ئەگەر بڕوانینە شارەکانی کوردستان، خەریکە ھەمووی بازاڕ و شەقامەکانی ، ئەبن بە شاری پزیشکی و باڵەخانەی پزیشکیی و کلینیک و دەرمانخانە و تاقیگای شیکاریی خوێن و تیشک و سۆنار ..ئەمە بێجگە لە دەیان ھەزار برین پێچ و یاریدەدەری پزیشکیی کە کلینیکی لاکۆڵانیان ھەیە و ..ھێندەی ئەو ژمارەیەیش، کلینیکی گیایی و میللیی پەیدا بوون. بازرگانیی دەرمانی شێرپەنجە و دەرمانە گرانەکان لە لایەن خێزانە حوکمڕانەکانەوە قۆرخکراون چونکە ملیارەھا دۆلار قازانجی لێ ڕادەکێشن.
بێگومان ئەم زیادبوونە خەیاڵییەی بیمارستانە ھەمە جۆرەکان، بەڵگەی ئەوەیە زۆربەی کۆمەڵگا نەخۆشن، بە جۆرێک چارەسەرکردن بووە بە باشترین بازرگانیی .
ئەپرسین بۆچی زۆرینەی کۆمەڵگا نەخۆش کەوتوون؟
بۆریس باسترناک، کە ڕۆماننوسێکی ڕوسییە و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە لە ئەدەبیاتدا، ھەرچەندە لە سەردەمی شەڕی ساردی ڕوسیا و ئەمەریکادا ئەو خەڵاتەی پێ بەخشرا، ناچار بوو خەڵاتەکە ڕەت بکاتەوە ..
باسترناک ئەڵێ : کاتێ ناچارکرایت بە پێچەوانەی خواستەکانی خۆتەوە ھەڵوێست بکەیت، لاشەت نەخۆش ئەکەوێ، کاتێ دڵتەنگیت و ناچارت ئەکەن پێبکەنیت، ڕقت لە کەسێکە و ناچارت دەکەن دەستی ئاشنایەتیی و تەوقەکردنیان بۆ درێژ بکەیت، ئا لەو کاتەدا لاشەت نەخۆش ئەکەوێت.
ئەگەر ئەم گریمانەیەی باسترناک بە ھەند وەربگرین، ئەگەینە ئەو ڕاستییەی ھۆکاری نەخۆش کەوتنی بەکۆمەڵی میللەتەکەمان، بۆ ئەو شەڕە دەروونییە بگەڕێنینەوە کە دژی خەڵکەکە بەرپاکراوە، کاتێ ئەو خەڵکە ڕقی لە دەسەڵات و تەنانەت نیشتمانیش ئەبێتەوە، کەچی ناچار کراوە چەپڵەی بۆ بکوتێت و لە یاسا قەرەقۆشییەکانی ئەو دەسەڵاتەدا بیگوزەرێنێ و مل بۆ سەرانە و تاڵانییەکانی بدات، بە تاوانە حاشاھەڵنەگرەکانی قایل بێ، بە زۆری زۆرداریی لەو نیشتمانە وێرانکراوە دزراوەدا بژی، ئەم دۆخە قورسە دەروونییە، کارێ دەکات کۆمەڵگا تێکڕا نەخۆش بکەون، مناڵەکانی پێش گەنجەکانی، گەنجەکانی پێش پیر و پەککەوتەکانی. نیشتمانێک بووە بە زیندان، تەنانەت بیریارێک دەڵێ : تەنھا پێڵاوەکانم بەم خاکەوەی بەستوومەتەوە .. ئەگەر سنوورەکان ئاوەڵا بکەن، خەڵکەکە بە کۆڕەو بەجێی ئەھێڵن ، تەنھا چەند بنەماڵەیەکی حوکمڕان و مردووی گۆڕستانەکان لە نیشتماندا ئەمێننەوە.بڕوانە، زۆرینەی نوسەر و بیریار و زانا و داناکانمان لە تاراوگەدا ئەژین.
