شێرپەنجە دروستبوون و زیاد بوونی کۆمەڵێک خانەیه لە هەمان لەشدا ، کە کاری خانە و شانەکانی تر لاواز ئەکات . . بەرە بەرە ئەو خانە شێرپەنجەییانە بەهێزتر و چالاکتر ئەبن ، لە بەرامبەردا ئەندامەکانی لەش لاوازتر و وێرانتر ئەبن ، واتا پەیوەندییەکی پێچەوانە لە نێوانیاندایه ، بە جۆرێک ئەگەر چارەسەری قورس وەرنەگرێ ، لە ماوەیەکی کەمدا مەرگێکی پڕ لە ئازار ڕوو دەدات .
لە ڕاستیدا لە جیاتی ئەم خانە شێرپەنجەییانە کە بەشێکن لەو لەشە ، فیشەکێک یان ژەهرێک توشی ئەو لەشە ببووایە ، ئەیتوانی به جۆرێ لە جۆرەکان ، دژایەتیان بکات و چاک بێتەوە ، بەڵام ئەو خانە خیانەتکارانە کە درستکراوی هەمان لەشن ، چارەسەریان زەحمەتە و ..بەرنامەکەیان چالاکبوونی خۆیان و پوکانەوەی ئەو لەشەیە .
بە هەمان شێوە ئەگەر بڕوانینە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و بریکارەکانی کۆڵۆنیالیستی جیهانیی ، هەمان ڕۆڵی خانە شێرپەنجەییەکانی لەش ئەبینن ، واتا کوڕی کۆمەڵگاکەن ،کەچی هەموو کار و چالاکییەکانیان له دژی ئەو کۆمەڵگایەیە .. کۆمەڵگا بەرەو هەژاریی و نەخوێندەواریی و بێکاریی و جەنگی بێ مانا و ترس و دڵەڕاوکێ ئەبەن ..لە بەرامبەردا ، ئەو خانە شێرپەنجەییانەی دەسەڵات ، ڕۆژ بە ڕۆژ خۆیان و خێزان و خزمەتکارەکانیان ، دەوڵەمەندتر و بەهێزتر و خۆشگوزەرانتر ئەبن ..
ئەم دۆخە ڕۆژ بە ڕۆژ زەقتر ئەبێتەوە .. ئەگاتە ئاستێک داهاتی هەموو کۆمەڵگاکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەخرێتە خزمەتی ئەو خانە شێرپەنجەییە دەسەڵاتدارانەوە ، پارەیەکی خەیاڵیی لە کڕینی شتی زۆر سەخیفدا خەرج دەکەن ، چونکە کورت و کرمانج ئەوانە شێرپەنجەن ، به جۆرێک لە کاتێکدا بە ملیۆنەها هاووڵاتی ئەو کۆمەڵگایه لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن ، ئەو خانە شێرپەنجەییانەی دەسەڵات ، ڤێلا بە ملیۆنەها دۆلار ئەکڕن ، نەک ڤێلایەک و دووان و سیان و چوار ..لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا ، بە بێ ئەوەی تیایدا بژین ، دزینی ملیارەها دۆلار و توندکردنیان لە بانکی وڵاتە کۆڵۆنیالیستەکانی جیهاندا ، تەنها بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان ( بە پێی بۆچوونی شێرپەنجەییانەی خۆیان ئەگینا بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵات بە لەخۆبوردن و خۆبەخشیی ئەبێ نەک بە کاری مافیاگەریی و دزی و تاڵانیی ) هەروەها پۆشینی پۆشاکی زۆر گران بە دەیان و سەدان هەزار دۆلار ، دانانی سەعاتی مەچەکی ملیۆنان دۆلاریی ..ئەم جۆرە ڕەفتارە ناشیرین و قێزەونانە ، کە خۆپەرستی و ناکامڵیی و هەزرەکارییان لێ ئەتکێ ، هەم بۆ تێرکردنی غەریزەی شێرپەنجەیی خۆیانە ، هەم جەنگێکی دەروونییه لەگەڵ تەواوی میللەتدا ..ئەم جەنگە فرەلایەنەیش زیاد ئەکات بە زیادبوونی هەژاریی و نەداریی کۆمەڵگا ، واتا هەتا دۆخی کۆمەڵگا وێرانتر بێ ، دۆخی ئەوان شاهانەتر ئەبێ .. چونکە خانەی شێرپەنجەیین ، کاریان ئەوەیە سات لە دوای سات خۆیان بەهێزتر و چالاکتر و دەوڵەمەندتر بکەن ، لە بەرامبەردا خانەکانی تری ئەو لەشە یان ئەو کۆمەڵگایه لاوازتر و نەخۆشتر و دەردەدارتر بکەن ..
