هێڵی ئاسنینی: چاودێری کۆمەڵایەتیی/ پاشکۆی پەروەردە/ خۆیەتیی پەروەردەی سلێمانی

نەوزاد بەندی
  2024-08-23     254

دیستۆیڤسکی ئەڵێ : ( ڕۆژگارێک دێت ، قەدەغەیه داناکان  بیر بکەنەوە بۆ ئەوەی گەمژە دەسەڵاتدارەکان هەست بە سوکایەتیی نەکەن )

 

کاتێ مناڵێکی کەمتوانات هەیە و ئەتەوێ مۆڵەتی ساڵانەی چاودێریکردنی بۆ تازە بکەیتەوە  و مامەڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی و لیژنەی پزیشکیی و بەڕێوبەرایەتیی چاودێریت تەواو کردووە ، ئیتر لە هەولێر بیت یان دهۆک یان هەڵەبجە یان  سلێمانی ، هەر هەمان سیستمە ..

نووسراوێکت بۆ ئەکەن ئەبێ بچیت بۆ وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتی ، لە هەولێر ، لە بەرامبەر بەنزینخانەی شۆڕش ، کن نەخۆشخانەی لە دایکبوون ..

سەعات سێ و نیوی بەیانی لە سلێمانیەوە بەرەو هەولێر دەرچووین ، ووتمان کات وەک شمشێر وایە ، پێش ئەوەی بمانبڕێ با بیبڕین ..

پێش وەخت گەیشتین ، واتا کاتمان بڕی ، هەر بۆیە لە چایخانەی کلتوری باوکی سامی ، لە بەرامبەر قەڵا ، وچانێکمان دا و ..قەیماغ و چایەکمان بە یادی ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابوردوو ، داوا کرد ..

کە گەیشتینە وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ، کن نەخۆشخانەی لە دایکبوون ، بەرامبەر بەنزینخانەی شۆڕش ( ئەرێ هاوڕێیان ئایا  ئەگونجێ نەخۆشخانەی لە دایکبوون ، بەرامبەر بەنزینخانە بێت ؟ )

سەعات هەشت و نیو گەیشتین ، پرسگە ، پۆلیسێک و دوو کارمەند و دوو سپلیتی فێنکی لێ بوون ، ووتیان سەعات 9 فەرمانبەرەکان  دێن ، بفەرموون دانیشن .. سێ چارەک لە پرسگە دانیشتین ، هەتا کارمەندەکانی وەزارەت هاتن ، واتا سەعات 9:30 بوو ، کە بانگیان کردم ، ووتیان کوا منداڵەکەت ؟ ووتم ئۆتیزمە و بە سەفەر تێک ئەچێت  و نایەت ..

ووتیان خێرا بە ڤیدیۆ کۆڵی مەسنجەر ، پیشانمان بدە با خۆی و داکیشی ببینین ، ووتم سێ پسپۆڕیی دەروونیی لە سلێمانیی بینیویانە ، ڕاپۆرتەکەیان ئیمزا و مۆر کردووە ، هێشتا بڕوا ناکەن ؟ یان دوو ئیدارەییە و تۆسقاڵێک متمانەتان لە نێواندا نەماوە ؟

کابرا وەک ڕۆبۆت وا بوو ، دووبارەی کردەوە کە ئەبێ ڤیدیۆکۆڵی مەسنجەر بکەمەوە ..منیش وەک ڕۆبۆت ڤیدیۆ کۆڵی مەسنجەرم کردەوە و ..کوڕە کەمتواناکەم و دایکی قسەیان لەگەڵ کرد ، لە کاتێکدا ئەوان قسەیان ئەکرد ، کابرا بەرواردی وێنەی کوڕەکەم و دایکی لەسەر  ڕاپۆرتەکە و .. وێنەکانیان لە مەسنجەرەکە ئەکرد ، بزانێ ئەوانن یان ئەوان نین ..بەو جۆرە هەستم ئەکرد تاوانبارێکی تەزویرچیم و ئەمەوێ بە کونتڕۆڵدا تێپەڕم ، ئەم پسپۆڕیی دەروونیەیش تەنها پۆلیسێکە و ئەیەوێ ڕاستی و دروستیی مامەڵەکەم چێک بکا و بەس .. سێ پسپۆڕیی سلێمانی وەک سێ گۆمانلێکراو تەماشا ئەکات و بەس ..

