ھونەر،باڵوێزی بێ سنوور

دێرین جەمال
  2026-10-01   

ھونەری گۆرانی و میوزیکی کوردی لە مێژووی ئەم نەتەوەیەدا تەنھا ئامرازێکی کاتی بۆ کات بەسەربردن نەبووە، بەڵکوو ناسنامەیەکی زینددوو، ئەرشیفێکی نەتەوەیی و رەنگدانەوەی تەواوی ئازار و خۆشییەکانی تاک بە تاکی کۆمەڵگە بووە.

لە وڵاتێکدا کە زۆرجار جۆگرافیا و سیاسەت لە گەیاندنی دەنگی راستەقینەی خۆی بێبەشیان کردووە، ھونەر وەک باڵیۆزێکی کولتووریی بێ ‌سنوور رۆڵی گێڕاوە، ئاوازێکی کوردی توانیویەتی بەبێ پێویستی بە وەرگێڕان، پەیامی میھرەبانی، ستەملێکراوی و دەوڵەمەندیی رۆحیی ئەم گەلە بگەینێتە دڵی نەتەوەکانی دیکە و ئاسۆی فکری کۆمەڵگە بەرفراوانتر بکات.

ئەم رەھەندە رۆحی و کولتوورییە تەنانەت لە قووڵایی بەھای ئایینیشدا ھەستی پێدەکرێت، ئاواز و میوزیکی کوردی بەشێکی دانەبڕاو بووە لە گوزارشتکردن لە عەشقی ئیلاھی و پاکبوونەوەی رۆح. زیکر و جۆش و خرۆشی دەنگی ئاوازە رۆحییەکانی ناو خانەقا و تەکییەکان، بەڵگەی کۆن و روون و ئاشکرای ئەوەن کە ھونەر لە کەلەپووری ئێمەدا رێگەیەک بووە بۆ باڵابوونەوەی دەروون و نزیکبوونەوە لە حەقیقەت، نەک رووکەشگەریی و بێسەنگی.

ئەو ھونەرەی نەتەوە بەرەو پێش دەبات و دەبێتە ھەوێنی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، ھونەرێکە کە لە قووڵایی کولتوور و ئازارە راستەقینەکانی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت، رەسەنایەتی دەپارێزێت و لە ھەمان کاتدا داھێنانی سەردەمیانەی تێدا دەکات تا ئارەزووی ھونەریی گشتی بەرەو باڵایی ببات، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا، سەرەڕای ئەو ھەموو پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئامێرە دیجیتاڵییە سەردەمییانە، کەچی ھونەری کوردی تووشی داڕمانێکی جۆریی جدی بووەتەوە.

ئەم شۆڕشە تەکنەلۆژییە لەبری ئەوەی خزمەت بە دەوڵەمەندکردنی ئاواز و دەق بکات، بووەتە ئامرازێک بۆ شاردنەوەی بێتوانایی دەنگ لە رێگەی بەرنامەی دەستکارییەوە و بازاڕگەریی و بەدواداچوونی بینەر و لایک لە سۆشیال میدیا، جێگەی بەھای ئەدەبی و ھونەری گرتووەتەوە.

یەکێک لە دیارترین ئاماژەکانی ئەم دابەزینە، دەستکاریی بێ بنەما و شێواندنی شاکارە فۆلکلۆری و گۆرانییە کۆنەکانە. کاتێک بەبێ رۆشنبیرییەکی ئەدەبی و ھونەری و بێ رەچاوکردنی چوارچێوەی ئەدەبی و مێژوویی و ھەستیاریی دەقەکان، دەست بۆ دووبارە وتنەوەی ئەو بەرھەمە رەسەنانە دەبرێت، رۆح و رەسەنایەتیی بەرھەمەکە تێکدەچێت.

دەقێک کە بۆ باری دەروونی و پەیوەندییەکی تایبەت و قۆناغێکی دیاریکراو نووسراوە، ناکرێت بە بێباکی و بەبێ تێگەیشتن لە بەھا ئەدەبییەکەی بووترێتەوە، چونکە ئەم جۆرە مامەڵە سەرپێییانە جگە لە زیانگەیاندن بە چێژی ھونەریی گشتی و شێواندنی بیرەوەریی کولتوەریی نەتەوەیەک، ھیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، زۆرجار قەیرانی دارایی و نەبوونی پاڵپشتیی شایستە وەک پاساوێک بۆ بەرھەمھێنانی کاری کاڵوکرچ و بێ ‌ئاست دێتەوە ئاراوە، بەڵام مێژووی ھونەری کوردی خۆی پێچەوانەی ئەم بیرۆکەیەیە، ئەو گەورە ھونەرمەندانەی لە سەدەی رابردوودا ھاتنە نێو گۆڕەپانەکەوە، لەڕووی مادییەوە زۆر ھەژار و کەمدەرامەت بوون، بەڵام لەڕووی رۆحی و ھونەرییەوە بێئەندازە دەوڵەمەند بوون.

بەرھەمەکانی ئەوان تەنھا بۆ سەردەمێکی دیاریکراو نەبوو، بەڵکوو نەوە لەدوای نەوە دەستاودەست دەکرێن و زیندوون و وەک ئەستێرەی گەشاوە و نەمر لە ئاسمانی ھونەری کوردیدا دەدرەوشێنەوە. کێشەی ئەمڕۆ کەمیی بودجە یان شۆڕشی دیجیتاڵی نییە، بەڵکوو قەیرانی ھۆشیاری و ونبوونی ئەو تێڕوانینە قووڵەیە کە ھونەر وەک سەرمایەیەکی رەوشتی و نەتەوەیی دەبینێت، نەک کاڵایەکی بازاڕیی کاتی.

بۆ راگرتنی ئەم داڕمانە و پاراستنی ھونەری رەسەنی کوردی لە ناشرینکردن، پێویستە دامەزراوەی ئەنجومەنی سەربەخۆی ھەڵسەنگاندنی ھونەری دابمەزرێتەوە تا رێگری لە ناشایستەیی بەرھەم بڵاوکردنەوە بکات، یاسای مافی خاوەندارێتیی فیکری بە توندی پەیڕەو بکرێت تا رێگە نەدرێت بەبێ زانیاری دەستکاری ئاواز و دەقە کۆنەکان بکرێت و میدیا و ناوەندەکانی پەروەردەش رۆڵی خۆیان لە ئاشناکردنەوەی نەوەی نوێ بە ھونەری باڵا و شاکارە رەسەنەکان بگێڕن..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×