هەمومان هاوڕاین لەسەر ئەو ڕاستیەی کە لە هەرێمەکەماندا کەموکوڕی زۆرن. ئەم
کەموکوڕیانە بەربەستی گەورەیان لەبەردەم بەرە وپێش چونی گەشەی دیموکراسی وپەرەسەندنی
ئاستی ئاگاهی تاک دروستکردوە. چارەسەرکردنی ڕیشەیی ئەم کەم و کوڕیانە پێویستیان بە
بەرنامەو ئیرادەی حکومەت و ئاگاهی تاکە.
دیسانەوە لە کۆمەڵگای دیموکرات دا ماف و ئەرک لە تەرازوی قانوندا بە مەبەستی
سەقامگیری کۆمەڵگا دەستەبەر ئەکرێت. وەک چۆن مافی خۆپیشاندان و مانگرتن دەستەبەر
کراوە، هەمو جۆرە کردەوەیەکی تێکدەرانە وەک، سوتان و وێرانکردنی شوێنە گشتیەکان و
دام و دەزگا حکومی، بازرگانی و ڕێکخراوە مەدەنیەکان (کە بارەگای حیزبی سیاسی یەکێکە
لەوانە) ڕێگە پێنەدراوە و بە تاوان هەژمار ئە کرێت. بەهەمان شێوە ئازادی ڕۆژنامەوانیش
مافێکی ڕەهای بێ قەید و شەرت نیە و، ڕۆژنامەنوس ئە بێت پابەندی ئەو ڕێنمایانە بێت
کە قانون بۆی دیاری کردوە.
هێرشکردنە سەر کەناڵی (ئێن. ئاڕ. تی) و داخستنی کەناڵەکە پێشێلکردنی مافی
مومارەسە کردنی پیشەی ڕۆژنامەنوسی و، بەو هۆیەشەوە تەنگەبەر کردنی مافە سەرەتاییەکانی
دیموکراسین لە وڵاتەکەماندا. ئەگەر کەناڵی (ئێن. ئاڕ. تی) لە میانەی مومارەسەی کاری
ڕۆژنامەوانی خۆیدا قانونی پێشێل کردوە، ئەوا شوێنێک هەیە پێی ئەڵێن دادگاو، دادوەرە
بەڕێزەکان تەنیا کەسێکن کە مافی یەکلاکردنەوەیان هەیە. ئەگەر بێت و هەر وەزارەتە، یان
دەزگایەکی ئەمنی خۆی بڕیار لەسەر ئەو جۆرە ئیجرائاتانە بدات (جگە لەو مەلەفانەی کە
پەیوەندیان بە ئاسایشی نیشتیمانیەوە هەیە)، ئیتر ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە و مانای
وایە دیموکراسی لە چوارچێوەی ئەم حوکمڕانیە خۆماڵیەدا بەڕەحمەتی خوا چوە.
دواجار هیوادارم بەڕێز سەرۆکی حکومەت خۆی بێتە سەر خەت و، ڕێگە نەدات لەسایەی
حوکمڕانی کابینەی نۆهەم ئەم جۆرە پێشێلکاریانی ڕوبدات. خۆ ئەگەر ئەم کەناڵە پێشێلکاری
قانونی کردوە، ئەوا بفەرمون لەڕێی دادگاوە یەکلای بکەنەوە.