باوکێکی بادینانیی لە دهۆکەوە هاتبوو ، داوای ڤیدیۆکۆڵی مەسنجەریان لێدەکرد هەتا مناڵە نەخۆشەکەی و دایکەکەی ببینن ،ئەویش ئەیوت : ( سەیدا بخودێ چ ئینتەرنێت لە مالا من نینە ! ) 

بە کۆنتڕۆڵا تێپەڕین و ئەمجارەیان نووسراوێکیان بۆ کردین ،بۆ وەزارەتی پەروەردە و وتیان لە جادەی سەد مەترییە ..

هاتینە دەرەوە ، تەکسیەکمان ڕاوەستاند ، ووتمان بڕۆ بۆ وەزارەتی پەروەردە لە شەقامی  سەدی ..

شۆفێرەکە ووتی : من وەزارەت بزانم لە شێستیە ..

ووتمان لێی نازانیت ، خوات لەگەڵ ..

تەکسییەکی ترمان گرت ، ئەمیان  لەبلەبان بوو ، ووتمان : ڕێک بۆ وەزارەتی پەروەردە لە سەدیی 

ووتی : لە شێستییە 

ووتمان : لە سەدییە 

ووتی : لە شێستییە 

ووتمان : لە سەدییە ..

ووتی : سەرکەون ، ئەتانبەمە پەرلەمان لە شێستی ، ئەگەر لەوێندەر نەبوو ، ئەتانبەم بۆ سەدی و سەد و بیستی و لە هەرکوێ ئێوە دەرێن.

قسەی ئەو دەرچوو ، لە شێستی بوو لە بینای پەرلەمان ..

لە ژووری هاتوو  ، خاتوونێک ووتی بڕۆن دانیشن ، دە کەس لە پێشتانەوەیە ..ئێستا لەسەر سیستم ئەڕۆین و کاتی دەوێ ..

دوای زیاتر لە سێ چارەک ، ئینجا بە ژمارەیەک شاد بووین کە خستیە سەر نووسراوی وەزارەتی کن نەخۆشخانەی لە دایک بوون ، بەرامبەر بەنزینخانە ..

خاتوونەکە ووتی ئەو نووسراوە فۆتۆکۆپی بکە و بچۆ بۆ پاشکۆی پەروەردە ..

ووتم لە کوێیە ؟ 

ووتی لە حەوشە ..

چوومە حەوشە ، هیچم نەبینی لێی نووسرا بێ پاشکۆی پەروەردە ..

بە پیرە مێردێکی باخەوانم  ووت : پاشکۆی پەروەردە لە کوێیە ؟

ووتی : هەردەڕۆی .. هەر دەڕۆی .. هەر دەڕۆی ، بە ئاڕاستەی هەتاو هەر دەڕۆی ..هەتا دەیگەیتێ ..

حەکایەتی کوڕە کەچەڵەم بیر کەوتەوە کە حەوت شەو و حەوت ڕۆژ بەناو دڕندە و ئەژدیها و شتا ڕۆیشت ..

نزیکەی کیلۆمەترێک بە حەوشەی پێچا و پێچ و پڕ لە پلیکانە و لۆرییە لم و چەو و بلۆکدا ، بە پلەی گەرمای 48 ی سیلیزیی ، ڕۆیشتم ، هەتا گەیشتمە پاشکۆی پەروەردە ، پرسگە و فێنکایی و پۆلیس و ..( بەهار و گوڵ ، کچ و مانگەشەو ، شیعری تەڕ و بادە )٭ جا چوومە ژوور ، کەوتمە نێوانی دوو بینای بەرامبەر یەکتر .. چوومە یەکەمیان ، گوتیان دووەمە ، چوومە دووەمیان ، دیسان پرسگە و کارمەند و  فێنکایی  .. ووتی کن کاک یوسفی ..