باسترناک بە کورتی باس لە کەسانێک ئەکات لە ناخەوە کۆیلە کراون و ناچار کراون بە پێچەوانەی خواست و خەون و ھیواکانیانەوە بژین، ئەم ژیانە پێچەوانەیە وا دەکات تێکڕایان لاشەیان تێک بشکێ و نەخۆش بکەون .
کاتێ دەسەڵات، داھاتی وڵات بۆ خۆی ئەبات و ناچاریشت ئەکات چەپڵەی بۆ لێ بدەیت و لە خۆشییەکانیدا ئاھەنگ بگێڕیت و لە ناخۆشییەکانیدا قوڕ بپێویت، وات لێ دەکات، خیانەتەکانی بە دەسکەوت و بەرخۆدان بۆ ئەژمار بکەیت، کۆمەڵکوژییەکانی بە خەباتی دژە تیرۆر بۆ تۆمار بکەیت و دزینی داھاتی نیشتمانی بە فەرمانڕەوایی و حەقدەستی پێشمەرگایەتییەکەی بۆ لێک بدەیتەوە، لەوێدا ئیتر تۆ ئەبیتە مۆڵگەی نەخۆشییە جەستەییەکان، خەست بوونەوەی خوێن و ڕاوەستانی دڵ و مێشک و نەخۆشیی بڕبڕەکانی پشت و جومگەکان و تێکچوونی ھەرس و شێرپەنجەکان و ھەناسە توندیی و تێکچوونی کارەبایی دڵ و نەخۆشییەکانی قوڕگ و گوێچکە و چاو و ئەکزیما و نەزۆکیی و تێکچوونی ھۆرمۆنەکان و پیربوونی پێشوەخت و ....ھتد.
کاتێ مامۆستای مزگەوتەکانمان داوای پارەت لێ ئەکا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی مزگەوت، جا داوات لێ ئەکا دۆعا بکەیت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆت لەلایەن خواوە !
دروستکردنی مزگەوت ئەکاتە ئەرکی سەرشانی خەڵک ، بەڵام پەیداکردنی گوزەرانی خەڵک، واز لێ دێنێ و ئەیداتە دەست دۆعا و نزا، لێدانی منداڵ ئەکاتە ئەرک لەسەر باوکان و دایکان، بەڵام لێدانی داگیرکەران و مافیاکان ئەداتە دەست خوا و ئەڵێ دۆعایان لێبکەن!
لەبەر ئەوە ڕوژ بە ڕۆژ مزگەوتەکانمان گەورەتر و پێشکەوتوو تر و گرانبەھاتر ئەبن لە بەرامبەردا ئەوانەی دێنە مزگەوت، ڕەش وڕووتتر و برسی تر و نەخۆشتر ئەبن، وای لێھاتووە نیوەی نوێژکەران لەسەر کورسی نوێژ ئەکەن، بە جۆرێک پەیوەندییەکی پیچەوانە ھەیە لەنێوان جوانیی باڵەخانەکانی مزگەوت و ھەژاریی و شڕ و ووڕیی و نەخۆشیی خەڵکەکەدا ، ھەتا مزگەوتەکان شاھانەتر بن، خەڵکەکەی خواناسییان تێدا ئەکەن، برسی و گەداتر و نەخۆشتر ئەبن، وای لێھاتووە خەڵک پارە دادەنێن بۆ جوانکردنی مزگەوت لە ھەمان کات داوا لە ئیمام ئەکەن دۆعایان بۆ بکەن ھەتا لە نەخۆشییەکانیان چاک ببنەوە !، چونکە نەخۆشییەکانییان دەروونییە و پەڕیوەتەوە بۆ ھەموو ئەندامەکانی لەشیان و چارەسەری نییە.
