سی و چوارساڵە لەپۆلی یەکین!!!

دێرین جەمال
  2025-02-01   

ژیان قوتابخانەیەکی گەورەیە، خاوەن بەھرەیت و کۆشش دەکەیت ئەوا پلەکانت لەزیادبووندایە و ئەو ڕەحلەیەی کە ئەمساڵ لەسەری دانیشتویت ساڵێکی تر لەسەر دانەیەکی ترو پۆلێکی تری، ئەمە ئەگەر لە وڵاتێکی پێشکەوتودابێت، بەڵام ئێمەی بەدبەخت سی و چوار ساڵە لەسەر یەک ڕەحلە و لەناو یەک پۆلداین لە بەدبەخەتیماندایە نەک لەبەر تەمبەڵی، ھەمان وانە سەرەتاییەکانی ژیان دەخوێنین و بەھەمان مامۆستا و  قوتابخانەوە، ئەگەرچی وانەکانیش یەک یەک وەکو ناوی خۆمان لەبەرمانە، بەڵام بێسوودە.

٣٤ ساڵە وانەی بیرکاری دەخوێنین، دابەشکردن و لێدەرکرن و کۆکردەنەوەیە، دەرکردنی چرکە نائومێدەکانە لەو تەمەنە پڕ چاوەڕوانییە، دەرکردنی پارەی مووچە و داھاتە لە گیرفانەوە بۆ گرانی و بۆ گەمەی ئەو بازاڕە ڕەشانەی کە ھەناویان ڕەشکردۆتەوە، دەرکردنی داھات و دەستمایە بۆ کرێ خانوو بۆ عیادەی دکتۆر و باج و خەراجی دەوڵەت و بچوکردنەوەی پارووی دەمی مناڵەکان ئەگەر مایەوە.

سی و چوار‌ساڵە سروود بۆ ڕاپەڕین و ھەڵەبجە و ئەنفال ئەوترێت، ئەگەر بکرێت لە نێوان دوو گۆرانی دەھۆڵی پارچەیەک فلوتیان بۆ لێدەدەن، وەک دوو کۆمپانیا ھەڵەبجە و ئەنفاڵ پارەیان پێ خڕ دەکرێتەوە.

٣٤ ساڵە وانەی (نحوێرف)ی عەرەبی دەخوێنین لەسەر تەختە ڕەش نا، لەسەر دەزگا ڕاگەیاندنەکان. ھەمان وێنەی ئاین دەخوێنین، ھەمان ووتاری ئاینی، ھەمان بابەتی تیرۆر، ھەمان سوتان و کوشتن و دۆزەخ کەچی ھەتا ئێستا باسی بەھەشتی سەر زەمین و بەھەشتی تەواومان نەبینی.

سی و چوارساڵە وانەی وەرزش دەخوێنین، ھەمان ماراسۆن و ڕاکردن بەدوای ژیانا، بەدوای ھەڵپەی ژیانی بێمانای پڕ وەھما.

دوای ئەم ھەموو کاریگەریی و چەرمەسەرییانەی بەسەر نەسلی کورددا ھاتووە و دێت، دەبێت نەسلی کورد خۆی بەدۆڕاو بزانێت یان بەتۆراو؟ دەبێت بپرسین لەئێستادا دەروونەکان تۆراون یان دۆڕاون؟ ئەگەر تۆراون بۆ ئاشتیان نەکەینەوە تاوەکو سەرکەوتووبن؟ ئەگەر دەرونیشیان دۆڕاوە دەرحەق بەو ناحەقیانەی بەرامبەریان کراوە بۆچی بترسێن لە دۆڕان، خۆ دەروون ئەگەر بشدۆڕێ ھێزی ئەوەی تریان زیاد دەکات بۆ ھەستانەوەی شۆڕش بۆ دۆزینەوەی چارەکان، لەئێستادا  پێویستمان بە گۆڕانکاری جەوھەریی ھەیە لە پەیڕەو و یاسای دەسەڵاتی دروونیماندا، پێویسمان بەوە ھەیە دەسەڵاتی دەروونیمان لەئاسمانی ھیواکانمان دانەبڕێت و خۆری خۆشەویستی بۆ ووڵات و نەتەوە گەشاوەتر بێت، بکرێتە خەزێنەیەکی بەنرخ لەکۆبونەوەی شانازییەکان بۆ مێژو و فەرھەنگی نەتەوەیمان.

لەئێستادا کاری دەسەڵاتە برینەکانی نائومێدی ساڕێژ بکات و ئازادی و ژیانی سەردەم بە ئینتیمابوون بەنەتەوە و خاکەوە جارێکی تر لەدڵی نەسلی کوردا ھەڵگیرسێنێتەوە، دەردی گەورەیە بۆ دەروونی خەڵک و نەوە تازە پێگەیشتووەکان حەیفە ھەندێ کێشەی پشتگوێخراو ھەبێت، خودی دەسەڵات چارەکەی لەدەستداییە و نایدات و نایکات. ھەمیشە ونکردنی چارەسەرەکان لای دەسەڵات بۆتە برین و کاری کردۆتەسەر دەروونی نەوەکان و بۆتە مەژغەڵەتی ڕۆژانەی دەسەڵاتێک کە پێویستی بەشۆڕشکێکی جەوھەریی و فکریی سەرتاسەری ھەیە، تاوەکو دەروونمان ئاشت بکەینەوە لەگەڵ نیشتیمان و ئینتمادا، تا پۆلێکی نوێ و لەسەر ڕەیحلەیەکی نوێ دابنیشین..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×