کاک یوسف ، چایی و چار جۆر نوقوڵ لەسەر مێزەکەی بوون ، تەبعەن بۆ خۆی ، یەک تەماشای نووسراوی سەر کۆمپیوتەرەکەی کرد و ..گوتی بڕۆ بۆ بینای یەکەم با ئەژوان کیتابت لۆ بکا ..ئەوا بۆم نارد ..

چووم بۆ لای ئەژوان ، ووتم کیتابم گەیشتە کۆمپیوتەرەکەت ..

خوا هەڵناگرێ داینیشاندم و جگەرەکەی پێ نەکرد و چاییەکەی نەخواردەوە ، تەماشای کۆمپیوتەرەکەی کرد و گۆتی : بەرێ ..گەیشتیە ، ئێستا لۆت دەکەم .

پاش کەمێ ، ووتی ئەوا ناردم لۆ کۆمپیوتەری مدیری پاشکۆی ، بڕۆ بینای دووەم  ..

چوومە بینای دووەم ، خاتونی سکرتێر و فێنکایی و خەڵکی گرنگ VIP لە ڕیسێپشنی بەڕێوەبەری پاشکۆ دانیشتبوون ، پێم ووت کیتابم نێردراوە بۆ کۆمپیوتەری بەڕێوەبەری پاشکۆ ..

ووتی : بڕۆ لە ژووری کارزان دانیشە ، کیتابت دەچتە کنە وی .

ژووری کارزانم دۆزییەوە ، دوو کورسی لێ بوو بۆ هاووڵاتیان ، بەڵام سێ کارمەند کورسی و مێزیان هەبوو  ، تەماشای یەکتریان ئەکرد ..

لەو چرکەیەدا ، کابرا دەشتەکییەکەی چیرۆکی دادگای فرانز کافکام بیر کەوتەوە ، کاتێک ساڵەهای ساڵ له بەردەرگای دادگا ڕایدەوەستێنن و ناهێڵن بچێته ژوور ، هەتا کاتی مردنی  دێت و لەسەرەمەرگدا لە پاسەوانەکەی بەردەرگا ئەپرسێ : باشە ئایا ئەو هەموو ساڵە بێجگە لە من کەسێکی تر پێویستی بە دادگا نەبوو ؟ چونکە  بێجگە لە خۆم کەسی ترم نەبینی ..

پاسەوانەکە پێی ئەڵێ : بەڵێ ، زۆر کەس هاتوونەتە دادگا بەڵام ئەم دەرگایە تایبەتە بە تۆ !!

بە کارزانم ووت : ئەرێ بێ زەحمەت من کیلۆمەترێکم بەناو بەرد و بلۆک و گڵ و چیمەنا بڕیوە لە وەزارەتەوە تا پاشکۆ ، بە بێ ئەوەی هیچ نووسراوێکم پێ بێت ، تەنها ئەم کۆمپیوتەر و ئەو کۆمپیوتەرتان پێکردووم ، ئەرێ نەدەکرا بە بێ خۆم ئەو کارانە ئەنجام بدەن ؟ یان هەر مەبەستتان ماندوو کردنی هاووڵاتییە ؟ خۆ ئەگەر چەند تەکسییەکتان لەو ڕێیەدا دانایە ، هەم تۆزێ بێکاریتان قەڵاچۆ ئەکرد ، هەم خەڵکێک کە ناتوانن لە پلەی 48 ی سەدیدا ئەو ماراسۆنە بکەن ، ڕزگاریان دەبوو ..

کارزان تەماشایەکی ئامادەبووانی کرد و ..ووتی : ئێوە بە خۆتان حەزتان لەو هات و چۆیەیە!! ، ئەگینا له پەیجی وەزارەت کارەکان هەموو جێبەجێ دەبن !! و دەتوانن لە ڕێی پەیجەوە مامەڵەکانتان وەربگرنەوە ..!!

