ بڕه‌خسێنرێت.
عەبدولکەریم شێخ حماد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کار لەدهۆک به"ئاوێنه"ی وت "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌مان تایبەتە بەدۆزینەوەی هه‌لی كار بۆ گه‌نجه‌كان له‌رێگه‌ی سه‌ر‌دانکردنی لیژنه‌كانی ئێمه بۆ کۆمپانیاو شوێنی كارەکان".
وتیشی "ئێمه هه‌لی كار بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز په‌یدا ده‌كه‌ین، ئه‌وله‌وییه‌تیش بۆ ناو تۆمار کردنەکەیە، كێ زووتر پێشکەشی ده‌كات به‌پێی چه‌ند مه‌رجێكه، کە سەرەکیترینیان بریتیە لەوەی ئەو کەسەی کارەکەی بۆ دەدۆزدرێتەوە هیچ موچه‌یه‌ك‌و کارێکی تری نه‌بێت‌و له‌ته‌مه‌نێكی گونجاو‌دا بێت بۆ کارکردن".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کار لەدهۆک ئاماژە بەوە دەکات هەموو کەسێک کە توانای کارکردنی هەبێت دەتوانێت ناوی خۆی تۆمار بکات‌و ئەوانیش هه‌وڵ ده‌دەن هه‌لی كاریان بۆ بدۆزنەوە، ئەو وتی "لای ئێمه مه‌رج نیه ئەو کەسە باوه‌ڕنامه‌ی هه‌بێت، چونكه ئێمه هه‌لی كار بۆ هه‌موو كه‌سێك كه پێویستی به‌كار بێت ده‌گه‌ڕێین‌و دەدۆزینەوە، لەڕاستیدا ئەوانەی بەئاسانی نەتوانین دەرفەتی کاریان بۆ بدۆزینەوە، دەرچووی زانکۆ و پەیمانگە بن".
ئەوەش روون دەکاتەوە کە ناو تۆمار کردنی کەسی بێکار له‌ڕێگه‌ی فۆرمێكه‌وه‌یه‌و فۆرمێكی دیکەش هه‌یه دەدرێت بەخاوه‌نكارەکان بۆ ئەوەی دیاریبکەن چ جۆره كرێكارێکیان ده‌وێت، به‌رێوه‌به‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كار وتی "له‌م چوار مانگه‌ی ئه‌مسالی ٢٠٢٤دا نزیكه‌ی ٢١٢ هاولاتی ناوی خۆیان لای ئێمه تۆمار كردوه، ئێمه‌ش هه‌لی كارمان بۆ نزیكه‌ی ١٠٠ له‌و كه‌سانه دۆزیوەتەوە، ئه‌ویش كاری جۆراوجۆره، بەڵام دە‌توانین بلێین هه‌لی كار زیاتر له‌سه‌ر خزمه‌تگوزارییه، هەموو هەوڵەکانیشمان تەنها بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ كرێكارانی خۆماڵییە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.