بانکى ناوەندى عێراق مامەڵەکردن بە دۆلارى لە هەشت بانکى عێراقیی و کوردستانیی قەدەغەکرد
  2024-02-05       1551       

بانکى ناوەندى عێراق مامەڵەکردن بە دۆلارى لە هەشت بانکى عێراقیی و کوردستانیی قەدەغەکرد، هۆکارەکەشى دەگەڕێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی نایاسایی دۆلار.

بەپێى زانیارییەکانى ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز، ئەم هەنگاوەى بانکى ناوەندى دواى چەند ڕۆژێک لە سەردانى بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى گەنجینەى ئەمەریکا دێت، هەر دواى ئەو سەردانە حکومەت ڕێگرییکرد بانکەکان لە زیادکردنى رۆژانەى دۆلار سودمەندبن.

بەپێى ئەو لیستەى بانکى ناوەندى بڵاویکردوەتەوە، هەشت بانکی عێراقی لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەشبوون، ئەوانیش بانکى ئاشور بۆ وەبەرهێنان،  بانکى وەبەرهێنانى عێراقى، بانکى یەکێتى عێراقى، بانکى ئیسلامى نێودەوڵەتى کوردستان، بانکى ئەلهودا، بانکى ئیسلامى باشور، بانکى ئیسلامى عەرەبى و بانکى بازرگانى حامورابى-ن.

بانکى ناوەندى لەگەڵ بڵاوکردنەوەى ئەو لیستەدا ئاشکرایکردوە کە ئەو بانکانە بۆیان نییە مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن و تەنها دەتوانن دراوەکانى دیکە مامەڵە پێوە بکەن.

لەوبارەیەوە وتەبێژى وەزارەتى خەزێنەى ئەمەریکى پاڵپشتیکردنی ئەو هەنگاوەی بانکی ناوەندی عێراقیی کردووە، بۆ پارێزگاریکردن لە سیستمی دارایی عێراق.

هاوکات لە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٣ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لیستی چواردە بانکی عێراقی بڵاوکردەوە کە مامەڵەکردن بە دۆلاریان لێ قەدەغەکرابوو، بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی سپیکردنەوەی پارە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×