سەدامیزم

نەوزاد بەندی
  2024-09-10     270

سەدام حسێن کە هاتە سەر کورسی فەرمانڕەوایی ، مۆدێلی حوکمڕانیی مۆدێرنی نەهێشت و .. مۆدێلی فەرمانڕەوایی خێزان و دەستە و خێڵی هێنایە ئاراوە ، ئەوەیش وەرچەرخانێکی زۆر ترسناک بوو لە مێژووی فەرمانڕەوایی عێراقدا ..بۆ نمونە لە فەرمانڕەواکانی پێش سەدامدا ، هیچ کەس نەیدەزانی خێزان و مناڵ و ئامۆزا و خزمەکانی سەرۆک کۆمار کێن و هیچ دەسەڵات و داهاتێکی گشتییان بەدەست نەبوو ..بەڵام کە سەدام بوو بە فەرمانڕەوا ، ئیتر کوڕ و کچ و خێزان و ئامۆزا و خاڵۆزا و خزمەکانی سەرۆک دەرکەوتن و .. تەنها بە هۆی خزمایەتیی سەرۆکەوە ، پۆستی گەورەیان لە سیستمی فەرمانڕەواییدا وەرگرت ..بوون بە کۆمەڵێ دەوڵەمەند و ئاغا و جەللادی چنگ بە خوێن ، بە ئارەزووی خۆیان یاساکانیان ئەشکاند و  خەڵکیان ئەکوشت و ئەشکەنجە دەدا و سامانی گشتییان تەخشان و پەخشان ئەکرد ..

ئەم دۆخە ترسناکە لە مێژووی فەرمانڕەوایی عێراقدا ، هەر لە سەرەتای بوون به سەرۆکی سەدامەوە دەستی پێکرد ، کاتێک لە هۆڵی - خولد - هەموو ئەندامانی حیزبی بەعسی کۆکردەوە و .. بە کەیف و کەش و فشەوە ، ناوی کۆمەڵێک سەرکردەی حیزبەکەی خوێندەوە و پێی ووتن دروشمی حیزب بڵێنەوە و بڕۆنە دەرەوە ! ، لەو سەرکردانە موحەمەد عایش بوو کە یەکێک بوو لەوانەی خەڵاتی یونیسێف ی هەبوو ، لەسەر قەڵاچۆکردنی نەخوێندەواریی لە عێراقدا ..

شایانی باسه ئەو ناوانەی کە سەدام حسێن خوێندنیەوە ، کە لە سەرکردە دڵسۆزەکانی حیزبی بەعس بوون ، لە هۆڵەکە کرانە دەرەوە ، بە تاوانی خیانەت بە حیساب دادگایی بکرێن ...!

یەکێک لە وەزیرەکانی سەردەمی بەعس ئەڵێ : دادگاییکردنەکە بەم جۆرە بوو : نەعیم حەداد وەک سەرۆکی دادگای شۆڕش ، لاپەرەیەکی بە دەستەوە بوو ،  ئەیخوێندەوە  : فڵانی کوڕی فڵان : سزای سێدارە .. فڵانی کوڕی فڵان : سزای 25 ساڵ زیندان .. !! .... هتد ..

هاوڕێکانی واقیان ووڕ ئەمێنێ و لێی ئەپرسن : بە چ تاوانێک ئەم سزایانە سەپێنراون ؟ 

نەعیم حەداد ئەڵێ : نازانم ..! من لاپەڕەیەکم پێدراوە و پێم ووتراوە تەنها سزاکان بخوێنەرەوە و با چەک بەدەستەکانیش جێبەجێی بکەن !!

ئا لێرەوە ئیتر شتێک لە عێراقدا نەمایەوە بە ناوی یاسا و دادگا ..بەڵکو هەمووی خرانە ژێر خواست و ئارەزووی سەرۆک و خێزانی سەرۆکی فەرماندەوە ..میللەتیان بە جۆرێک ملکەچ و بەچەترسێن و شکستخواردوو کرد ، کە دەبوو لەگەڵ ناو هێنانی سەرۆکدا بڵێن خوا بیپارێزێ و .. هەزار و یەک سروود و  نزا و وەسف و ناوی بەرزی تر بلکێنن بە ناوەکەیەوە ..

