میللەتی کورد ، لە زیرەکترین میللەتەکانە .. هەموو جۆرە بەهرەکانی تێدایە ..لە بیرکاری و پزیشکی و سینەما و ئەندازیاری و هونەر و نوسیندا گەیشتۆتە چڵە پۆپە .. بەڵام لە گۆشە نیگای یەکترەوە ، هیچن ..!
تۆ بڕوانە لەو میللەتە ، بۆ نمونە کچێکی هەڵەبجە چەندەها مەدالیای ئاڵتونی هەیە لە بواری بەرزکردنەوەی قورساییدا ، هیچ کوردێک باسی ناکا ، ناچاره خۆی باسی خۆی بکا .. کارەساتێکی چەند گەورەیە خۆت باسی خۆت بکەیت لە پیناوی ئەوەی ئەرک وماندووبوونت وون نەبن ، خۆی و مەدالیاکانی بڕۆنە خزمەتی بەرپرسە بودەڵەکانی کورد ، کەچی ئەوان هەر تەماشایشی نەکەن ..تەنانەت وەک مشکێکی تۆپیو بۆ مەدالیاکانی بڕوانن .. داهێنەری ئوتومبیلی کارەبایی لە کۆمپانیای جەنڕاڵ مۆتۆڕی ئەمەریکیی ، کوردێکە ، هیچ کوردێک نایناسێ ، ناچاره خۆی باسی خۆی بکا ، به بێ ئەوەی هیچ کوردێک دەستخۆشییەکی لێ بکا ، به پێچەوانەوە ئەو هەر باسی چالاکی و داهێنانەکانی خۆی ئەکا و .. میللەتەکەیشی باوێشک ئەدەن .. کەناڵەکە ئەگۆڕن .. یان تێر جنێوی ئەکەن ..به درۆزن و فشەکەر و هەڵەوەڕ ئەیناسێنن ..پێی ئەڵێن ئەگەر پیاو بوویتایە لە شارەزوور یان لە بەستەسێن دروستت کردایە..!
گەورەترین دەرهێنەری سینەمایی کورد ، بە ناچاریی خۆی باسی خۆی ئەکا ، چونکە هیچ کوردێک باسی ناکا .. گوێی لێناگرن ، کە دێتەوە ، جۆرەها پرسیاری شەرمئامێزی لێ ئەکەن ، پێی ئەڵێن تۆ دزیت ، با لە ڤێستڤاڵی کان یش قازی بێت ، بەڵام تۆ دزیت .. گەورەترین گۆرانیبێژی ڕاپ و جێگرەوەی مایکڵ جاکسن ، کە کوردە .. نایناسن ..ئەویش به ناچاریی دێتەوە ناو میللەتەکەی و ..کەناڵێکی زۆر هەژار ، چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەکا و .پێی ئەڵێ : باسی خۆت بکە!! .. ئەبێ خۆی باسی خۆی بکا .. کەسیش گوێی لێ ناگرێ ، پێی ئەڵێن با بڕوا بێ ڕەوشتی وا .. هەزار ناوناتۆرەی دوا دەخەن ..
شتێکی چەند سەیرە ، میللەتێک پڕ بێ لە توانا و بەهرە ، بەڵام هەر خۆیان ئەو توانا و بەهرانە بە درۆ بخەنەوە .. ئەمە لە یاساکانی فیزیادا پێی دەووترێت سفرکردنەوە ، کاتێک چەند هێزێکی زۆر گەوره کە دژی یەک ئەبنەوە ، دەرئەنجامەکەی سفرە ..
ئیتر بەو جۆرە ، لە کاتێکدا نووسەری زۆر گەورەی جیهانیمان هەیە ، بەڵام لای خۆمان دز و درۆزن و بێ نرخە ..ئەویش ناچار ڕائەکا بۆ ئەوروپا و .. بە دەستێک قاپ ئەشوات و ..بە دەستەکەی تری ڕۆمان ئەنوسێ .. کە ئەیەوێ بێتەوە ، هەزار جنێوی مزری بۆ ئامادە ئەکەن ..
پیاوێکی دینداری گەورەی کورد ، لەلایەن دیندارەکانی هاوڕێیەوە ، جنێو باران ئەکرێت ، ئەکرێ بە کافر .. زەندیق .. خوێنی حەڵاڵ ئەکرێ ..