ئێستا تەماشایەکی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بکەن ، بزانن ئەو شێرپەنجە فەرمانڕەوایانە چ دەردێکیان توشی میللەتەکانیان کردووە ..چۆن چۆنی میللەتەکانیان کردۆتە کۆیلەی پاروویەک نان ..دایانڕزاندوون .. زانست و ئەدەب و هونەر و کلتوور و ئایینیان پوکاندۆتەوە ..تاکە پیشە کە دەست ئەکەوێت ، پیشەی ترساندن و تۆقاندن و شەقهەڵدانە لە هاووڵاتیان .. بزانن چ هەژاریی و لە برساکوشتنێک لە ئارادایە ..تەماشای ئەو لێکترازان و سەرلێتێکچوونی نەتەوایەتیی و مرۆییەی کە لەو کۆمەڵگایانەدا ئەگوزەرێ .. سەیری دیاردەی نامۆبوون و سەرهەڵگرتنی هەتاهەتایی بۆ وڵاتان و شێت بوون و خۆکوشتن و هەڵوەشانی خێزان و دابەزینی نرخی مرۆڤ و نەمانی مافەکانیان بکە .. بچووککردنەوەی مرۆڤ هەتا ئاستی مێروویەکی بێ هەست و هۆش و دەستەمۆ ..
بێگومان ئێستا هەمووتان هەست بەو دۆخی شێرپەنجە و ئەشکەنجەدانە ئەکەن کە سەرجەم سێکتەرەکانی ووڵاتی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی گرتۆتەوە .. لە بچوکترین خزمەتگوزاریی و مافەوە هەتا گەورەترینیان ، تێکڕا کاریگەریی ئەو خانە شێرپەنجەییانەیان لەسەرە و به جۆرێک لە جۆرەکان ، نەخۆش و لاواز و ئیفلیج بوون ..
لێرەدا باس لە چارەسەری ئەم دۆخە ترسناکەی کۆمەڵگا تووشبووەکان بە شێرپەنجەی دەسەڵات ئەکەین ..ئاخۆ چارەسەرییەکەی چۆنە ؟ میانڕەوەکان ئەڵێن پەروەردە کردن و هوشیارکردنەوەی هاووڵاتیان ، ڕێگا چارەیەکی باشە ، لە کاتێکدا ئەگەر بە چاوی سەر بڕوانن ، هەرچی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و شێرپەنجە هەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ، به جەنگ و شۆڕش و توند و تیژیی هەڵکەنراون و کۆمەڵگایان لێ ڕزگار کراوە ..هیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر نەبووە و نییە و نابێ لە ڕێی پەروەردە و ڕێکاری دیموکراسیی مۆدێرنەوە ، واز لە دەسەڵات بێنێ و کۆمەڵگا لە شێرپەنجەی فەرمانڕەوایی ڕزگار بکات ..
بە هەمان شێوە ، کاتێک لەشێک ئەکەوێتە داوی شێرپەنجەوە ، بە هیچ چارەسەرێکی سونەتیی و نەرم و نیان ڕزگاری نابێ .. بەڵکو تاکە ڕێگا ، چارەسەری قورسە ، چارەسەری کیمیاوی و تیشک ، کە ئەبنە هۆی سوتاندنی بنکە و بارەگا و فۆکەسەکانی خانە شێرپەنجەییەکان ، لەگەڵیشیدا ئەو لەشە ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئەکێشێ ، چونکە ئەو خانە شێرپەنجەییانە بەشێکن لە خۆی و دەمار وخوێنی خۆییان پێدا ئەڕوات ..بەڵام سوتاندنی بنکە و بارەگا و پێگەکانی ئەو خانە شێرپەنجەییانە ، لەگەڵ ئەوەی ئازار و ئەشکەنجە و پارە و سامان و لە خۆبوردن و ئارامگرتنێکی زۆریان ئەوێت ، لەگەڵ ئەوانەیشدا ، ڕوناکیی خۆری ڕزگاربوون لە ئاسۆکاندا دەردەکەون و .. درەختە سووتاوەکانی هیوا و ئاوات ، چرۆ و شکۆفە دەردەکەن ..