ئەم بە لاڕێدابردنی یاسا و دەستوور و فەرمانڕەواییە ، لەلایەن دەزگا ئەمنییە جیهانییەکانەوە نەخشەی بۆ کێشرا بوو ، پشتگیریی دەکرا و .. لە ماوەی زیاتر لە 25 ساڵدا ، بیرۆکەی فەرمانڕەوایی مۆدێرن و ئاساییان لە مێشکی هەموو عێراقییەکاندا هەڵکەند .. بەو مانایەی سەرۆک ، واتا ژنەکەیشی سەرۆک و یاسا بە دەست و یاسا شکێن و خەڵک کوژە و خاوەنی سەر و ماڵی میللەتە و بۆی هەیه هەر یاسایەک خەیاڵی بۆی بچێ ، جێبەجێی بکا  ..

واتا کوڕی سەرۆک بۆی هەیه هەر کچێک پێی جوانە ، پەلکێشی ژووری نوستنەکەی بکا و دەستدرێژیی بکاتەسەر و ئەگەر بە دڵیشی نەبوو بیکوژێ ..بۆی هەیە ببێ به وەزیر ، به هەر پلە و،پایەیەکی سەربازی و مەدەنیی ، کە خۆی حەزی لێیەتی ..بۆی هەیە کێی بوێت، بیکوژێت .. بۆی هەیە دەستشۆڕی زێڕ و ئاودەستخانەی زێڕ و ئوتومبیلی زێڕ و کڵاشینکۆفی زێڕو هەموو شتێکی زێڕی هەبێ چونکە ئەو کوڕی سەرۆکێکە کە زێڕە  ..بۆی هەیە چەندان گۆرانیبێژ و سەماکەر لە هۆڵێکدا کۆبکاتەوە و گۆرانی و سەمایان پێ بکا ، چەکیان لێ ڕاکێشێ و فیشەک بتەقێنێ و بنمیچی هۆڵەکە دابێژێ و گڵۆپ و سورەیا هاڕە پێ بکا ، کەسێکیش بۆی نەبێ وورتە بکا ، ئەبێ هەمووان لەسەر کەیف و پێکەنین و گورانی و سەماکردن بەردەوام بن ، وەک ئەوەی لە جیاتی فیشەک ، گوڵباران کرابن ..

ئەبێ میزاجی سەرۆک بکرێتە دەستووری ووڵات ، بۆ نمونە بە خەیاڵیدا بێت هەر ماڵێک کوڕی پێشمەرگەی هەبێ ، ئەبێ خانووەکەیان بڕوخێنرێ ، لەگەڵ شەش خانووی  لای ڕاست و شەش خانووی لای چەپ .. ئەبێ هەر گەنجێ لە سوپا ڕایکردبێ ، گوێچگەی ببڕن و ناوچاوی داخبکرێ بە مۆری ترسنۆکیی ..ئەبێ لەو شوێنەی کوڕەکەی بریندار کراوە ، کە شەقامێکی سەرەکیی پایتەختە، بکرێ بە شانۆ و هەرچی گۆرانیبێژ و سەماکەر و ووتاربێژی مزگەوتەکانە ، بۆ ماوەی  چەندەها هەفتە و بە شێوەی بیست و چوار سەعاتیی ،  لەوێدا کۆببنەوە و سروود و سەما و نزای چاک بوونەوە بە قەد و باڵای کوڕەکەیدا بڵێن ،  هات و چۆ لەو چوار ڕێیانەدا بە تەواوەتیی ڕاوەستێنرێ .. ئەبێ لە هەموو ماڵ و مزگەوت و دوکان و کۆمپانیا و شەقام و  مەیدانێکی ووڵاتدا وێنەی سەرۆک هەڵواسرێ .. ئەبێ لە ڕۆژی له دایکبوونی سەرۆکدا هەموو وڵات ئاهەنگ بگێڕێ ..ئەبێ سەرۆک کە بڕیاری هەر جۆرە شەڕێکی دا ، خوای ئەکرد شەڕ لەگەڵ هەموو جیهاندا بێ ، هەمووان جێبەجێی بکەن ..ئەبێ لە هەڵبژاردندا هیچ ڕکابەرێکی نەبێ و هاووڵاتی تەنها بۆی هەبێ لە هەڵبژاردنی سەرۆکدا ئا یان نا بەکاربێنێ ، جا قوڕ بەسەر ئەوەی ئەڵێ نا ..