گەورەترین کێشەی تاکی کورد ئەوەیە ، کە ئەبێ واز له داهێنان بێنێ و ناچار بێ به چوارمشقیی لێی دانیشێ و .. باسی خۆی بۆ کورد بکا .. مەدالیاکانی ، خەڵاتەکانی کە میللەتانی تر پێیان داوە ، پیشانیان بدا ، بۆ ئەوەی پێی بڵێن درۆ ئەکەیت ..فشە فش مەکە .. ساڵەهای ساڵ ئەو داهێنەرانە باسی خۆیان ئەکەن چونکە هیچ کەسێک باسیان ناکات .. نەک هەر باسیان ناکەن ، بەڵکو تەنانەت ئامادە نین گوێیشیان لێ بگرن .. ئەوانیش به ناچاریی ،بە دڵی شکاوەوە ئەڕۆنەوە بۆ تاراوگە ، لەوێ فەرشی سووریان بۆ دادەخرێ و دەکرێنە پارێزگاری شارە گەورەکانیان وەکو تۆفیق بەگی پیرەمێرد کە 20 ساڵ پازێزگاری شاری ئەماسیای تورکیا بوو ..ڕێز و نرخاندنیان لەوێ بۆ ئەکرێ و .. لەوێ ئەمرن ..
کارەساتێکی چەند گەورەیە بەهرەمەندێکی کورد ڕووگیر بکەیت لە ئەمەریکا بێتەوە کوردستان ، بۆ ئەوەی گاڵتەی پێ بکەیت و پێی ڕابوێریت و ..وای لێ بکەیت لە مامۆستای زانکۆوە ببێتە ئاڵودەی ئەلکهول و ..لە داخ و مەراقدا بمرێ ..
شەرمەزارییەکی تا سەر ئێسقانە ، دانەری ئەلف و بێی زمانی کوردی ، کە دەیەها نەوەی بەرز و باڵا و زیرەکی بنیاتناوە ، ناچار بێ سەر هەڵبگرێ و لە تاراوگە بمرێ .. پێش ئەوەیشی بمرێ ، بە بەرچاوی خۆیەوە ، کتێبەکەی لە سیستمی خوێندن شار بەدەر بکرێ ، بۆ ئەوەی بە داخ و گینگڵدانەوە بمرێ .. کە ئەیشمرێ ، هیچ کوردێ نەک هەر فرمێسکێکی بۆ ناڕێژێ ، تەنانەت هیچ کوردێ نازانێ مردووە .. هەر بەو ئەلف و بێیەی کە فێری کردوون ، دوو دێڕ پرسەی بۆ نانوسرێ ..به پیتێکیش دڵی نادرێتەوە ..
ئەمە چۆن کارەساتێکە ؟ ئەم چ نەخۆشییەکە توشی عەقڵی ئەم میللەتە بووە ؟ کاتێ داهێنەرەکانی ناچار ئەکا ، ڕا بکەن ..خۆیان بکوژن .. شێت بن .. جۆرەها سوکایەتی و تاوان و بەدڕەوشتیی بۆ ئەچنن ، بۆ ئەوەی لە داهێنان ڕاوەستن .. بۆ ئەوەی تێک بشکێن .. بتوێنەوە ..داڕزێن .. حەیایان بچێ .. تف لە خۆیان و بەهرە و داهێنانەکانیان بکەن ..
لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم ، کە بڕوانامەیەکی بەرزی هەیە و ..ئەلتەرناتیڤی ئەنتی بایۆتیکی دۆزیوەتەوە ، هاتبوو باسی داهێنانەکانی خۆی بۆ ئەکردم ، کە هیچ زانکۆیەک ..هیچ کەناڵێک ..هیچ کوردێک حیسابی چڵە پوشێکیان بۆ نەکردووە ..چونکە ئێمە میللەتێکی دڕندەین ، ئەوانەی داهێنەرن تیایدا ، ئەبێ وەک مەڕ و کارئاسک لە حزووریاندا بپاڕێنەوە و باسی داهێنانەکانیان بکەن ، بۆ ئەوەی ئەوانیش بیانهاڕن ..بیانخەنە ژێر ڕەحمەتی کەڵبەکانیانەوە ..بیانخەنە ژێر شەستە بارانی تف و جنێو و سوکایەتییەوە ..
