لە سلێمانی ، ئەچیتە هاوینە هەواری دوکان وسیتەک و قەڵاچوالان و کانی سارد و مێرگە پان و قەرەداغ و ڕێی هاوینە هەواری دوکان و هەزار مێرد و گەلێ شوێنی تر ، بە نرخی ملیارەها دۆلار ڤێلا و باخی چۆڵ و بێدەنگ ئەبینی .. هەروەها لە شەقڵاوە و پیرمام و ڕێگای هاوینەهەوارەکانی تر ، ملیارەها دۆلار ڤێلا و باخی چۆڵ و خەمگین ئەبینی .
لە بەرامبەردا سەدان هەزار هاووڵاتیی بێ ماڵ و بێ پاره و بێ کار .. لە بەرامبەردا دەیان هەزار گەنجی هەڵگری بڕوانامەی بەرز ، کە دانەمەزراون و ..وەک سزادراو بێ کار و بێ پارە و بێ ماڵ و خێزان ، ئەسوڕێنەوە و ژیانیان لە بازنەیەکی داخراوی تاریک و نوتەک و،بێ هیوادا بەسەر ئەچێت ..تاوانیان ئەوەیە کە درەنگ لە دایک بوون و فریای دابەشکردنی زەوی و ئاسمانی کوردستان نەکەوتوون و ..مایه پوچ ماونەتەوە ..ئەرێ بەڕاست پێویست ناکات چاوێ بە مرۆڤبوون و ..بە ئایینداریی خۆماندا بخشێنینەوە ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە خۆپەرستیی و بۆخۆژیانیی خۆمان بخەینە ژێر پرسیارەوە و ..پەنجەیەکی هەڕەشە لە ڕووی خۆماندا ڕاوەشێنین و .. کانیاو و کارێزە ووشکهەڵاتووەکانی فرمێسک و سۆز و عاتیفەی خۆمان هەڵگێڕینەوە و بۆ چەند دڵۆپە فرمێسکێک بگەڕێین ؟ ئایا وەختی ئەوە نییە مەردایەتیی و غیرەت و کەسایەتیی خۆمان پەلکێشی دادگای ویژدان بکەین و ..بە چەندەها سزای قورس خۆمان سزا بدەین ؟؟
من ناڵێم ئازادی تاکە کەس زنجیر و کۆت و بەند بکرێ ، بەڵام ئەگەر ئەو هەموو ملیار دۆلارەی کە بە بێ سوود لەو دەشت و دەرە فڕێ دراون و ..وەک خانووی تارمایی و ترسناک بەجێهێڵراون ، ئەگەر ئەو پارە زۆرەمان بکردایە بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هەرزان و ..بەسەر کرێچی و گەنجە خێرلەخۆنەدیوەکاندا دابەشمان بکردنایە لە بەرامبەر کرێیەکی کەمدا ، باشتر نەبوو ؟
ئایا ئەگەر ئەو هەموو پارە و ماڵ و سامانە بە هەدەر دراوانەمان ، بکردایە بە کارگە و فرۆشگا و کارخانەی بچووک و پڕۆژەی وەبەرهێنان و ..سەدان هەزار لاوی هەناسەساردی میللەتەکەمان بخستایەتە کار و .. داهاتوویەکی جوانمان بۆ دروست بکردنایە ، جوانتر و بەسوودتر نەدەبوو ؟ هەم بۆ خۆمان و هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ ئارامیی و تەواوکاریی نەتەوایەتیی و پێشکەوتن ؟
ووڵاتێکی وەک چین ، بەو پارانەی ئێمە کردوومانن بە ڤێلا و باخی چۆڵ و ترسناک ، سەدان و هەزاران کارخانە بنیات نراون و .. هەموو جیهانیان پڕ کردووە لە بەرهەم و هەزاران ئەوەندەی ئەو پارانەیان قازانج کردووە ..
