مەترسییەکانی پێشوەختە حوکمدان لە سۆشیال میدیادا

دێرین جەمال
  2026-06-28   

​لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، سۆشیال میدیا بووەتە ھۆی گواستنەوەی خێرای زانیارییەکان، بەڵام ھاوکات دیاردەیەکی مەترسیداری ھێناوەتە ئاراوە کە ئەویش بڵاوکردنەوەی دیمەن و وتەی نەشیاو و یەکلانەبووە پێش چاوەڕوانکردنی بڕیاری کۆتایی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان، دادگاکان و زانایانی ئاینییەوە. کاتێک بابەتێک ھێشتا لایەنی یاسایی و فەرمییەکەی یەکلا نەبووەتەوە و دەخرێتە بەردەم ڕای گشتی، زیانە گەورەکە بەر جەستەی کۆمەڵگا دەکەوێت، نەک تەنھا ئەو کەسەی کە کراوەتە ئامانج.

​لێکەوتە و زیانە گشتییەکانی ئەم دیاردەیە بۆ سەر کۆمەڵگا
​گواستنەوەی لێشاوی ئەم جۆرە دیمەنە ناڕوونانە و سازکردنی بەرنامە لەسەر گومانەکان، چەندین زیانی گەورەی بەکۆمەڵ بەدوای خۆیدا دەھێنێت. یەکەم: تێکچوونی باری دەروونیی گشتی، چونکە کاتێک گومانەکان وەک حەقیقەت لە قەڵەم دەدرێن، دڵەڕاوکێ و ڕەشبینی لەناو تاکەکاندا بڵاو دەبێتەوە و فەزای گشتی دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی بەدگومانیی بەردەوام. دووەم،داڕمانی متمانە بە پیرۆزییەکان و ناوەندەکانی خوێندن، چونکە زانکۆکان بەرزترین پێگەی زانستین و پیرۆزییەکانی ئاین و زانایانیش پایەی ڕەوشتی کۆمەڵگان، دروستکردنی لێشاوێک لە گومان لە دەوری ئەم ناوەندانە، متمانەی گشتی بە بەھا باڵاکان لەرزۆک دەکات. سێیەم: بێڕێزیکردن بە خێزانەکان، چونکە کاتێک حورمەتی ناوماڵەکان بەھۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕوونەوە دەبەزێنرێت، چەمکی پاراستنی کەرامەتی خێزانی لەناو دەچێت. چوارەم: بڵاوبوونەوەی زمانی نەشیاو لەناو منداڵاندا، چونکە لەم سەردەمەدا کە مۆبایل و تابلێت لەبەردەستی ھەموواندایە، گۆڕینی ئەم دیمەن و وتە نەشیاوانە بۆ نوکتە و تەنز  وایکردووە چەمکە ناشرینەکان ببنە بەشێک لە زمانی ڕۆژانەی گەورە و منداڵ، ئەمەش داڕمانێکی گەورەی پەروەردەییە.

 

​سەروەریی یاسا و پرەنسیپی بێتاوانی: چارەسەری بنەڕەتی
​لێرەدا دەبێت خاڵێکی جەوھەری ڕوون بکەینەوە، ھەرچەندە ئەو کار و ڕەفتارانەی لە ڤیدیۆکاندا دەبینرێن کارگەلی نەشیاو ناشرین و دژ بە بەھاکانی کۆمەڵگاشبن، بەڵام ئەمە پاساو نادات بە میدیا و ھاوڵاتیان کە پێش یاسا و دادگاکان بکەون. کاتێک کەسێک وەک کارەکتەری بەناو تۆمەتێک یان ڕووداوێک دەردەکەوێت، ھیچ لایەنێک بۆی نییە پێشوەختە حوکمی تاوانباربوونی بەسەردا بدات. دادگاییکردنی خەڵک لەسەر سۆشیال میدیا و پێشڕەویکردن لە یاسا، خۆی لە خۆیدا سەرپێچییەکی گەورەیە و دەرگای پشێوییەک دەکاتەوە کە تیایدا بێتاوان و تاوانبار تێکەڵ دەبن، پێویستە ھەموان بزانن کە سەلماندنی تاوان و سزادانی تەنھا و تەنھا مافی دەسەڵاتی دادوەرییە، نەک لایک و کۆمێنتی پلاتفۆرمەکان.
​بۆ کۆتاییھێنان بەم پشێوییە، پێویستە یاسای قەدەغەکردنی خراپبەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بە توندی بەسەر سەرپێچیکاراندا جێبەجێ بکرێت و سزای دارایی و یاسایی قورس بدرێتە ئەو پەیج و میدیا نابەرپرسیارانەی کە پێش بڕیاری فەرمیی دادگا، گرتەیەکی ناڕوون بۆ مەرامی کۆکردنەوەی بینەر بڵاو دەکەنەوە. کاتێک یاسا دەبێتە مەرجەعی یەکەم و کۆتایی، ھاوڵاتی کاتێک دەبینێت دەزگا ئەمنییەکان و دادگاکان بە شێوازێکی زانستی ڕاستییەکان دەردەخەن، متمانە و ھەستی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە.
​لەکۆتایدا
​پاراستنی ڕەوشت، متمانە، و باری دەروونیی کۆمەڵگا، پێویستی بە ھۆشیاریی گشتی و سەروەریی توندی یاسا ھەیە. پێویستە کاتێک لێشاوێک لە گومان بڵاو دەبێتەوە کەمێک بوەستین، مەودا بدەین بە دەزگا فەرمییەکان بۆ لێکۆڵینەوە، و ھەموان فێر بین کە حەقیقەت تەنھا لە دەرگای دادگا و ناوەندە شەرعییەکانەوە دەردەکەوێت، نەک لە پشت شاشەی مۆبایلەکانەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×