پزیشکێک کە لە ناوجەرگەی ئەوروپادا ، گەورەترین پڕفیسۆری شێرپەنجە بوو ، لێرەوە موگناتیزە چاوچنۆک و دڕەندەکان ، ڕایانکێشایەوە بە حیساب پێویستیان پێیەتی و چۆن ئەبێ خزمەتی بێگانە بکا و ..میللەتەکەیشی لە زەلکاوی شێرپەنجەدا بتلێتەوە ، بەو جۆرە وەک چۆن شەماڵ سائیبیان لە سەر کورسی دکتۆرا لە ئەمەریکا هێنایەوە بۆ ئەوەی لێرە سوکایەتیی پێبکەن ، ئەویشیان لە ناوجەرگەی ئەوروپا ، پێش ئەوەی مافی هاووڵاتیبوون وەربگرێ ، هێنایەوە ..تەماشا ئەکا دەستی دەستی پێ ئەکەن ..تەنانەت دامەزراندنەکەی بۆ تازه ناکەنەوە .. تەماشای ئەکەن کە چۆن بەرە بەره ڕیسوا ئەبێ و شێت ئەبێ و لەسەر شەقامەکان لە برسا ئەمرێ ..ئەمیش پێش ئەوەی کار لە کار بترازێ ، پەیوەندی به ئەوروپاوە ئەکا و .. پێیان ئەڵێ : هاوڕێیان ! میللەتەکەم خەریکە وەک حەزرەتی حسێن سەرم ئەبڕن ، چارم چییه ؟
پێی ئەڵێن : گەورەم تۆ ڕازی بیت بێیتەوە بۆ لامان ، ئێمە ئەتخەینە سەرچاومان ..
ئەڵێ : چۆن ئەتوانم بێمەوە ؟ من نە ڕەگەزنامەی ئێوەم هەیه و نە پاسپۆرت و نە هیچ ..
پێی ئەڵێن :ئەوە بۆ ئێمە لێ بگەڕێ ..
کاتێ ئەچێتە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە ئەوروپیە لە ووڵاتی شام ، کابرای باڵوێز لە بەری هەڵئەستێت و ..پێی ئەڵێ : بەس پێم بڵێ تۆ کێی ، گەورەم ؟
ئەڵێ : بۆچی ؟
ئەڵێ : ئەوەی بۆ تۆ کراوە ، لە مێژووی ئەوروپادا بۆ هیچ کەسێک نەکراوە .. هیچ کەسێک به بێ ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی ئەوروپیی نەیتوانیوە به شێوەیەکی فەرمیی و له ڕێی باڵوێزخانەیەکی ئەوروپییەوە ، بۆ ئەوروپا بڕوات .
تەماشا ئەکەی پەیکەرسازێکی جیهانیی کورد کە لە لیژنەی داڕێژەران و دروستکردنی دراوی جیهاندا ئەندامە ، دێتەوە لێرە پەراوێز ئەخرێ ، پەیکەر لەسەر ئەرکی خۆی دروست ئەکا وهێشتا پێی ئەڵێن دزە .. بە ناخی زەویدا ئەیبەن و تاک شەڕواڵێک له پێ ئەکا و لە دوکانێکی بچووکدا تەڵی حاجەت شوشتن ئەفرۆشێ ..!
ئیتر بەو جۆرەیە ، سیاسیەکی کورد ، سیاسیەکانی تری کورد ڕیسوا ئەکا ..ئەیانکا به پەڕۆ .. لە بەرامبەردا باسی پڕۆژە و چاکسازییەکانی خۆی ئەکا ، لە هەزار لاوە جنێوی مزری بۆ ئەڕوات .. سیاسیەکانی تریش قۆڵی مەردانەی لێ هەڵئەماڵن ، بۆ هێرشکردنە سەر یەکتری و حەیابردنی یەکتری ..
تەماشا ئەکەی دوو کورد یەکتری ئەبینن ، یەکێکیان ئەڵێ بەردەرگای خۆمان و ئێوەیشم پاک کردەوە .. ئەوەی تریان ئەڵێ :جائەوە چییە ؟ من هی خۆمان و ئێوە و گەڕەکی ئەودیویشم پاک کردۆتەوە ..
یەکێکیان ئەڵێ :ئەمشەو سەد لاپەڕەم خوێندۆتەوە ..
ئەوەی تریان ئەڵێ : جا سەد لاپەڕە چییە؟ من هەر کاتی نانخواردن ،دووسەدم خوێندەوە ..
یەکێکیان ئەڵێ : من چوار
حەج و هەشت عەمرەم کردووە .. ئەوەی تریان ئەڵێ : ئەوەی تۆ هیچ نییە ، من هەشت حەج و شانزە عەمرەم کردووە و شەهیدیشم ! ..
