دوو شه‌ممه‌, 17 ی ئازار , 2025

لیستی موچە یان بڕوانامەی کۆیلایەتیی؟

نەوزاد بەندی
  2025-03-14     132

بڕواناکەم لە مێژووی سیستمە حوکمڕانییەکانی ئەم ئەستێرەیەی لەسەری ئەژین ، شتێک هەبووبێ و ڕاگەیەنرابێ بە ناوی لیستی موچە ..تەنانەت لەسەردەمی ئابڵوقەی ئابوریی و سیستمێکی تێکشکاوی وەک سەدام حسێندا ، شتێکی لەو جۆرەمان نەبینیوە ..

بە ڕاستی جێگای پێکەنین و گریانیشە لە هەمان کاتدا ، کۆمەڵێ کرێکار و وەستا ئیشت بۆ بکەن ، دوای تەواو کردنی ئیشەکەیان بە چەندین ڕۆژ و مانگ ، ئینجا لیستێک وەک مژدە بڵاو بکەیتەوە ، تیایدا فڵان کرێکار ئەمڕۆ موچە وەربگرێ و فڵان کرێکار سبەینێ و فڵان وەستا دوو سبەی ..!

یان کێڵگەیەکی مریشکت هەبێ ، دوای برسیکردنیان بە چەندین ڕۆژ و شەو ، ئینجا لیستێک دابەزێنیت ، تیایدا ئەمڕۆ تەنها مریشکە ئومەهاتەکان بۆیان هەبێ ڕۆژووەکەیان بشکێنن و .. سبەینێ مریشکە شامییەکان و .. دوو سبەی مریشکە سپییەکان ..

جێگای پێکەنینە و له هەمان کاتیشدا جێگای گریان ، کاتێ دابەشکردنی بەری ڕەنج و مافی سەرەتایی فەرمانبەران  بکەیت بە دەسکەوت و مژدە و .. لیستێک بە شانازیی و لەسەر لاپەڕەی ڕەنگا و ڕەنگ لە هەموو هۆکارەکانی ڕاگەیاندندا دابەزێنیت و ..بنوسیت : ئەمڕۆ فڵان وەزارەت ڕۆژووەکانیان بە دیناری چاپی بەغداد بشکێنن و .. ئەوانی تر چاوەڕوان بن تا سبەینێ ، بزانین چ وەزارەتێکی تر بۆی دەردەچێ و بە موچەی دوو مانگ پێش ئێستای شاد ئەبێتەوە ..

ئەم لیستە کۆمەڵێک واتای تەنزئامێز و لە هەمان کاتدا خەمگین ئەگەیەنێت وەکو دەست بەسەرداگرتنی تەواوی نان و ژیان و گوزەرانی میللەتێک و .. پاشان نیشاندانی لیستێک ، بۆ ئەوەی هەمووان بەرەو ڕووت ڕابکەن و دەورت بدەن نەک لە خۆشەویستیدا بەڵکو لە برساندا ، ڕێک وەک ئەو بێچووە باڵندانەی پێیان دەوترێ خورما خۆرە ، کاتێ بۆ ماوەی ڕۆژێک و زیاتر  برسی دەکرێن ، بۆ ئەوەی ناچار بکرێن بێنە سەر دەستی جەلادەکانی  و ماڵیی بن و خواردن لەسەر دەست و شانی جەلادەکان بخۆن .. ئەم پێکەوە ژیانە ، ئەم هاوڕێیەتییە ، ئەم ماڵیکردنە ، پێکەوە ژیان و هاوڕێیەتیی و ماڵیکردنێکە ئەوەندە خەمگین و ناشیرینە ، بە بێ سێ و دوو ئەچێتە خانەی تاوان و ئەشکەنجەدانەوە ..ئەچێتە خانەی تێکدانی ڕەوشت و ڕۆتین و خەون و تایبەتمەندییی قوربانییەکانەوە ..

هەروەها ئەم لیستە گاڵتە ئامێزه خەمگینە ، هەوڵدانە بۆ نیشاندانی وەهمی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی و کاربەڕێکردن و دەوڵەتداریی ..وەهمێکی هێند ناشیرین ، کە ئەگەر هۆکاره ڕاگەیاندنەکانی جیهان تاقەتیان هەبێ و وەریگێڕنە سەر زمانە جیهانییەکان ، ڕەنگە چەندین درامای تەنز ئامێز و کاریکاتۆر و شانۆنامەی گاڵتەجاڕی لەسەر بنوسن ، بۆچی نا ؟ ئەی ئەوە نییە نوخبەی شانۆکارانی ئامریکا ، کۆبوونەوە گاڵتە جاڕە  خەمگینەکەی  تڕەمپی سەرۆکی ئامریکا و زێلنیسکیی سەرۆکی ئۆکراینیان کردە چەندین کاریکاتۆری پێکەنینئامێز و گاڵتەجاڕ و ..حەیای تڕەمپیان برد کە لە کۆشکی سپیدا داوای سوپاس و نەوازش له میوانەکەی دەکات و لێی توڕە ئەبێ و نانی ناداتێ و بە برسێتیی ئەینێرێتەوە ..