ووتم : زەحمەت نەبێ ئاگات لە خۆتە ؟ یەعنی ئێمە لە خۆمانەوە هاتووین بۆ هەولێر یان لە سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجەوە باوەشێک نووسراویان داوینەتە دەست و وتویانە بڕۆن بۆ هەولێر ؟ 

براکەم تۆ یان ئاگات لە وەزعەکە نییە ، یان ئەتەوێ وای نیشان بدەیت کە سیستمەکەت ئەوروپییە ، ئەگینا بڕۆ تەماشا بکە ، باوکێک لە هەورامانەوە خۆی و کوڕە ئۆتیزمەکەی کە بەردەوام ئەگریا ئەو هەموو ڕێیەیان بڕی بوو ، کە بە قسەی تۆ بێ خۆیان حەزیان لەو عەزابەیە ؟؟

کارزان بە گۆشەی سەد و هەشتا بایدایەوە و ووتی : ئەو قسانە بۆ وەزیر بکە !

ووتم : نەوەڵڵا ، وەزیر وەک کۆشکەکەی کافکا وایە ، پێی ناگەم  و نایشمەوێ پێی بگەم ..بەڵام من ڕۆژنامە نووسم ، ئەم ژیانکوشتنەی خێزانی مناڵە کەمئەدامەکان ئەکەم بە ووتارێک ..

ووتی : دەزانم ، ڕۆژنامە نووس بڕێک حەزیان بە جولە جولە !

ئیتر نازانم جولە جول مەبەستی یەکەی هێزی جول بوو ، یان مەبەستی لە جوڵە جوڵ بوو ..کارمەندەکان هەموویان بە زمانی جەستە پشتگیرییان لێکردم ، لەو کاتەدا کارزان ووتی ئەوا مامەڵەکەتم نارد بۆ بەشی دەرکردەکان واتا (صادرة )

ئینجا وەرە کیلۆمەترێک ڕێگای تر بە پیادە ببڕەرەوە هەتا ئەگەیتەوە وەزارەت ..

كە ڕۆیشتم بۆ بەشی دەرکردەکان لە پەنجەرەیەکی بچووکەوە زۆربەی پێکهاتەکانی کوردستان ئەیانویست سەریان ببەنە ژوورەوە تا سۆراخێکی نووسراوە ئەلیکترۆنییەکانیان بکەن .. سەکسوکە بە چەناگەیەک زۆر خراپ تەماشای کردم کە زۆر شتی بە دەست بوو ، ووتی کیتابی تۆ چییە ؟ بە جۆرێک پێی ووتم ، لە بیرم چۆوە کیتابی من بۆ چ شتێکە و .. یان ئەسڵەن بۆچی هاتووم بۆ پیرە هەولێرێ ..

خاتوونێک ، لە ساتەوەختی چوونە دەرەوەی ئەبو سەکسوکەکەدا بۆ لای هەندێ خزمی خانەقینیی هەتا کارەکانیان بۆ ڕایی بکا ، خاتوونێکی سەر کۆمپیوتەر ووتی ئەمە مامەڵەکەی تۆیە ، ئەوە ژمارە و بەروارەکەیت بۆ ئەنووسم  و هەر ئێستا ئەینێرم بۆ بەڕێوەبەرایەتیی سلێمانی لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە ، سبەینێ بڕۆن سەردانی پەروەردەی گشتی سلێمانی بکەن ..

گەلێک سوپاسم کرد و ..لەسەر پارچە قازێ ژمارەیەک و بەروارێکی دا بە دەستمەوە .. 

ئەمڕۆ ، سەعات هەشت و نیو چووم بۆ پەروەردەی گشتی سلێمانی ، بەشی کۆمپیوتەر نووسراوەکەی بۆ ڕاکێشام و ناردینی بۆ لای بەڕێوەبەر .. لەسەر دەرگاکەی نووسرابوو ، هاووڵاتی بەڕێز پێویست بە پرسگە و لە دەرگادان ناکات ، ڕاستەوخۆ وەرە ژوورەوە ، دەرگامان کراوەیە بۆ هەمووان .. کەچی دوو سکرتێری هەبوو ، دەرگاکەیشی داخرابوو ..

