لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای جیھاندا، توانستەکانی سەدەی بیست و یەکەم گرنگییان زیاتر دەبێت، ئەویش بەوەی جەخت لەسەر پێویستی سیستەمێکی پەروەردەیی دەکاتەوە کە قوتابیان و خوێندکاران بەو کارامەیی و توانستانە تەیاربکات کە پێویستن بۆ سەرکەوتن لە جیھانی مۆدێرندا و ھەروەھا ئامرازی پێویستیان پێبدات بۆ بەرەپێشچوون. لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان دانی بەم پێویستییەدا ناوە و دەنێت، و ئاواتەخوازە ستراتیژییە پەروەردەییەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر ئەم لێھاتوویی و توانستانە بە سیستەمی پەروەردەیی خۆی تێکەڵ بکات و بگونجێنێت، چەند ئاڵەنگارییەک ھەن کە ڕێگری لە پێشکەوتنەکانی پەروەردە لە کوردستاندا دەکەن و پێویستە کار بۆ لابردنیان بکرێت.
توانستەکان لە سەدەی بیست و یەکەمدا:
توانستەکانی سەدەی بیست و یەکەم دەتوانرێت لە سێ بواردا پۆلێن بکرێن:
١. کارامەیی و توانستەکانی فێربوون و داھێنان: بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، چارەسەرکردنی کێشەکان، فێربوون و داھێنان زۆر گرنگن بۆ ئەوەی قوتابی و خوێندکاران لە ژینگەیەکی چڕ و دەوڵەمەند بە زانیاریدا بڕۆن و سەرکەوتوو بن.
٢. کارامەیی و توانستەکانی زانیاری، میدیا و تەکنەلۆژیا: شارەزایی لە بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا، تێگەیشتن لە میدیا و بەڕێوەبردنی زانیاری بە شێوەیەکی کاریگەر لە سەردەمی دیجیتاڵی ئەمڕۆدا زۆر گرنگن، ئەمانەش کولتوری دیجیتاڵی، کولتوری میدیا و کولتوری زانیاری دەگرنەوە.
٣. کارامەیی و توانستەکانی ژیان و کار: توانست و لێھاتووییەکانی وەک نەرمی، گونجاندن، دەستپێشخەری، خۆئاڕاستەکردن، کارامەیی کۆمەڵایەتی، ھۆشیاری کولتووری، سەرکردایەتیکردن و بەرپرسیارێتی، خوێندکاران ئامادە دەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە جۆراوجۆرەکانی ژیان و تەحەددیاتی کارکردن.
ئاڵەنگارییەکانی ھاوتەریبکردنی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ توانستەکانی سەدەی بیست و یەکەم:
سەرەڕای ئاوات و ھیواکان بۆ باشتربوون، ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە لە ھاوتەریبکردنی سیستەمی پەروەردەی لەگەڵ ئەم توانست و لیھاتوویانەی سەدەی بیست و یەکەمدا، کە دەتوانین لەم چەند خاڵەدا چڕیان بکەینەوە:
• بەستنەوەی پەروەردە بە تەکنەلۆژیاوە: زۆرێک لە قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان ژێرخانی تەکنەلۆژیای پێویستیان نییە. نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە ئامراز و سەرچاوە دیجیتاڵییە مۆدێرنەکان ڕێگری دەکات لە توانای فێرکردن و فێربوونی کارامەییە دیجیتاڵیە سەرەکییەکان.
• بەڕێوەبردنی قوتابخانە: لە زۆرێک لە قوتابخانەکاندا بەڕێوەبردنی خراپ ھەیە، کە ئەمەش خۆی لە ناتەواوی خزمەتگوزاری و بینا و ئامێر و کەمی سەرچاوە و نەبوونی پلان و ڕێکخستنی سیستماتیکیدا دەبینێتەوە، ئەمانەش بەشێوەیەکی گشتی سەرتاپای کوالیتی پەروەردە تێکدەدات.
• پەرەپێدانی مامۆستا: گەشەپێدانی پیشەیی بۆ مامۆستایان زۆرجار بە خراپی بەڕێوەدەبرێت. کەمی ڕاھێنان و پشتگیری بەردەوام ھەیە بۆ یارمەتیدانی مامۆستایان بۆ فێرکردنی کارامەییەکانی سەدەی بیست و یەکەم بە شێوەیەکی کاریگەر. ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی بۆشایی لە نێوان ئامانجە پەروەردەییەکان و شێوازە ڕاستەقینەکانی وانەوتنەوە.
• ستانداردکردن و گونجان: لە سیستەمی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستاندا، ستانداردەکان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان (ISO) نەگونجێنراوە و کەمی تێگەیشتن و بێئاگایی لە بەئاگابوون لە ستانداردە جیھانیەکانی پێوە دیارە. ھەر بۆیە ئەمەش دەبێتە ھۆی و (بووەتە ھۆی) ناتەبایی لە کوالیتی پەروەردە و بوونی کێشە لە پێوانەکردن و باشترکردنی دەرئەنجامە پەروەردەییەکان.
