نەورۆز: لە ئەفسانەوە بۆ ناسنامەی نەتەوە

دێرین جەمال
  2026-03-20   

ھاوئاھەنگبوون و پەیوەستبوون بە نەتەوە و خاک، مرۆڤ دەخاتە سەر ڕێچکەیەک بۆ گەڕانەوە بۆ مێژووی خۆی؛ مێژوویەک کە پڕە لە ڕوداو و وەچەرخانە جیاوازەکان، کە ھەر یەکەیان وەک یادەوەرییەکی گرنگ لە بیرەوەریی نەتەوەکاندا ماونەتەوە. ئەم یادانە دەبنە ڕوانگەیەک بۆ بەخۆداچوونەوە و گۆڕانکاری لە ناخی مرۆڤدا، تا دەگاتە بیرکردنەوەی قووڵ و گەیشتن بە ڕەگ و بنەمای ئەو خاکەی کە مێژوو و ناسنامەی لەسەر نووسراوە.

لە نێو ئەم یادەوەریانەدا، جەژنێک ھەیە کە ھەریەکەمان بە شێوازێکی جیاواز بیری لێ دەکەینەوە، ئەویش جەژنی نەورۆزە. نەورۆز تەنھا جەژنێکی ئاسایی نییە، بەڵکو سمبۆڵی سەروەری و ئازادیی مرۆڤە،نیشانەی دەربازبوونە لە کۆتی دیلایەتی و ژێردەستەیی، و ھەڵھاتی خۆرێکی نوێ لە ڕۆژێکی نوێدا. ئەم جەژنە شکانەوەی دڕکی ستەم و جەورە، و گەشەکردنەوەی خونچەی ئومێدە بۆ سەرکەوتن و ژیانێکی باشتر.

ھەروەھا، نەورۆز یادێکە بۆ دەستپێکردنەوەی سروشت؛ کاتی کۆتایی ھاتنی سەختیی زستان و بوژانەوەی جوانیی بەھار. لەم کاتەدا، سروشت و مرۆڤ ھەردووکیان لە نوێوە دەژینەوە، وەک ئەوەی ژیان خۆی دووبارە لە دایک دەبێتەوە. ئەمەش مرۆڤ ھان دەدات بۆ نوێکردنەوەی بیر و ھەست و ئاواتەکانی.

لە ڕووی مێژووییەوە، نەورۆز ڕەگێکی زۆر کۆنی ھەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاینی زەردەشتی. لە پەرتوکی پیرۆزی "ئاڤێستا"دا باس لە دروستکردنی جیھان لەلایەن "ئاھورامەزدا" دەکرێت، کە لە چەند قۆناغدا ئاسمان و زەوی و ژیان دروستکراون. بە پێی ئەم بیرۆکەیە، دەستپێکی ساڵ بە ھاتنی وەرزی بەھار دەبێت، کە ھاوکاتە لەگەڵ نوێبوونەوەی سروشت و ژیان.

ھەروەھا، لە نێو میتۆلۆژیای کوردیدا، نەورۆز بە چیرۆکی سەرکەوتنی خێر بەسەر شەڕ و ستەمدا پەیوەندیدارە. چیرۆکی "کاوەی ئاسنگەر" و ڕاپەڕینی دژی "زەحاک" نیشانەی ئەوەیە کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت بە یەکگرتوو بوون، ستەم بشکێنێت و ئازادی بەدەستبھێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئاگرکردنەوە لە شاخ و گردەکاندا تەنھا ڕێوڕەسمێکی جەژنی نییە، بەڵکو نیشانەی سەرکەوتن و ڕووناکییە.

لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە، نەورۆز ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە پەیوەندیکردنی خەڵک بە یەکەوە، چەسپاندنی ھاوڕێیەتی و خێزانی، و نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان. ئەم جەژنە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە مرۆڤەکان کاتی خۆیان لەگەڵ یەکدی بەسەر ببەن، دڵەکان پاک بکەنەوە و بە ئومێدێکی نوێ دەستپێبکەنەوە.

بۆیە، نەورۆز تەنھا بیرکردنەوە لە ڕابردوو نییە، بەڵکو پەیامێکە بۆ ئێستا و داھاتوو؛ پەیامی نوێبوونەوە، ئازادی، و بەردەوامی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ھەموو سەختییەکان. ئێمە وەک کورد، دەبێت شانازی بەم جەژنە بکەین، نەک تەنھا وەک ڕێوڕەسم، بەڵکو وەک بەشێکی گرنگ لە ناسنامە و بوونی خۆمان.

لە کۆتاییدا، نەورۆز ڕۆژێکە کە تێیدا مێژوو، سروشت و ئومێد بەیەک دەگەن؛ ڕۆژێک کە مرۆڤ تێیدا دووبارە خۆی دەدۆزێتەوە و بە ھێزێکی نوێ بەرەو داھاتوو دەڕوات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×