ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی و لە هەولێر
ئاری هەرسین
2020-03-06   1801
میللەتێک ئەبێت خاوەنی یەک نیشتیمان، یەک زمان، یەک مێژوو و یەک چارەنوسی هاوبەش بێت. شەق کردن و پارچە پارچە کردنی میللەت بە بێ سێو دوو گەورەترین خیانەتە.
پاش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆر لە وڵاتانی جیهان، ڤایرۆسەکە هاتە وڵاتی کوردستانیشەوە. ئەم ڤایرۆسە نە نەتەوە ئەناسێت نە پێستی ڕەنگی سپی و زەرد و ڕەش. نە وڵاتی دەوڵەمەند ئەناسێت و نە هەژار. خۆشبەختانە ئەم ڤایرۆسە (هەر وەک مردن) نە فەقیر ئەناسێ و نە دەوڵەمەند. کەچی هەندێک کەس لە هەرێمە بچکۆلانەکەی ئێمەدا لە ئامار و زانیاری بڵاوکردنەوە لەسەر ئەم ڤایرۆسە دیسانەوە میللەت شەق ئەکەن. گوایە لە هەولیر هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا نیە و ئەم ڤایرۆسە بە تەنیا تەماعی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانە. وەک بڵێی سلێمانیەکان خۆیان دەعوەتی ئەم ڤایرۆسەیان کردوە بۆ ئەو دەڤەرە…!
ئەگەر حکومتی هەرێم حکومەتی هەموو هەرێمی کوردستانە؟ ئەگەر یەک نیشتیمانی پیرۆزی کوردستانە؟ نابێت حکومەت نە ڕێگە بە م جیاوازیە بدات و نە سیاسەتی خۆشی بداتە دەست خەڵکانی نامەسئول و بێ ئیشی سەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.
ئێمەی خەڵکی کوردستان وەک حەشاماتێکی ملیۆنی واین لە یەک جەستەدا. ئەگەر کوردستانیەک لە زاخۆ هەتا خانەقین یان لە هەر هەر کوێرە دێیەکی ئەم خاکە پیرۆزە ئازاری پەنجە توتەیەکی هەبێت، وەک ئەوە وایە هەمومان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوبین. ڵە ڕاستیشدا گاڵتەجاڕێکی گەورەیە ڤایرۆسی کۆرۆناش بکەینە دوو ئیدارەیی.
من هیوادارم هیچ توشبوویەکی کۆرۆنا لە هەولێر و هیچ شوێنێکی دونیا نەبینم. بەڵام شاردنەوەی زانیاری بەری کورتە و خزمەت بە هاوڵاتیان ناکات. بۆیە حکومەت نابێت ڕێگە بدات هەندێک لە ستافەکەی بە ئاڕاستەی مەبدە ئی نەعامەکەی بەرن. ئەگەریش زانیاریەکان دروست نین، پێویستە حکومەت خۆی ڕونکردنەوەی هەبێت و، سەرجەم ئامارەکانی هەرێم بڵاو بکاتەوە و، سزای توند بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنێت کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بونەتە دەمڕاستی حکومەت.