نووسراوەکەی بردە ژوورەوە و ..ووتی بیبه بۆ ژووری 20 لێپرسراوی خۆیەتیی .. کە چووم ، چوار کەس ڕاوەستابوون ، ووتیان هێشتا لێپرسراوی خۆیەتیی نەهاتووە .. بە کارمەندێکی ژوورەکەی بەرامبەریم ووت : ئەم لێپرسراوە کەی دێت ؟ 

 ووتی : عادەتەن سەعات 9 دێت ..

بوو بە نۆ و چارەک هەر دیار نەبوو ، ژمارەی هاووڵاتیانیش لەبەر دەرگاکایدا بوون بە دە دوانزە کەس ..

لە ڕێی کارمەندێکەوە بۆم دەرکەوت لە ژووری بەڕێوەبەری گشتییە .. ویستم بچمە ژوورەوە ، سکرتێرەکە نەیهێشت ، لە پشت ئەو نووسراوەی کە ئاماژەی بەوە دەدا به بێ دەرگا لێدان وەرە ژوورەوە ، دەرگا کراوەیە ..

ووتم بە لێپرسراوی خۆیەتیی بڵێ بێت بۆ ژوورەکەی چونکە یەک دنیا خەڵک له بەردەرگاکەی وەستاون ، هیچ جێگرێکی نییە کارەکەی بکات و خۆیشی نایەت ..مامەڵەی وای تێدایه ئەبێ هەر ئەمڕۆ بڕوات بۆ هەولێر..

ووتی : بەسەر چاو ..

( درۆیشی کرد ..)

هاتمە خوارەوە ، ژمارەی خەڵکانی بەردەرگاکەی زیاتر بووبوون ، خۆم کرد بە ژوورەکەی تەنیشتیدا ، ووتم لێپرسراوی خۆیەتی نایەت ، نوکە قەڵەمێک لەو نووسراوە بدە ..

ووتی ئەگەر تا سەعات نۆ و نیو نەهات ، ئینجا من بۆتان ئەکەم !!

پیرەپیاوێک کە دەبوو پاش ئیمزای خۆیەتیی ، یەکسەر بڕوات بۆ هەولێر ، مامەڵەی خۆی وەرگرتەوە و ..بەرەو ژووری بەڕێوەبەر ڕۆیشت ، بەڵکو لەوێ ئیمزای پێ بکا ، بە ڕاکردن هاتەوە ووتیان لە ژووری بەڕێوەبەر دەرچووە .. هاووڵاتییەکی تر ووتی : ئەڵێن خۆی کردووە بە ژوورەکەی بەرامبەر ژوورەکەی بەڕێوەبەردا .. دووان خۆیان کرد بە ژوورەکەی بەرامبەر ژوورەکەی بەڕێوەبەردا و پرسیاریان کرد سەبارەت  لێپرسراوی بەشی خۆیەتیی  ، ووتیان هەر ئێستا لێرە دەرچوو ، ڕاستێکەی بە پێکەنینیشەوە وایان ووت ، وەک ئەوەی ئەم گەڕان و سەر و سۆراخەی هاووڵاتیانی بەش مەینەت ،بۆ خاتونی خۆیەتیی ،  ڕۆژانە بێ و .. وەک گەڕانەکانی کافکا  و مارسیل بروست و جەبرا ئیبراهیم جەبرا و ، بۆ سەگ و کات و وەلید مەسعود  ، وابێ ..

لە ناکاو ، دوای سەعات نۆ  و نیو ، خاتونی لێپرسراوی خۆیەتی ، بە کاوەخۆ و کەماڵی ئیسراحەتەوە لە پلیکانەکان هاتە خوارەوە و چووە ژوورەکەیەوە ، ژووری 20 ، ئەو خەڵکەیش کە لە غیابی ئەودا سەدان ڕەخنە و ناڕەزاییان هەبوو  تێکڕا بوون بە ماستی مەییو و ..کەوتنە نیشاندانی ڕێز و زەردەخەنە بۆی .. تەنها من پێم ووت : ئەگەر تۆ سەعات نۆ و نیو دێیت بۆ دەوام ، کەسێک لە جێی خۆت دابنێ ، ئەو خەڵکە سەعاتێکە چاوەڕوانی تۆ دەکەن ..تیایاندایە منداڵی نەخۆشی داناوە و ئەبێ بچێ بۆ وەزارەت لە هەولێر ..

