ئەوەی ئەمڕۆ و بەم وەرزی زستانە، لە بناری گۆیژەی شاری سلێمانی لەناو چادرێکدا ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر ئەنجامیانداوە ، لەژێر ناوی مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە، درێژە پێدەری ئەو خەباتە مەدەنیەیە کە لەسەرەتای نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو ژمارەیەک لە ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی ئەنجامیاندا.
ئەم خەباتە لە نەوەتەکانەوە بۆ ئەمڕۆ پێمان ئەڵێ گەرچی دەسەڵات ھەزاروو یەک ڕووی گۆڕیوە ، بەڵام شێوازی حوکمڕانی ھەمان سیستمە لە جەوھەری مەمەڵەکردنیا لەگەڵ خواست و داواکاری ھانیشتمانیان.
گەڕانەوە بۆ خەباتی مانگرتن چەندێک ئامرازی ئاشتیانە نیشان ئەدا ، لە فشار دروستکردن لەسەر حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی لەم ھەرێمە، ھێندەش ئاماژەو بەڵگەی حاشا ھەڵنەگرە لەسەر ئیفلیجی پرۆسەی دیموکراسی بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵات.
مانگرتن بەدەر لە خەباتە مەدەنیەکەی لەبەرامبەر نادادی کۆمەڵایەتی، ھەڵگری مانایەکی قوڵی ئینسانیە، بەوەی کەسی مانگر ئامادەیە تەندروستی و لەسەرو ئەمەشەوە ژیانی خۆی بخاتە مەترسیەوە لەپێناو چاکەی گشتی.
گەرچی مێژووی ئەم خەباتە مەدەنیە بەپێی سەرچاوە زانستیەکان زۆر کۆنەو ئەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین، بەڵام توولەکێشانی نادادی و چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی لەلایەن سیستمە سیاسیەکانەوە لەلایەک ، و بەرخودانی تاک و کۆمەڵگە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ستەمە لەلایەکی تر ، وایکردووە ئەم خەباتە مەدەنیە تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ درێژەی ھەبێ.
خەباتی مانگرتن ئەتوانین وەک پێوانە و ستانداردی ھەڵسەنگاندن بۆ ئاستی دووروو نزیکی سیستمە سیاسیەکان لە بەھا مرۆیی و دیموکراسیەکان دەستی پێوەبگرین، بەوەی ئەوە سیستمە بێ باک و گوێنەگرەکانن، کۆمەڵگە و تاک ناچار بە مانگرتن و خستنە مەترسی ژیانیان ئەکەن لەپای بێ باکی و بەدەمەوەنەچوونی داواکاری و ملنەدان بۆ فشارە مەدەنیەکانی تر وەک ؛ خۆپیشاندان و بایکۆت و چالاکی دیکەی مەدەنی بەنموونە گروپەکانی فشار لە سۆشیال میدیا لەسەردەمی ئەمڕۆدا.
لەسەر ئەم بنەمایە ، تێبینی ئەکرێ زۆرترین چالاکی مانگرتن لەخواردن و خواردنەوە لە وڵاتە دیکتاتۆرو تازە گەشەکردووەکاندا (ئەو دەوڵەتانەی لەسەر ڕێی دیموکراسی ھەنگاوی خاو ھەڵدەگرن) ئەنجام ئەدرێ،
ئەو دەوڵەتانەی لە جیاتی تاک ، حزب یاخود سەرۆک سەنتەری گرنگی پێدانیانە.
شێوازی حوکمڕانی لەناو ھەر سیستمێکی سیاسیدا جۆرەکانی خەباتی مەدەنی لەلایەن کۆمەڵگەوە دیاری ئەکا و پێچەوانەکەی ڕاست نیە.
لەم ڕوانگەیەوە بەرپرسیارێتی ئەو دەرئەنجامانەی لەم خەباتە مەدەنیانە ئەکەونەوە لە زەرەو زیانی ماددی و گیانی، لە ئەستۆی دەسەڵاتە نەک ھاونیشتمانیان.
دەسەڵاتی سیاسی گەر بە ڕێگاکانی دیکەی خەباتی مەدەنی ناچار بە وەڵامدانەوە نەبوو بۆ داخوازیەکانی خەڵک، ئیدی خەباتی مانگرتن وەک دوا خەباتی مەدەنی ناتوندوتیژی خۆی فەرزەکا.