ئا: ئاوێنە
رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە جیهاندا لەبارەی عێراقەوە دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی لەدوای ساڵی 2003ەوە، ئێستا عێراق بە سەقامگیرترین ماوەی خۆیدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا وڵاتەكە بەلاوازی و دابەشكارییەكی قوڵدا تێدەپەڕێت بەهۆی مانەوەی ناڕەزایەتییەكان لە بارەی بونی گەندەڵییەكی بەربڵاو، بێكاری، خراپی خزمەتگوزارییەكان و هەروەها نەبونی سزا بەرامبەر سەركوتكردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەكان و دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان لەسەر روماڵكردنی ناڕەزایەتییەكان.
راپۆرتەكەی هیومان رایتس ۆوچ كە پێداچونەوەیە بۆ دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان، بەشێكی تەرخانكراوە بۆ رەوشی مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین لە عێراق.
سارە سەنبەر، لێکۆڵەری عێراق لە هیومان ڕایتس وۆچ وتویەتی"پێویستە عێراق سود لەم قۆناغە ئارامە وەربگرێت بۆ كاراكردنی ئەو چاكسازییانەی كە پاڵپشتی دەكەن لە ئازادی ڕادەربڕین، دابینکردنی بژێوییەكی شایستە بۆ عێراقییەکان و گەرەنتیكردنی لێپرسینەوە لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافەکان لەپیناو ڕەخساندنی زەمینە بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی زیاتر لە وڵاتدا. ئەگەر عێراق پێشێلکارییە بەردەوامەکان چارەسەر نەكات، ئەوا مەترسی ئەوەی هەیە گەڕێكی دیكەی توندوتیژی بەخۆیەوە ببینێت."
هێشتا لەسەدا 60ی شەنگالییەكان ئاوارەن
لە راپۆرتەكەیدا هیومان رایتس ۆوچ ئاماژەی بەوەداوە، لەگەڵ ئەوەی دۆخی ئەمنیی عێراق تاڕادەیەكی زۆر سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام هێشتا نزیکەی 1.16 ملیۆن عێراقی، لەوانە 60%ی دانیشتوانی شەنگال، هێشتا ئاوارەی ناوخۆیین و زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین.
وتوشیەتی، لە نیسانی 2023، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە شێوەیەکی خێرا و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت كەمپی جەدە5ی داخست كە دوایین كەمپی رەسمی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقی بو، ئەوەش سەرەڕای نیگەرانییەکان لەبارەی سەلامەتی دانیشتوانی کەمپەکە لەكاتی ناچارکردنیان بە گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.
رێكخراوەكە تیشكی خستۆتە سەر ئەو عێراقییانەی كە لەسوریاوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق كە ژمارەیان نزیكەی 10 هەزار كەس بوە كە بە گومانی ئەندامبون لە داعش لەگەڵ خێزانەكانیان لە سوریا دەستبەسەربون، لەوبارەیەوە گومانی خستۆتە سەر ئەوەی كە "ئاخۆ پڕۆسەی گەڕانەوەی ئەو كەسانە لەگەڵ بنەماکانی نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی سەلامەت و سەرپشكانە، دەگونجێت."
زیادبونی بەشودانی كچانی منداڵ و خەباتی ژنان دژبە جیاكاری
رێكخراوەكە وتویەتی، ژنان و کچان لەعێراق بەردەوامن لە خەباتکردن لە دژی ئەو جیاكارییەی کە لە سیستەمە یاساییەكەدا هەیە. یاسای سزادانی عێراقی رێگەی دەربازبون لە لێپێچینەوە لە هەندێک حاڵەتی توندوتیژی پیاوان دژی ژنان دەدات، لەوانە ئەو بڕگانەی کە ڕێگە بە مێرد دەدات كە سزای جەستەیی هاوسەرەکەی بدات، هەروەها سزادانی سوك بۆ كردەوەكانی توندوتیژی؛ لەوانە کوشتن بەهۆی پاڵنەرەکانی بەناو شەرەفەوە. رێكخراوەكانی مافی ژنان بەردەوام بون لە داواكارییان بۆ یاسایەكی دژ بە توندوتیژی خێزانی، بەڵام هەوڵە پەرلەمانییەكان لە کۆتایی ساڵی 2023ەوە وەستاون.
ئەوەشی خستۆتەڕو، یاسای سزادان ڕێگە بە سزای جەستەیی منداڵان دەدات. لە مانگی حوزەیرانی 2023، لە پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسایەك بۆ پاراستنی منداڵان پێشكەشكرا، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان. لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردودا ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان بەردەوام زیادی کردوە. بەرزبونەوەی رێژەی هاوسەرگیریی منداڵانی كچ پەیوەندی بە هەژاری، نەبونی ئاسایش و دابەزینی رێژەی خوێندنی کچانەوە هەبوە.
عێراق؛ پێنجەم لاوازترین وڵاتی بەردەم مەترسیی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا
بەپێی راپۆرتەكە، نەتەوە یەکگرتوەکان عێراقی بە پێنجەم لاوازترین وڵاتی بەردەم مەترسی گەرمبونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا ریزبەندکردوەو قەیرانی ژینگەیی عێراق لە ڕوی قەبارەو توندییەوە بە بەردەوامی ڕوی لە خراپتر کردوە.
هیومان ریتس ۆوچ وتویەتی، لاوازیی یاساكانی پاراستنی ژینگەو ئەو پڕۆسە پیشەسازییانەی كە دەبنە مایەی پیسبونی ژینگە، لەوانە سوتانی غازی هاوەڵی دەرهێنانی نەوت، هۆكاربون بۆ بەرزبونەوەی ڕێژەی شێرپەنجە.
هەروەها ئاماژەی بە گەشەكردنی بزاوتێكی ژینگەیی داوە كە هەوڵی خستۆتەڕوی ئەو نالەبارییە ژینگەییانە دەدات کە بەهۆی ململانێ و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانەوە دروست بون كە ئامانجی بزاوتەكە هۆشدارییە لەبارەی مەترسییەكانی گۆڕانی کەشوهەواوە لە عێراق. بەڵام وەك رێكخراوەكە وتویەتی، چالاكوانانی ئەو بزاوتە ژینگەییەش، هاوشێوەی چالاکوانانی بواری کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕوبەڕوی هەراسانکردن، ترس و تۆقاندن و هەڕەشە بونەتەوە.
ئازادیی رادەربڕین لەژێر هەشەڕەدا
بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، ئازادی رادەربڕین لە ساڵی 2023دا لەژێر هەڕەشەی زیاتردا بوە، چەندین یاسا كە داڕشتنێكی ناڕونیان هەیە، بەکارهێنراون بۆ بە ئامانجگرتن و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنوسان، چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی ڕکابەر. لە کانونی دوەمی 2023دا، حکومەت هەڵمەتێکی بۆ بەئامانجگرتنی ''ناوەڕۆک و بابەتی ناپەسەند'' لە ئینتەرنێت، دەستپێکردوە.
سەنبەر وتویەتی ''لەم ساڵانەی دواییدا، عێراق ڕێگایەکی دوری بڕیوە. پارێزگاریكردن لەو سەقامگیرییەی كە عێراق هەوڵی زۆری داوە بۆ بەدیهێنانی، بەبێ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دڵنیابون لەوەی کە هیچ کەسێک لە سەروی یاساوە نییە کاتێک مافەکان پێشێل دەکات، نایەتەدی."