هەر مناڵ و تواڵ و نەخوێندەوارێک سەرۆک کەیفی پێ بێ ، بۆی هەیە گەورەترین پلەی سەربازیی پێ بدا ..خۆیشی پلەی موهیب ڕوکن کە باڵاترین پلەی سەربازییە وەربگرێت ، بە بێ ئەوەی لە ژیانیدا یەک خولەک خزمەتی سەربازیی کردبێ .. بڕوانامەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆریی ، وەک کڕینی نەستەلەیەک وا بێ بۆ خۆی و هەر کەسێک بیەوێ ،یەکسەر پێی دەدرێ ..بۆی هەیە مۆڵەتی شۆفێریی بدات بە کوێر ..بۆی هەیە تەمەڵترین خوێندکار له بەرزترین کولێجدا دابنێ.. بۆی هەیە مەزرا بسووتێنێ بیکا بە سەربازگا .. ... هتد ..

لە هەمووی گاڵتەجاڕتر،  کوڕە گەورەکەی کاتێ بە حیساب لە پۆلی دوانزەی زانستی بوو ،ساڵی 1982 ، کرایە یەکەمی عێراق ، لە کاتێکدا  ڕێبوار هۆگر گۆران کە نەوەی شاعیری بەرز ، عەبدوڵا گۆران بوو ، یەکەمی عێراق بوو ، ئەویان کردە دووەم و کوڕی سەرۆکیان کردە یەکەم ...

ئەم نمونانە ، سەلمێنەری ئەو بێ حورمەتیکردنەن کە سەدام بە یاسا و دەستووری ووڵاتی کرد  .. ئەو لە ڕێلادان و بە لاڕێدابردنەی فەرمانڕەوایی بوو کە تاکو هەنووکە پیادە دەکرێ و زۆر زیاتریش بووە ..

دۆخێکی شەرمئامێز و ناشیرینە ناوی دەنێم سەدامیزم .. قوتابخانەیەکە تیایدا سوکایەتیی بە مرۆڤ و مێژووی مرۆڤ و ئاینی مرۆڤ و ئەخلاقی مرۆڤ دەکرێ .. یاساکانی مرۆڤایەتیی و هەموو شتێک لەلایەن سەرۆک و توتەڵەکانیەوە له پێ دەکرێ ..

 

تیایدا مرۆڤ هێندە بچوک و بێ ڕێز و بێ ماف دەکرێ ، کە بوون و نەبوونی وەک یەکتریان لێ دێ .. کەتیایدا سەرهەڵگرتن و مردن ، تاکە دوو ڕێگان بۆ ڕزگار بوون ، چونکە کۆمەڵگاکە هێندە خەسێنراوە و سەرکوتکراوە و هێندە سەگ و گورگی سیخوڕی تێبەردراوە ، هیچ هیوایەکی شۆڕش و ڕیفۆرمی تێدا نەماوە .. سەرۆک خۆیشی لە بنچینەدا ، سیخوڕێکی دەزگایەکی سیخوڕیی جیهانییە  ، بە جۆرێک دەزگا سیخوڕییە جیهانییەکان ، زیاتر لە 20 ئەگەری ڕوخانی ئەو ڕژێمەیان دیاری کردبوو ،کە تەنانەت یەکێک لەو ئەگەرانە ڕاپەڕینی کریستیانەکانی عێراق بوو کە لاوازترین ئەگەر بوو ،  چارەسەری خێرایشیان بۆ هەموو ئەگەرەکان دۆزیبۆوە  ، بۆ ئەوەی سەدام بەردەوام بێ .