وەک ئەوەی ناحەقییەکی گەورەی لێکرابێ ، بە سەرسوڕمانەوە ووتی : سەد کێشەمان هەیە ، لە ژووری مدیر خەریکی حەل کردنیان بووم ، مامۆستا بۆ ئەوەندە بێ وەفان ؟  شەو هەتا سەعات دوانزەی شەو خەریکی ئیمزا کردنی کیتاب بووم ..من لە ماڵیشەوە ئیسراحەتم نییە !!

ووتم :  ئێستا سەعاتێکە .. یەک سەعاتی ڕێکە ژوورەکەی تۆ چۆڵە و ئەو هەموو خەڵکە چاوەڕێی نوکە قەڵەمێکی تۆ دەکەن ،ئەمە ئیشە ڕاستەقینەکەی تۆیە کە نایکەیت و چۆڵت کردووە .. سەعاتێک زۆرە لە تەمەنی ئەو خەڵکە لە چاوەڕوانیدا خەسار بکەیت ..کەسێک . جێگرەوەیەک بۆ خۆت دابنێ  ، ئیتر حەز ئەکەی هەر مەیەرەوە بۆ ژوورەکەت ..

ئینجا من مامۆستا نیم  و لە خەستەخانە کارئەکەم ، نەمزانی ئیمزایەک دوو سەعاتی پێ ئەچێ ، ئێستا بەهۆی جەنابتەوە بەردەرگای ، لەوێ ژوورەکەی منیش پڕ پڕن لە نەخۆش ، بەڵام من جێگرەوەم لە جێی خۆم داناوە ..ڕێز لە کاتی هاووڵاتیی ئەگرم ..

تەماشا ئەکەم یەک کەس لەو خەڵکە دەردەدارە نوزەی لێوە نایەت ..

کە لە ژوورەکە چوومە دەرەوە ، بە یەکێکیانم ووت : باشە ئێوە لە بەیانییەوە خوتە و بۆڵەتانە ، بۆچی کەسێکتان یەک قسە و ڕەخنەتان لە خاتوونی لێپرسراوی خۆییی نەگرت ؟ کاکە قەینا ، گریمان لەو کاتەدا لە ترساندا لاڵ بوون ، بۆچی بە لایەنی کەمەوە سەرێکتان بۆ من نەلەقاند ؟؟وەڵاهیی ناتانکوژن ، وەڵاهیی ناتانبڕن ...هەر لەم ژیانە خۆشەتان !! بەردەوام ئەبن ..

ووتی : کاکە گیان 30 ساڵە ئێمە فێری کۆیلایەتیی ئەکرێین ، کە بچووکترین لێپرسراو ببینین ، زمان و عەقڵ و هەموو شتێکمان جام ئەبێ و لە کار ئەکەوێ !!

ڕاستە ، ئێوە گەر ئازادی وەک بارانیش ببارێت ، یەکسەر چەترەکانتان هەڵدەدەن 

هاونیشتمانیان ، مەڵێن جا قەیچێکا با سەعاتێک چاوەڕوانی ئیمزای خاتوونی لێپرسراوی خۆیەتیی بکەین .. چونکە ئەگەر ئەو سەعات و ڕۆژ و هەفتانەی لە چاوەڕوانی ئەمانەدا بەسەرتان بردووە ، کۆ بکەنەوە ، بۆتان دەردەکەوێ بەشێکی زۆری تەمەنتان بە خۆڕایی و بە هەرزان لە دەست چووە .. کێشەکەیش لەوەدایە ، هێشتا ئەوان ناڕازین و تۆ سوپاسگوزاریت . .

واتا وەک دیستۆیڤسکی ئەڵێت بێ ئەوەی خۆتان ئاگادار بن ، نەژیاون و ئەیشبێ بمرن 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×