ـــ شتی یەکەم ـــ
پێش شەڕی غەزە ، هەندێ لایەنی ئیسلامیی لای خۆمان هەبوون، شیر و تیریان لە یەکتر ئەسوو ..ئەمیان ئەیووت سیر ئەویان ئەیووت پیاز ، دوای شەڕەکە یەکێکیان ووتی نە ئەبوو حەماس بەو لاوازییەوە پەلاماری ئەو شێرە بدات ، ..ئەوەی تریان کەوتە پیاهەڵدان بە جیهاد و حەماسدا و ..کار گەیشتە ئەوەی باس لەوە بکات کە پێویستە هەموومان لەو جیهادەدا بەشدار بین ..
ئەم لایەنگیریی حەماسە ، ئەگەر شەڕی کۆنە قین بێ ، شەڕی لە خێری زیاترە ، وەک عەرەب ئەڵێن : ( کلمة حق تراد بها الباطل) .. واتا قسەیەکی حەقە بە مەبەستی ناحەق ..
جا لەوە سەیرتر ئەوەیە ، ئەم شەڕەی غەزە ، موسوڵمانان و کریستیانەکانی دنیای کردە هاوخەم و لە یەکتری نزیکی خستنەوە ، کەچی لە لای خۆمان ، ئیسلامییەکانی لێک دوور خستەوە و .. کەوتنە پەلاماردانی یەکتری لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا و لەسەر مینبەری مزگەوتەکان ..ئەمەیش وامان لێ دەکا بڵێین : خەجاڵەت خۆمان !!
ـــ شتی دووەم ـــ
موسوڵمانی دەوڵەمەند ئەناسم ، ئەڵێ : ( ئاخ ! چۆن ناگەینە ئەو شەڕه پیرۆزە و لە پێناوی خوادا شەهید بین ) ..
ئەمە لە کاتێکدایە پارەیەکی زۆری خەواندووە و یەک دیناری ناخاتە خزمەتی موسوڵمانانی هەژار و بریندار..
خوای گەورە لە چەندین ئایەتی قورئاندا ئەمرمان پێ دەکا کە یەکەمجار بە ماڵ و سامان و دووەمجار بە ڕۆح لە پێناوی خوادا خەبات بکەین :
( الَّذِينَ آمَنُوا وَهَاجَرُوا وَجَاهَدُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ بِأَمْوَالِهِمْ وَأَنفُسِهِمْ أَعْظَمُ دَرَجَةً عِندَ اللَّهِ ۚ وَأُولَٰئِكَ هُمُ الْفَائِزُونَ )
واتا ماڵ پێش سەر خراوە ، ئەوەیش پەروەردە کردنی موسوڵمانانە لەسەر ئەوەی یەکەمجار ماڵەکەی بخاتە پێناوی خوا ، دوای ئەوە سەریشی ببەخشێ ..
ویستم پێی بڵێم : ( براکەم ! تۆ ماڵەکەت توند شەتەک داوە ، ئێستا چۆن دڵت دێت سەرت بە خوا ببەخشیت ؟ بگەڕێرەوە بۆ داواکارییەکانی خوا ، هەمیشە ماڵی پێش سەر خستووە ، ئەوە خێرە ئێستا جەنابت ، سەرت پێش ماڵ خستووە ؟ یان ئەزانیت شەڕەکە دوورە و .. دوور به دووریش خراپ نییە پیاو نان وکەوەر بە جیهادەوە بخوات .. )
بەس پێم نەووت .. هەندێ جار ناکرێ تەنانەت بڵێی ماست سپییە ، ئەگینا تەفرەقەکە زیاتر ئەبێ ..

ــوێنەکە یەکڕیزی کۆمەڵێ مناڵیی کوردە لە هەڵپەڕکێیەکدا ، سەرەتای ساڵی هەفتاکانی سەدەی پێشوو ، لە ناوچەی سەرگەڵو ـــ