سروشتی کوردستان لە نێوان جوانیی باران و بەرپرسیارێتیی گەشتیاردا

دێرین جەمال
  2026-04-30   

ئەمساڵ زەوی و زاری کوردستان بەھۆی ڕێژەی زۆری بارانبارینەوە، بەرگێکی سەوزی دڵڕفێنی پۆشیوە کە چاوەکان تێر ناکات. دەشت و دەرەکان بوونەتە مەڵبەندی ئارامی بۆ ھاوڵاتیان، بەڵام ئەم دیمەنە ناوازەیە تەنھا جوانی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەی ھۆشیاریی ئێمەیە بەرامبەر بە ژینگە. جێگەی داخی زۆرە کە زۆرجار دەبینین دوای گەشت و سەیرانەکان، ئەو شوێنە جوانانە دەبنە شوێنی کۆبوونەوەی پاشماوە و پلاستیک، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ تێکچوونی ھاوسەنگیی سروشت لە ناوچەکەماندا.
بۆ ئەوەی بتوانین ئەم ژینگە جوانە بپارێزین، پێویستە گەشتیار ھۆشیار بکرێتەوە کە سەیران تەنھا گۆشت برژاندن و کاتبەسەربردن نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕێزگرتنە لەگەڵ سروشت. دەکرێت لە ڕێگەی بڵاوکراوەی زۆرتر و ڕێنمایی ورد لە بازگەکان و ناوچە گەشتیارییەکان، ئەم کولتوورە بچەسپێنین. پاراستنی ژینگە پێویستی بەوەیە کە ھەر تاکێک بەرپرسیار بێت لەو پاشماوەیەی دروستی دەکات ،بردنەوی زەرفی خۆڵ و پاککردنەوەی شوێنەکە پێش بەجێھێشتنی، سادەترین ئەرکی نیشتمانییە.
لە لایەکی ترەوە، گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری پێویستی بە داھات و بودجە ھەیە. دەکرێت حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان سیستمێکی وا ڕێکبخەن کە داھاتی گەشتیاری (وەک ڕەسمی چوونە ناو سەیرانگا یان سزای ژینگەیی) کۆبکرێتەوە و ڕاستەوخۆ لە خزمەتگوزارییەکاندا خەرج بکرێتەوە. گرنگترین خزمەتگوزاریش چاککردنی ڕێگاوبانەکانە کە دەبێتە ھۆی ئەوەی گەشتیار بە دڵنیایی و ئاسوودەیی زیاترەوە ڕوو لە دەشتایە سەوزەکان بکات. کاتێک ھاوڵاتی دەبینێت ئەو پارەیەی دەیدات دەبێتە قیڕ و ئاوەدانی بۆ ڕێگای سەیرانگاکە، بە دڵنیاییەوە بە خۆشحاڵی و ھاوکارییەوە بەشداری دەبێت.
یەکێکی تر لە مەترسییە گەورەکان کە ساڵانە کارەساتی دڵتەزێن دروست دەکات، مەلەکردنە لە چەم و دەریاچەکاندا. زۆربەی گەشتیاران بۆ خۆشی دەچنە کەنار ئاوەکان، بەڵام بەھۆی نەبوونی ھۆشیارییەوە دەچنە ناو ئاوەکان بۆ مەلە، کە زۆربەیان مەترسیدارن و بۆ مەلە دەست نادەن. پێویستە ڕێنماییەکان لە نزیک دەریاچەکان توندتر بکرێن و بە تابلۆی گەورە و ھۆشیاریی میدیایی بە خەڵک بوترێت ،بۆ گەشت و بینینی جوانیی ئاوەکە وەرە، نەک بۆ مەلەکردن و گیانلەدەستدا.
لە کۆتاییدا، کوردستان نیشتمانی ھەموومانە و جوانییەکەی شکۆی ئێمەیە. پاراستنی ژینگە، ڕێکخستنی داھاتی گەشتیاری، و پابەندبوون بە ڕێنماییەکان، سێ کۆڵەکەی سەرەکین بۆ ئەوەی بتوانین ھەم لە سروشتەکەی بەردەوام بین و ھەم کوردستان بکەینە ناوەندێکی گەشتیاریی سەردەمیانە کە تێیدا مرۆڤ و ژینگە بە ئاشتی پێکەوە بژین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×