یەکێکیان ئەڵێ : من لە هەشت ڕۆژنامەدا ئەنووسم و پەنجا کتێبم بە چاپ گەیاندووە ..
ئەوەی تر ئەڵێ : هیچ نییە ،من هەر لە سکی دایکما بووم کە دوو ئەوەندەی تۆ کتێب و ووتارم هەبوو ..
کار گەیشتۆتە ئەوەی سەرکردەی کورد هەبووە لەڕێی کوردا شەهید بووە ..یان بیست ساڵە لە زینداندایه ، کەچی کورد جنێویان پێ ئەدەن .. یان لە باشترین حاڵەتدا ، پشتگوێیان ئەخەن ، وەک ئەوەی هەر هیچ نەبووبن ..بەو جۆرە ..
ئەمەیش دەرئەنجامی سەیر و گاڵتەجاڕی لێ سەرچاوە ئەگرێ ، بۆ نمونە سەیر ئەکەیت کەناڵە کوردییەکان ڕیکلام بۆ کاڵای دوژمنانی کورد ئەکەن و بازاڕیان بۆ پەیدا ئەکەن ، لە بەرامبەردا کاڵا ناۆخۆییەکان سوک و ڕیسوا وخراپ نیشان ئەدەن ..بەو جۆرە بازاڕەکانی کوردستان ئەبنە بازاڕی کاڵاکانی دوژمنانی کوردستان و بە شانازیشەوە ئەو پڕۆسە قێزەونە ئەنجام ئەدەن ..
تەماشا ئەکەیت ، هەزاران ووتار لەسەر چیرۆکی مۆباسان و چیخۆف و ئێدگار ئاڵن بۆ ئەنووسن ، بەڵام تەنانەت دێڕێکیش لەسەر چیرۆکێکی حەسەن قزڵچی و حسێن عارف و کاوس قەفتان نانووسن .. تەنانەت گەنجێکی ئەمڕۆ نازانێ کاوس قەفتان و ئەحلام مەنسوور کێن و چ کارە بوون .. بەڵام ئەوەندە بابەتیان لەسەر کافکا و تۆڵستۆی و ئۆرهان پاموک و بۆرخیس خوێندۆتەوە وا ئەزانن ئەوانن باوکی ئەدەبی کوردیی .. کەسێک باس لە ووتارە ڕەخنەگرییە دوور و درێژەکانی فوئاد مەجید میسری ناکات ..نازانن ئەنوەر قادر محەمەد و عەبدوڵا پەشێو کێن و خەریکی چین .. بەڵام ئاگاداری شیعرەکانی فروخ وسوهراپ و ناز حیکمەت وڕامبۆن ..
ئەم دۆخە سەیر و ترسناکە وا ئەکات ئەو کۆمەڵگایه بۆگەن بکات .. تیایدا کرم و مار سەر دەربێنن و ببن بە کەسی باڵا و بەرپرس .. هەتا بێ ، کرم و مارەکان گەورەتر بن و.. کەلاکی کۆمەڵگایش قێزەونتر و بۆگەنتر بێ ..
تیایدا هیچ شانازی و شەرەفمەندیی و پیاوەتییەک نەمێنێ .. مرۆڤەکانی بێ ماف و بێ گوزەران و کۆیلە و سووک بن ، لەوەیش ناخۆشتر ، شانازیی بە بێ مافی و بێ گوزەرانی و کۆیلایەتیی و سوکایەتیەوە بکەن .. هەندێکیان بە تاقیکردنەوەی خوایی بۆ بەندەکانی لێکی بدەنەوە کە ئارامگرتن لەسەریان ، بەهەشتی تیا دەست دەکەوێت وەک پاداشت ..
هەندێکی تریشیان بە قۆناغه تاریکەکانی مێژووی دابنێن و چاوەڕوان بکەن تا قۆناغی ڕێنیسانسی کوردیی دێت ..!
هەندێکی تریش لایان وابێ ژیان هەر وایە و .. کۆمەڵگا هەر وایه ..
لە کاتێکدا چاڵێکە وهەموویان پێکەوە هەڵیانکەندووە و.. هەموویشیان پێکەوە تێیکەوتوون ..و هەموویشیان پێکەوە لە کێشمە کێشمی ئەوەدان کەسیان لە چاڵەکە دەرباز نەبن ، وەکو تورکەکان بە خەڵکی ناوچاڵەکە پێناسەی کورد ئەکەن .