کەواتە هەر سیستمێک ، ژنی سەرۆک و کوڕ و کچ و ئامۆزا و خاڵۆزا و خزمان و هاوڕێیانی سەرۆک تیایدا دەرکەوتن و دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەست بوون ، سەر بە قوتابخانەی سەدامیزمە..

هەر سیستمێک هاووڵاتی بێ ماف و بێ هیوا و بێ داهاتوو ، وەک قالۆنچە لەناو تاریکی و پشتگوێخستندا بژی ، لە بەرامبەردا سەرۆک و خێزان و بنەماڵە و هاوەڵانی وەک پاشا بژین ، ئەو سیستمە ، سەر بە سەدامیزمە ..

هەر سیستمێک باج و خەراجی لەسەر هاووڵاتیانی بێ دەسەڵات زیاد کرد و ..بازرگان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی حیزبیە قائیدەکان ، وەک بەرزەکی بانان لێی دەرچوون  ..

سامانی نیشتمانی و زەوی و ئاوی نیشتمان بوون بە موڵکی سەرۆک و خێزانەکەی ..

هەڵکوتانە سەر و کوشتن و بڕینی بیری جیاواوز و ئازاد ..

بەشینەوەی پلەی سەربازیی بە سەرۆک و خزم و دۆست و هاوەڵانی ..

بەخشینی پلەی دکتۆرا بە هەر کەسێک زوڕناژەنی سەرۆک و خێزانەکەی بێ ..

بەرەڵڵا کردنی کۆمەڵگا لە خراپترین دۆخی ژیاندا ..

گرنگیدان بە ڕاگەیاندن بۆ جوانکردنی سەرۆک و .. گەورەکردنی سەرۆک و ..بەهێزکردنی سەرۆک و .. بێ ئومێدکردنی خەڵک ، بە جۆرێک دەزگا  و زانکۆ حوکومییەکان هیچ خزمەگوزارییەکیان تێدا نەمێنێ ، بەڵام بودجەی وەزارەتی ڕاگەیاندنی حوکمەتۆکەکەی سەدام ، بێ پایان بوو ، بودجەکەی کراوە بوو ، واتا چی خەرج ئەکا ، حیساب کراوەیە ، تەنانەت جارێکیان وەزیرێکی ڕاگەیاندنی دەرکرد لەبەرئەوەی ئەو ساڵە بودجەیەکی زۆری  لە ڕاگەیاندندا خەرج نەکردبوو ، واتا وەک پێویست پارەی تەخشان و پەخشان نەکردبوو لە جوانکردنی سەرۆک و خێزانەکەیدا ..!! به جۆرێک کارگەی کاشی و پەیکەرتاشیی تایبەت بە پەیکەری سەدام ، لە ئیتاڵیادا ، تەرخانکرابوو بۆ دروستکردنی دەیان هەزار پەیکەر و جیداریی سەرۆک لە کاتێکدا سەربازەکانی ڕیسوا و برسی و موحتاجی نانێک بوون ، لە تێرمیناڵ و مەیدانەکاندا وەک سواڵکەر کەوتبوون ..

ئەمە زێرابەکانی سەدامیزمە کە دێنە دەرەوە و کۆمەڵگا بۆگەن و ناشیرین ئەکەن ..

هەر سیستمێ ، لە ئاست داواکاریی خەڵکدا کوێر و کەڕ و لاڵ  بوو  .. بە حەشاماتی هێزی  تایبەتی چەکدار  دەوره درابوو .. لە گوزەر و بازاڕ و شوێنە گشتیەکاندا دەرنەکەوت .. تەنها لەسەر سکرینەکانی تی ڤی بە جل و بەرگی شاهانە و کاتژمێر و ئێکسسواراتی ملیۆنەها دۆلارییەوە ، خۆی نمایش کرد ..لە کۆشکی خەیاڵیی فیرعەونیی و فڕۆکەخانە و گەشتی ووڵاتان و تەوقە کردن لەگەڵ کەسایەتییە کۆڵۆنیالیستە جیهانییەکاندا ، لە پایتەختە کۆڵۆنیالیستەکاندا ، بە قسەی فودراو و بێ بنچینە و  نالۆژیکیی و ڕاو و ڕێویکرندا ،  خۆی نیشاندا ..