ئەم لیست دابەزاندنەی موچە ، وەک بڕوانامەیەک وایە بۆ تەواو  ڕامکردن و تەواو لێبوونەوەی کۆمەڵگا ، لە هەموو داواکاریی و ماف و بیرکردنەوە و هەڵبژاردەیەک ..بڕوانامەی نانخۆریی میللەت و نانبدەیی دەسەڵاتێکە ، کە هەر کاتێ پێی باش بوو ، هەر کاتێ بۆی لوا ، هەر کاتێ لێی زیاد بوو ، لە ناوەختا لیستێکی ڕەنگاوڕەنگ چاپ دەکات بۆ ئەوەی هەموو میللەت بە هەموو دەنگ و ڕەنگ و بیر و باوەڕەکانەوە ، لە کوچەی برسێتیی و چاوڕوانیی ڕایانپەڕێنێ و .. لە دەوری خۆی کۆیان بکاتەوە ...لە کەمئەندامەوە هەتا مەلای دوانزه عیلم و چەکدار و پزیشک و ئەندازیار و مامۆستا ..تێکڕا بە تامەزرۆییەوە لیستە ڕەنگاوڕەنگەکە تاوتو بکەن و بە  ووردیی بۆ ناوی خۆیان بگەڕێن ، ئاخۆ چ ڕۆژێکە .. جێی داخ و لە هەمان کاتدا جێی پێکەنینە کە لیستی موچە لە گەورەترین شاکاری ئەدەبیی و هونەریی و زانستیی ، لایک و کۆمێنت و بینینی زیاترە .. ژمارەی پێوانەیی چاوەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و .. ئەبێتە ترێندی پێگەکانی تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان .. ئەبێتە بەنرخترین مژدە لە تۆڕی ڤایبەری فەرمانگاکاندا و .. بە هۆیەوە ئەوانەی لێک عاجز بوون ، ئاشت ئەبنەوە و .. هاوسەرەکان وەک دیاری پێشکەش بە یەکتری ئەکەن له ماسنجەرەکانیاندا .. بۆ سبەینێ سوپایەک لە مرۆڤی تامەزرۆ ، پەلاماری بانک و فەرمانگەکان ئەدەن و ..شەقامی بەردەم بانکەکان بە ئوتومبیل دادەخرێن و  پۆلیس بە پاڵ و بە کێبڵ و بە فیکە ڕیزیان ئەکەن ، بۆ ئەوەی بە مافی مانگی ڕابوردوو شاد ببنەوە .. لەو حەشامات و شولوغی و قەرەباڵغیی و ئاپۆڕە و شان شانێیەدا ، چەندین بەساڵاچوو گیانی پاکیان لە دەست دەدەن ..چەندینیان توشی شەڕ ئەبن ..چەندینیان پێش ئەوەی بەو مافە ڕەنگا و ڕەنگە بگەن ، ڕەوانەی هۆڵەکانی بوژانەوەی دڵ ئەکرێن ..

لەم ڕۆژە مێژووییە وەهمیانەدا ، کە تیایدا فەرمانبەران بە مافی مانگێک لە مانگەکانیان شاد ئەبنەوە ، کە زۆرێکیان نازانن هی چ مانگێکە ، بەڵام دڵنیان لەوەی پارەیەک هاتووە ، ڕاستە و خەو نییە و دابەش دەکرێت و .. لیستەکەیش پشتڕاستی کردۆتەوە و .. وەک دەڵێن ئەمجارەیش دەستیان لێ گیر بووە ، ئا لەو کاتە مێژووییە وەهمییەدا ، تاکە کەس کە بێدەنگە و مێش میوانی نییە ، دەسەڵاتە ، وەک ڕاهێنەری سێرک وایە لە گۆشەیەکی نادیاردا لێی دانیشتووە و خۆی مەڵاس داوە و تەماشای نمایشی ڕامبوونی ڕەعیەتەکەی ئەکات ، چونکە دڵنیایە فیلەکان بە جوانترین شێوە بە گۆڕەپانەکەدا ئەسوڕێنەوە و ئەچنە سەر تەختەکان و وەک پەیکەر ڕادەوەستن .. شێرەکان  بە ڕێک و پێکیی وەک شێری باغه ، لە دوای یەکەوە ئەڕۆن و  خۆیان بەناو ئەڵقە ئاگرینەکاندا هەڵدەدەن ..

ئەوەی جێگای گاڵتەجاڕیی و گریانیشە لە هەمان کاتدا ، لەو ئاپۆڕەیەدا پڕۆفیسۆری سیاسەت و مێژوو و فەلسەفە ، لەگەڵ کرێکاری کارەبا و میراودا هیچ جیاوازییەکیان نییە ..ڕائید و نەقیب و ڕائید و موقەدەم و عەقید و عەمید و لیوا وەکو بلیت بڕ و شۆفێری ئەمبوڵانس و چێشتلێنەر ،  هەمان هێرش بۆ بەردەم ژمێریارەکان ئەکەن .. ڕۆژنامەنوسی ئازاد و حیزبیی و شاعیر و ڕۆماننوس وەک خانەنشین وبندیوار و پاسەوان و حیمایە ، هەمان هەناسەسواریی و خێرایی و هەمان ژماردن و گەڕان بۆ پارەی دوو ڕەقەم و ساختە و گوێبڕاو ..هەمان تینوێتیی کۆیان ئەکاتەوە ،  ڕێک وەک چۆن لە گۆڕەپانی سێرکدا ، فیل و شێر و کەروێشک ، هەمان گوێڕایەڵیی و هەمان نمایش پێشکەش ئەکەن ..

ئەم دۆخە خەمگینە ، گۆڕینی ناوەرۆکی مرۆڤەکانە بۆ یەک ناوەرۆک .. بۆ یەک بەرنامە ..بۆ یەک ئاڕاستە و .. یەک ئامانج ، کە بریتییە لە دەستخستنی هەندێ پارەی چاپ .. هەندێ مافی خوراوی مانگەکانی پێشوو ..

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×