گوڵباران‌و به‌ردباران

ئاری هەرسین
  2019-10-22     1375

هه‌واڵه‌كه‌ی دوێنێ سه‌باره‌ت به‌به‌ردبارانكردنی قافڵه‌ی هێزه‌ كشاوه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌خۆرئاوای كوردستان، ئینجا گوڵبارانكردنیان هه‌ندێك كه‌سی خۆشحاڵ كردو هه‌ندێكیش نیگه‌ران.

مه‌سه‌له‌كه‌ چۆن ده‌بینرێت؟
هه‌رچی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ریكا خیانه‌تێكی گه‌وره‌ی له‌ كوردانی ڕۆژاواكرد و له‌ ڕوبه‌روبونه‌وه‌یاندا به‌رامبه‌ر به‌ سوپای دڕنده‌ی تورك به‌ ته‌نها جێیان هێشتن، له‌ تاو ئازاری جه‌رگی سوتاویان بۆ هاونیشتیمانیانیان له‌ خۆر ئاوابه‌ردیان گرته‌ قافڵه‌كه‌. ئه‌مه‌ش وه‌ك سیمبۆلیكی ده‌ربڕینی توڕه‌ بوونیان له‌ سیاسه‌تی پۆپۆلیستی ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕۆژئاوا.

ئه‌وانه‌ی قافڵه‌كه‌یان گوڵبارانكرد، له‌ ڕاستیدا نازانم بۆ گوڵبارانیان كردن؟… تۆ بڵێی ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌نده‌ خۆشباوه‌ڕبن، پێیان وابێت ئه‌م قافڵه‌یه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ ئێمه‌ هاتبنه‌ باشوری كوردستان؟… یان بڵێی پێیان وابێت به‌و گوڵبارانه‌ (كه‌ له‌ڕاستیامه‌راییه‌) سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌رامبه‌ر كورد نه‌رمتر ده‌ بێت و، ناهێڵێت مافه‌كانمان له‌ به‌غدا پێشێل بكرێت؟

وه‌ك بیستمان، ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیر كراون كه‌ به‌ردبارانی قافڵه‌كه‌یان كردوه‌. ئه‌مه‌ش دیاره‌ بۆیه‌ كراوه‌ هه‌تا دڵی ئه‌مه‌ریكامان لێ نه‌ڕه‌نجێت. له‌وانه‌یه‌ لای هه‌ندێك كه‌س ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكی دروست بێت، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته‌. سیاسه‌ت كردن له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆت ده بێت له‌ چوارچێوه‌ی لۆژیكی تێخو ێندنه‌وه‌ی ‌هێز و ده‌سه‌ڵاتی به‌رامبه‌ر و هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆت بێت، ئه‌مه‌ زۆر ڕاسته‌. به‌ڵام ساده‌یی سیاسیه‌ ئه‌گه‌ر پێمان وابێت سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌ هاویشتنی دوو سێ به‌رد له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی توڕه‌وه‌ ئیتر وا ده‌كات ئه‌مه‌ریكا دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوه‌ستێته‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌ نه‌شاره‌زایی سیاسی هیچیتر نیه‌‌.

سه‌یركه‌ن چۆن ئه‌مه‌ریكا و ئێران كه‌ وه‌ك دوو دوژمنی سه‌ره‌كی یه‌كتر ناسراون، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ڕۆژاوا هاودید و هاوڕێی یه‌كتر بوون. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا به‌ به‌رده‌وام و له‌ ٢٤ كاتژمێردا دروشمی (مرگ بر امریكا) له‌ تاران ده‌نگ ده‌داته‌وه‌ و، ته‌نانه‌ت لێره‌و له‌وێش هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتر. بۆیه‌ سه‌یرنیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی دوو لایه‌ن، كه‌ناڵه‌كانی گفتوگۆ و دانوسان كراوه و چالاك بن.‌ له‌ سیاسه‌تدا یان ڕه‌ش یان سپی، یان دۆستمی یان دوژمنمی نیه‌.

هه‌ومومان ده‌زانین كه‌ جوگرافی سیاسی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ئاڵۆزه‌، به‌ڵام له‌ ١٦ ئۆكتۆبه‌ر خراپتریشمان به‌سه‌ر نایه‌ت. سیاسه‌ت به‌ ڕق و عاتیفه‌ و هه‌ڵچوونی كاتی ناكرێت، به‌ڵام به‌ خۆ هه‌ڵواسینیش به‌ ئه‌جندایه‌كی ناڕوون نهێنی ئه‌مه‌ریكاشه‌وه‌ ناكرێت. ئه‌گه‌ر هه‌موو سیاسه‌ت بریتی بوایه‌ له‌ تاكتیك له‌ دوای تاكتیك، ئه‌وا هه‌رچی سیاسه‌تمه‌داری دونیا هه‌یه‌ ده‌بونه‌ كه‌سانی به‌كرێگیراو و فێلباز. سیاسه‌تكردن به‌ بێ بوونی ستراتیژی، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ بچیه‌ ناو كه‌شتیه‌كی بێ كه‌شتیوان كه‌ به‌ره‌و ئوقیانوسێكی نادیار به‌ڕێ ده‌كه‌وێت. مه‌خابن ستراتیژی و ئه‌جندای سیاسی ئێمه‌ نادیاره‌.

‌ئێمه‌ نه‌ ڕقمان له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكایه‌ و نه‌ میلله‌ته‌كه‌ی. خه‌ڵك‌ هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا وه‌رده‌گرین، كه‌ ١٨٠ ده‌ره‌جه‌ دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه (له‌ ڕابوردوشدا هه‌ر وابوه‌، دوو نموونه‌ی پیلانه‌كه‌ی ١٩٧٥ و ئه‌وه‌ی ١٦ ئۆكتۆبه‌ر باشترین شایه‌تحاڵن)‌، بۆیه‌ به‌ردبارانی قافڵه‌ سه‌ربازیه‌كانیانیان كرد.

ئه‌‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ی ئێستا ده‌یبینین به‌رهه‌می كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌ده‌وری مێزێك. ئه‌مه‌ریكاو توركیا له‌ لایه‌كی مێزه‌كه‌، ڕوسیا و سوریا و ئێرانیش له‌ لایه‌كیتری، هه‌موان له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك ڕێكه‌وتوون بۆ ئه‌م به‌شه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست(سوریا، عێراق، توركیا)، كه‌ تێیدا هیچ حسابێك بۆ كێشه‌ی كورد نه‌كراوه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×