• مەحسوبیەت، مەنسوبیەت، ناپیشەییبوون: خزمایەتی و ناسیاوی و حزبایەتی و ناپیشەییبوون کێشەی گەورەن کە ڕێگرن لە پێشکەوتنی سیستەمی پەروەردە. زۆرجار پۆستەکان لەسەر بنەمای پەیوەندییەکان پڕدەکرێنەوە نەک شایستەیی، ئەمەش دەبێتە ھۆی ناکارایی و نەبوونی لێپرسینەوە.
بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم تەحەددایانە و ھاوتەریبی ڕاستەقینەی سیستەمی پەروەردە لەگەڵ توانست و لێھاتووییەکانی سەدەی بیست و یەکەم، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە جێبەجێکردنی چەند ستراتیژییەکی سەرەکی ھەیە:
• دابینکردنی ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا و ICT لە ھەموو قوتابخانەکاندا: وەبەرھێنانی بەرچاو لە ژێرخانی تەکنەلۆژیادا زۆر گرنگە. پێویستە قوتابخانەکان بە ئامرازی دیجیتاڵی مۆدێرن تەیار بکرێن، ھەروەھا پێویستە خوێندکاران دەستیان بە ئینتەرنێت و سەرچاوەی دیکە بگات کە پشتگیری فێربوونی دیجیتاڵی دەکەن.
• باشترکردنی شێوازەکانی بەڕێوەبردن: بەڕێوەبردن دەبێت بە شێوەی خولی بێت بۆ ئەوەی بەڕێوەبەر یان بەرپرس بۆ ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکەیدا نەمێنێتەوە. پێویستە بڕگەکانی سیستمی قوتابخانەکان لە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو پۆستەکاندا جێبەجێ بکرێت و دەرفەت بۆ کەسانی خاوەن لێھاتوویی بەرز لەبەردەستدا بێت بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسیارێتیانە لە ئەستۆ بگرن و پێشڕەوی بکەن.
• بەھێزکردنی ڕاھێنانی مامۆستایان: پێویستە گەشەپێدانی پیشەیی مامۆستایان لە دەستی کەسانی پسپۆڕ و سەرپەرشتیار و کەسانی خاوەن لێھاتوویی بەرزدا بێت. ئەم بەرنامانە پێویستە سەرنجیان لەسەر شێوازەکانی فێرکردنی مۆدێرن، کولتوری دیجیتاڵی و تەکنیکەکانی بەڕێوەبردنی پۆل بێت کە ھاندەری فێربوونی چالاکن.
• دانانی ستاندارد و لێپرسینەوە: ستانداردەکان دەبێت لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ھاوتەریب بن بۆ دڵنیابوون لە یەکدەنگی و کوالیتی لە سەرانسەری سیستەمی پەروەردەدا. پێویستە سەرپەرشتی و سەردانی خولیی ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بەم ستانداردانە.
• کۆتاییھێنان بە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و ھێنانەپێشەوەی پیشەییبوون: چارەسەرکردنی پرسەکانی خزمایەتی و ھاندانی پیشەیی لە ناو سیستەمی پەروەردەدا زۆر گرنگە. پۆستەکان دەبێت بەپێی شایستەیی پڕبکرێنەوە، ھەروەھا ڕێکارەکانی لێپرسینەوەش دابنرێن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ھەموو ئەکتەرەکان پابەندن بە ئامانجە پەروەردەییەکان.
لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان ئاواتەخوازە سیستەمی پەروەردەی خۆی لەگەڵ توانست و لێھاتووییەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا ھاوتەریب بکات، بەڵام ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە کە پێویستە چارەسەر بکرێن. ھەرێمی کوردستان بە وەبەرھێنان لە تەکنەلۆژیا و باشترکردنی پراکتیکەکانی بەڕێوەبردن و بەرزکردنەوەی ڕاھێنانی مامۆستایان و دامەزراندنی ستانداردەکان و بەرەوپێشبردنی شایستەیی، دەتوانێت ئەو ئاستەنگانە تێپەڕێنێت و دڵنیابێت لە ئامادەکارییەکی باشی قوتابی و خوێندکارەکانی بۆ داواکارییەکانی جیھانی مۆدێرن.
گەشتی پەروەردەی ھەرێم بەرەو ھاوئاھەنگی و ھاوتەریبی لەگەڵ توانست و لێھاتووییەکانی سەدەی بیست و یەکەم چالاک و کارایە، بەڵام پێویستی بە ھەوڵی ھاوبەش و پابەندبوون بە پێشکەوتنە و بەمەش ھەرێمی کوردستان دەتوانێت سیستەمی پەروەردەی خۆی بگۆڕێت و لاو و گەنجانی بەھێز بکات بۆ ئەوەی ببنە سەرکردەی داھێنەر و شایستەی داھاتوو.