ئەوە بزانە تۆ لەبەرامبەر سیستمێکی سەدامیزمدایت ..تۆ داهاتوو و خەون و هیواکانت لە گۆڕ نراون .. تۆ لەبەردەم ناشیرینترین سیستمی فەرمانڕەواییدایت کە لە ڕاستیدا سیستم نییە ، بەڵکو گەمەیەکی دەزگا سیخوڕییە داگیرکەرەکانی جیهانە ، بۆ دەستگرتن بەسەر داهات و داهاتووی میللەتە خاوەن پەیام و شارستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ..

ئەوەیش وەک یەکێک لە بیریارەکان ئەڵێت : ئەمەریکا کێشە و ڕقێکی گەورەی هەیە لە بەرامبەر کۆمەڵگا خاوەن پەیام و شارستانی و مێژووەکاندا  ، چونکە خۆی مێژووی نییە و  بنچینەکەی نادادییە و خاوەن پەیام و  شارستانیی نییە ،  کلتورێکی شەرافەتمەندانەی نییە ، ناچار خۆی ناو ناوە جیهانی نوێ ، لەکاتێکدا لەسەر زوڵم و نادادیی ڕۆ نراوە .

بەو جۆرە ئەو نیشتمانە خاوەن مێژوو و سەروەرییانە ، پڕ پڕ دەکەن لە دەسەڵاتداری گەمژە و نەزان و دژ بەیەک  ..لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و لەشفرۆشی دژ بەیەک  .. لە شاعیری ڕیسوا و سەرشۆڕی دژ بە یەک ، کە بۆ ئافەرینێک ، بۆ پارچە نانێکی حەرام  ، سەدامەکانت بۆ ئەبەنە کەشکەشانی فەلەکەوە ..سەفسەتە ..چەنەبازیی .. بۆینباخلەمی بێ هەڵوێست و نەخوێندەوار  ، ئەمە سیاسەتی ( فرق تسد ) واتە سەروەریی لە هەڵوەشاندندایه .

بە شێوەیەک ، پایتەختێکی وەک بەغداد ، کە ڕۆژێ له ڕۆژان پایتەختی  سیاسەت و  زانست و ئەدەب و هونەری هەموو جیهان  بووە و تیایدا بۆ یەکەمجار کاتژمێر دروست کراوە ، بوو بە  پایتەختی ترس و سڵ و مافیا و چەقۆکێش  .. بێ هیوایی و ڕەشبینی و کەوتنی هەموو پایەکانی مرۆڤایەتیی ..

برسێتی و نەخوێندەواری و بێکاری و تایفەگەری و خێزانپەرستی و خۆپەرستی و لێکهەڵوەشان و جەنگی ناوخۆ و دەرەوەی بێ مەعنا ..نەمانی شتێک بە ناوی یەکبوونی نیشتمانیی و ..بڵاو بوونەوەی دژایەتی نێوان شار و گوند و ئایین و ئاینزا و ئایدۆلۆژیاکان ..داڕمانی کولتوریی نەتەوایەتی و ئەخلاق و بەها کۆمەڵاتییەکان ..

ئەمانە و زۆر لەوانە زیاتریش دیاریی سەدامەکان و قوتابخانەی سەدامیزمە  بۆ گەلەکانیان ، کە کۆڵۆنیالیستە جیهانییەکان لە پشتیانەوە وەستاون  و داکۆکییان لێ دەکەن ..لێرەدا ئیتر هەموو کۆمەڵگا ئەشێوێ ، تاکە شت کە بە ڕێک و پێکیی ئەڕوات بە ڕێوە ، نەوت و داهاتی ئەو میللەتانەیە بۆ عەمباری نەوت و داهاتی زلهێزە جیهانییەکان ..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×