ئاشکرایە سەدەی بیست بە گشتی و نیوەی دووەمی بە تایبەت و هەردوو دەیەی یەکەم و دووەمی سەدەی بیست و یەک دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخێکی ناجێگیر و پڕ لەمەترسی و بەرزو نزمی سیاسی و ئابووری و سەربازی و گۆڕانکاری خێرابوو، هەر لە ڕووخانی چەندین ڕژێمی جۆراوجۆر و گۆرانکاری دەسەڵات و فەرمانڕەوەکان، بەشێوەیە سەیری مێژووی هەر دەوڵەتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین زۆر بەڕوونی ئەم ڕاستیە درک پێدەکەیت، بەتایبەت عێراق و لەناویشدا هەرێمی کوردستان کە بابەتی ئێمەیە .
عێراق هەر لە سەردەمی پاشایەتیەوە بە ئاشوب و گیروگرفتی سەختەوە دەستی پێکرد بۆ شۆڕشی ١٤ تەموزی ١٩٥٨ و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن بەعسیەکانەوە تاوکو کۆتایی دەسەڵاتیان لە ساڵی ٢٠٠٣، چەندین حکومەت و کابینەی وزاری گۆراون بەشێوەی هەڵبژاردن بێت یاخود بەشێوەی کودەتا، ئەم بازدانە خێرایەم بۆ ئەوەیە نامەوێت چیرۆکی سەدەیەک مێژووی عێراق تان بۆ بگێرمەوە، بەڵکو دەمەوێ پێتان بڵێم مەترسن خۆر ئاوانابێت، لەگەڵ هەموو ئەم گۆرانکاریانەش خۆر هەر لەجێگەی خۆیەتی!
لەگەڵ دەرکەوتنی ئاماژەکانی هەر گۆڕانکاریەکدا کۆمەڵگا بەگشتی و کۆمەڵگای سیاسی دەبێت بەدوو بەرەوە: بەرەی خوازیاری گۆڕانکاری و بەرەی دژەگۆرانکاری.
بەوپێیەی بە هەموو پێودانگە سیاسە هەرێمی و جیهانیەکان دۆخی هەرێمی کوردستان ڕوو لەگۆڕاکاریە و ئەم گۆرانکاریەش پڕ ئاڵانگاریە بۆ هەردووبەرە، بەرەی دژەگۆڕانکاری پێیان وایە ئەگەر هەر گۆرانکاریەک لەو سیستەمە ئیداریەی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی بە دامەزاروەیکردن و پەیوەستکردنی بە فیدراڵەوە وەک هەرێمێکی فیدراڵی ڕووبدات خۆری ئەوان ئاوادەبێت، داهاتوو و ئێستایان وەک بەرژەوەندی ئابووری سیاسی دەکەوێتە مەترسیەوە و دنیایان تاریک دەبێت و خەباتی چەندین ساڵەی خۆیان و باوانیان بە هەدەر دەڕووات، بێ ئاگا لەوەی بنەڕەتی هەرێمی کوردستان هەرێمێکە لە دەوڵەتێکی فیداڵ؛ نەوەکو دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵ لەگەڵ عێراق، ئەم تێگەیشتنەش زیاتر لە بانگبێژە حزبیەکان و لەناو بانگبێژە حزبیەکانیشدا توێژێکی تایبەتی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت لەم جۆرە حکومڕانیەی ئێستا بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵام ئەڵێم دڵنیابن، ڕۆژی هیچ کامێکتان تاریک نابێت تەنها ئەوانە نەبێ کە ڕۆژی گەلیان تاریککردووە، ئەمەش بەتێروانین لە هەموو ئەوگۆرانکاریانەی لە ڕابردوو ڕوویداوە، بەنموونە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەموو سەرۆک جاشەکان بە باش و خراپەوە، مەفرزە خاصە و ئەمن و مخابەراتەکان، بازرگانە دیارەکان، تەنانەت ئەوانەی کە بە ئاشکرا دەستیان بەخوێنی گەنجی کورد سور بوو لێخۆشبوونیان بۆ دەرکرا، خۆر هەر لەجێگەی خۆی مایەوە، لەبەر ئەوە مەترسن.
بۆ بترسن؟ کاتێک سامانێکی نا دیاری ئەم گەلە ئێستا ئاشکرا بکرێت، ئەگەر میزانیە و پرۆژە و خەرجی بەیاسا ڕێکبخرێن نەوەک بەمیزاج.
بۆ بترسن؟ کە دامەزراوەکان و هێزی سەربازی ئابووریەکان بەیاسا ڕێکبخرێن و هەمووان وەک هاوڵاتی یەکسان بن؛ مەترسن خۆر ئاوا نابێت.
بەرەی خوازیاری گۆرانکاری، ئەم بەرەیە هەموو کۆمەڵگایە بەنهینی، زۆرینەی نوخبەی دەرەوەی دەسەڵات و بەرژەوەندیی تایبەتن بەئاشکرا، جێنتڵمانەکانی چەند خولێکی پەرلەمانن، لە ڕاگەیاندا، ئەو حزبە سیاسیانەن کە گلەییان لە بەشەکەیان هەیە لەسیستەم و بەرێوەبردن، بەشێک لە قارەمانەکانی شۆرشن کە پەنجەی پەشیمانیان گەستوە، چەند ڕیزێک گەنجی پەنجە خاوێنی بەجێماوی ڕێگای بیلاڕووسیان؛ پێیان وایە کە خۆرێک ئاوادەبێت و خۆرێکی نوێ لە ئاسمانی هەرێم هەڵدێت و ئامادەکاری دەکەن یەکێ لەکۆتا ڕۆژەکانی مانگی ئازار بکەنە پشوو بەبۆنەی هەڵاتنی خۆری نوێ، پێیان دەڵێم خۆر هەر لەجێگەی خۆی دەبێت!
هەموو ئەم شاگەشکە بوون و ترسانەش، هیچ نین، جگە لە دەرخەری ئەوەی روحیەتی شۆڕشگێری هێشتا رووحیەتی زاڵە بۆ گۆرانکاری، بەڵگەیەکی ڕوونی شکستی پرۆسەی دیموکراسییە لە سی ساڵی ڕابردوو و نەبوونی میکانزمێکی متمانە پێکراوە بۆ دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، لە وەها بارودۆخێکدا سەرکەوتنی هەربەرەیەک بەم ئاقڵیەتی شۆڕشگێڕیەوە بارگارانیەکی زیاتر دەخاتە سەر هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان، مەگەر ئەوەی بەڵێنامەیەکی میللی نیشتیمانی نوێ واژۆبکرێ و ڕابگەینراێت.
بۆ هەردوو بەرە: دڵنیابن خۆر هەرلەجێگەی خۆی دەبێت.