شایانی باسە هەڵتۆقینی ئەم ڤێلا و باخ و کۆشکە چۆڵ و ترسناکانە ، یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی جیهانی سەرمایەداریی ، کە جێگای ئێرەیی و ڕق و تووڕەیی هەژارەکانە و.. کۆت و پێوەنێکی قورسیشە لە گەردنی دەوڵەمەندەکاندا کە نازانن چی لەو هەموو دەسکەوتە بێ سوود و بێ خێر و بێ داهاتانە بکەن .. ساڵان دێن و ساڵان ئەڕۆن ، ڤێلا و باخە چۆڵ و بەجێهێڵراوەکان قەوزە و شێ و تەپ و تۆز دایانئەپۆشێ و ڕەنگەکانیان کاڵ ئەبنەوە و مۆدێلەکانیان بەسەر ئەچن و ئەپڕۆتکێن .. درز ئەبەن و ..گەچەکانیان ئەکەوێتە خوارێ ..وەک بڵێی ماڵ وسامانێکن لە دەرەوەی پێویستی خۆیان و لە ڕێی هیچدا دروستکراون و جێهێڵراون
شایانی باسە دەوڵەمەندێک ئەناسم ، ئەیووت من جل و پێویستییە زیادەکانم ئەدڕێنم و ئەشکێنم و ئەسوتێنم بۆ ئەوەی هیچ کەسێک سوودیان لێ نەبینێت ..ئەمە ئەو هەستە ترسناکەی جیهانی سەرمایەدارییە کە وا ئەزانێت پارە و داهاتێک قۆرخی کردووە ، هی هەوڵ و ماندوو بوونی خۆیەتی و ئامادە نییە بیبەخشێت بە خەڵکێکی تر کە ئەو هەوڵ و ماندووبوونەوەی پێوە نەکێشاوە .. هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا کە دۆناڵد تڕەمپ یارمەتییەکانی لە ووڵاتە هەژارەکان بڕی ، بڕیاری دا سەدان ملیۆن تەن خواردەمەنی لەناو ببات ، لە کاتێکدا ملیۆنەها مرۆڤ له ئەفەریقیا و ئەمەریکای لاتین و هیند و یەمەن بە دەست برسێتییەوە ئەناڵێنن و ..ڕێژەیەکی دیار له مناڵان له برساندا ئەمرن ..
ووڵاتێکی سەرمایەداری وەک فەڕەنسا کە خۆی بە خاوەنی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ ئەزانێ ، سەدان ڤێلا و کۆشکی چۆڵ لە پاریس و ستراسبۆرگ و شارە گەورەکانی تردا بە چۆڵکراویی بەجێهێڵراون ، لە کاتێکدا لەو ووڵاتەدا کێشەیەکی گەورەی نیشتەجێبوون هەیه ، کار گەیشتۆتە ئەوەی ساڵانە چەندین حاڵەتی چوونە ناو ئەو ڤێلا چۆڵانە هەیه ، خەڵکێک لە بێ دڵدەییدا دزە ئەکەنە ئەو کۆشکە چۆڵانەوە ، بۆ ئەوەی هەتا پۆلیس پێیان ئەزانێ و دەریانئەپەڕێنێ و ڕوو بە ڕووی یاسایان ئەکاتەوە ،چەند ڕۆژ و هەفتە و مانگێک ،وەک مرۆڤ بژین ..!
بە داخەوە ..
لە هەمان کاتدا لە جێی خۆیایەتی ئەگەر باسی هەندێ کەسایەتیی مرۆڤ و لە خۆبوردوو و خۆنەویستی وەک خوالێخۆشبوو عەلی کەمال و کەریمی عەلەکە له سلێمانی بکەین ، کە لەگەڵ ئەوەی دەوڵەمەند بوون ، هەرگیز خۆیان بە خاوەنی ئەو ماڵ و موڵکە نەزانیوە و .. هەمیشە خەریکی بە دەمەوەچوونی هەژارانەوە بوون و بە هەموو جۆرێک خزمەتیان کردوون .. کار گەیشتە ئەوەی عەلی کەمال ، بێجگە لە یارمەتیی دارایی هەژاران و دروستکردنی چەندەها بنکەی تەندروستی و مزگەوت له سلێمانی و شارەکانی تری عێراقدا ، چەندین گەڕەک خانووی لەسەر کرێنشینەکانی تاپۆ کرد .. چەند جێی شانازییە ، ئێستا دڵنیام هەمووتان بەم ووشانەی کۆتایی ووتارەکە ، شنەبایەکی شانازیی و ئارامیی بە دڵ و دەروونتاندا دێت .. لەناخەوە هیوادار بوون ئێوەیش وەک ئەو بوونایه .. نووسەری گەورەی ڕوس و جیهان لیڤ تۆڵستۆیتان بیر کەوتەوە کە هەموو زەوی ماڵەکانی بەسەر جوتیارەکانیدا دابەش کرد و خۆیشی کۆشکەکانی بەجێهێشت و وەک جوتیارێک چووە ناو کێڵگەکانەوە و دەستیکرد به جوتیاریی و کارکردن ..
شایانی باسه ، هەرچەندە پەیوەندیی بە بابەتەکەمانەوە نییە ، کاتێ تۆڵستۆی بڕیاری دا کۆشک بەجێبهێڵێت و بڕواتە ناو جوتیارانەوە و وەک ئەوان بژی و بمرێ ، لەو هەزاران کتێبەی کتێبخانەکەی تەنها یەک کتێبی لەگەڵ خۆی برد ، کتێبی برایانی کارامازۆفی تیۆدۆر دەیستۆیڤسکی .. ووتی : لەو تەمەنەی ماومە ، وەک کتێب تەنها برایانی کارامازۆفم بەسه ..