لێرە و لەوێ، ھەندێ بیریار و سەرکردەی موسوڵمان درکیان بەو کارەساتە مرۆیی وئاینییە کردووە، بۆیە دەڵێن عومەری کوڕی خەتاب فەرموویەتی : جوانکاریی مزگەوتەکان زیادەڕەوییە و لە ئاینی ئیسلامدا شتێک نییە بە ناوی جوانکاریی و ڕازاندنەوە و دەستبڵاویی لە دروستکردنی مزگەوتەکاندا .
ھەروەھا ئیمامێکی موسوڵمانان ، کورتترین ووتاری ھەینیی پێشکەش دەکات، تەنھا دێڕێکە ، ئەڵێت: ( پاروویەک بخەیتە دەمی ھەژارێک باشترە لە دروستکردنی ھەزار مزگەوت )
واتا ھەتا دابینکردنی پێداویستیی و چاککردنی کەم و کوڕیی ماڵەکان وەستابن، حەرامە دەست ببرێت بۆ ڕازاندنەوە و جوانکردن و دووبارە دروستکردنەوەی مزگەوتەکان، کارەساتە ئەگەر لە ماڵەکاندا مرۆڤەکان و مناڵەکانیان شەو تا بەیانی لەسەرماندا ولە برساندا ھەڵلەرزن و بتلێنەوە وگینگڵ بخۆن، لە کاتێکدا مزگەوتەکانیش لەو شەوانەدا کش و مات و چۆڵ و ھۆڵ، بە ملیۆنەھا دۆلاریان تێدا خەرج کرابێ، سورەیا و بەرد و توحفەی گرانبەھایان پێدا شۆڕ بووبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا ھۆکاری ھاتنی ئایینەکان و بنیاتنانی پەرستگاکان خۆشحاڵکردن و خۆشگوزەرانیی و ئاسوودەیی مرۆڤەکان بووە، نەک کتێبە ئاینی و پەرستگاکان لە زێڕ و زیو بگیرێن، لەو لایشەوە مروڤەکان ھەژار و ڕوت و ڕەجاڵ و برسی و نەخۆش بن.
پێغەمبەری خوا دروودی خوای لەسەر بێ، لە مزگەوتێکا کە بە پوشی خورما دروستکرابوو، ھەموو جیھانی بە دادپەروەرییەکەی داپۆشی وملیارەھا مرۆڤی لە کۆیلایەتی کۆیلە ڕزگار کرد بۆ بەندایەتیی خوای گەورە.
شاچارڵسی بەریتانیا ئەڵێت : ئێمە لە موسوڵمانەکانی ئیسپانیاوە فێری مافی ژن و ئەرکی ژن و زانستەکان بووین، کاتێ لەلای ئەوان چوارھەزار کتێبخانە ھەبوو، لە ھەموو ئەوروپادا ئەوەندە کتێبخانە نەبوو، لەوانەوە دەرمان و نەخۆشخانە و زانستەکان گەیشتە ئێمە ..
مایکل ھارت، موحەمەد دروودی خوای لەسەر بێ، ئەکاتە کاریگەرترین پیاو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە ناو ١٠٠ لە کاریگەرترین پیاوی مێژووی مرۆڤایەتیدا، لە کتێبەکەیدا بەناوی ١٠٠کەسە نەمرەکە.
ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە لە خۆمان بپرسین ئەم ئاینە بەرزەمان بۆچی ئاوا تێکشاندووە و کەمئەندام و شێواندووە؟
ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە ئەم ئایینە بێ بەرھەمە ماندووە نەخۆشە بێ غیرەتە کۆیلە و دەستەمۆ و بێدەسەڵاتە، بگۆڕین بەو ئاینە زانا و دانا و بەرھەمھێن و ڕزگارکەر و مژدە بەخش و دادپەروەرەی کە شا چاڕڵس و مایکل ھارد و ڕۆجێ گارودی و ئیحسان تەبەری و جەنڕاڵ کۆستۆ سەری ڕێزی بۆ دادەنەوێنن ؟ کە مرۆڤەکان لە کۆیلایەتیی و بێ ھیوایی و .. نەخۆشکەوتنی بە کۆمەڵ ڕزگار ئەکات ؟