ئەو هەواڵانەی کە دەوڵەتی تورکیا بڵاوی دەکاتەوە، سەرچاوەیەکى هاندەرە بۆ ئەندامانی DEM پارتى، بۆ ئەوەی عەبدوڵلا ئۆجەلان ببینن. لەم پێوەندەدا وەک وەبیرهێنانەوەیەکی مێژوویی، ئاماژە بەوەدەدەین کە لە سەروبەندى شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەدا و شکستی گفتوگۆی نێوانیان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ٢٠١٥، گەورەترین کارەساتی مێژوویی بە دوای خۆیدا هێنا. شایەنى باسە PKK و HDP گەورەترین پشتیوانییان هەیە لە شارە گەورەکانى، وەک : سیزار، نوسەبین، شیرناغ لەگەڵ سور (کە ناوی کۆنی دیاربەکرە)، کاتێک تورکیا ئەو ڕاستییەى بۆ دەرکەوت هەستا بە ئەنجامدانى کاولکارى و کوشتنی خەڵکی سیڤیلی ئەو ناوچانە. لە ڕاپۆرتێکی UNHCR، کە لە مانگی دووی ساڵی ٢٠١٧دا بڵاویکردۆتەوە، تیایدا باس لە هەلومەرجى مافى مرۆڤ دەکات لە باکووری کوردستاندا، ئاماژەى بەوە کردووە کە لە ماوەی نێوان ٢٠١٥ بۆ مانگی دوانزەی ٢٠١٦دا نزیکەی دوو هەزار خەڵک کوژراون. لە هەمان ڕاپۆرتدا ئاماژە بەوە دەکات، کە لە نێوان ٣٥٥ هەزار بۆ یەک ملیۆن کەس لەو ناوچانەدا لە شوێنی نیشتەجێبوونى خۆیان گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی تر.
لێرەدا خاڵێک هەیە، کە پێویستە ئاماژەی پێبدرێت، ئەویش بریتییە لەوەی کە هەموو چاودێرەکانی ئەم ناوچەیە PKK بە بەرپرس دەزانن بەرانبەر ئەو تاوانانەی کە تورکیا لە بەرانبەر خەڵکی سیڤیلدا ئەنجامی داوە[1]؛ چونکە PKK خەڵکی ئامادە نەکردبوو بۆ خەباتی شارەکان، لە کاتێکدا دەبوایە کە ئەم هێزە چاوەڕوانی ئەوەی بکردایە کە دەوڵەتی تورک بۆ پارێزگاریی لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆى ئەو ڕەفتارانە دەکات.
لەدوای ساڵی ٢٠١٦ەوە، دەوڵەتى تورکیا ئەو پڕۆگرامەى بۆ نەچوەسەر کە بۆ "پلانی سەرکوت کردنی گەورەی سەربازیی" گرتیەبەر، هەروەها بۆ بە ئەنجامگەیاندنى ئەم پڕۆگرامە، هەوڵیدا مۆدێلی لەناوبردنی جەنگاوەرەکانی تامیل لە سیریلانکا و LTTE دووبارە بکاتەوە، کاتێک کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا ڕژێمی فەرمانڕەوا لەم وڵاتەدا، هەموو سەرکردەکانی LTTE لە خوێندا نووقم کرد، ئەوا بزوتنەوەکەش کۆتایهات و ئەو ناوچەیەش پاک بۆوە لە LTTE .
لە بڵاوکراوەکانی PKKدا ئەم هەوڵەى تورکیا کراوەتە دۆکۆمێنت (پلانى سەرکوتکردنى گەورەى سەربازیی)، کە لە ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٢دا، تورکیا گەورەترین هێرشى کردۆتەسەر ناوچەکانی قەندیل و ناوچەگەلێک تر لە باشوورى کوردستاندا، بەڵام نەیتوانییوە سەرکردایەتی PKK لەنێوبەرێت، بەوەش هەوڵى تورکیا بۆ دووبارەکردنەوەى مۆدڵى سریلانکا شکستی هێنا.
هەنگاوى دووەم، کە لەبەردەم حکومەتی تورکیادایە، بریتییە لە ئەنجامدانى گفتوگۆ و بەستنى کۆنگرە لەگەڵ پەکەکە، هاوشێوەى جەنگاوەرە مارکسیزمەکانی کۆلۆمبیا (FARC) کە لە ساڵی ١٩٦٤ەوە لە دژی دەسەڵاتدارانی کۆڵۆمبیا لە شەڕدان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانیشتن و چەندین کۆنگرەوە لە ڕێگاکانی نێوان ئۆسلۆ لە نەرویج، تاکو هاڤانا لە کوبا، کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بوونەمایەی بەدیهێنانی "پەیمانی ئاشتى"، لە نێوان جەنگاوەرە مارکسیزمەکان کە باڵی سەربازی پارتی کۆمۆنیستی کۆڵۆمبی بوون لەگەڵ حکومەتی کۆڵۆمبیا. جێگەى ئاماژەبۆکردنە کە جەنگاوەرەکان داوای یەکسانی کۆمەڵایەتیی و دابەشکردنی سامانی نەتەوایەتیی و ئازادی ئابوورییان بۆ کۆڵۆمبیا دەکرد؛ لە ئەنجامدا گفتۆگۆکانیان بووە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە ١٥ کورسی بەدەستبهێنن، بۆ ئەوەی ئەندامیان لە ساناتۆری ئەو وڵاتەدا هەبێت.
ساڵی ١٩٨٦ سوپای کۆڵۆمبی هەموو سنوورەکانی بەزاند و چووە ناو ئۆکۆدۆرەوە بۆ گەڕان بە بنکە و بارەگاکانی (FARC)، بەڵام هەر سەرکەوتوو نەبوون، چەندین ڕێگای تر کە جەنگاوەرە مارکسیزمەکان بەکاریان دەهێنا کاریگەری گەورەی بەجێ هێشت لەسەر مێژووی سیاسی کۆڵۆمبیا.
جێگای ئاماژە بۆ کردنە کە هەموو جارێ عەبدوڵا ئۆجەلان هەلومەرج و مێژووی خەباتی خۆی دەبەستەوە و دەیچواند بە سەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیی ئەفریقى(ANC) "نیلسۆن مەندێلا" لە خوارووی ئەفریقادا، ئەوە بە زانینی ئەوەی کە مەندێلا دژی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی ئەفەریقا دەجەنگی، کە بووە هۆی ئەوەی ٢٧ ساڵ لە زینداندا بێت.
نێڵسۆن ماندێلا، کە لە ساڵى ١٩٦٤ەوە هەتا ساڵى ١٩٩٠ لە زینداندا بووە، لەم ماوەیەدا دووجار بەڵێنی ئازادکردنیان پێداوە، بەڵام بە چەند مەرجێک، یەکێک لەو مەرجانەى ڕژێمی ڕەگەزپەستی خوارووی ئەفەریقا بۆ ئازادکردنى ماندێلا ئەوەبووە، کە دانبنێت بە سەربەخۆیی ئەم وڵاتە، ئەویش ڕەتی کردەوە کە ئەو دانپیانانە بکات. هەروەها دووەم جاریش ساڵی ١٩٨٥ بوو، کە بە ماندێلایان گوت ئازادت دەکەین، بەو مەرجەی ئەگەر بێتو سەرکۆنەی هەموو توندوتیژییەک بکەیت، بەڵام ئەو لە وەڵامدا وتى، تەنها مرۆڤی ئازاد دەتوانێت گفتوگۆ بکات، من ئازاد نیم. ئەوەبوو مەندێلا لە ساڵى ١٩٩٠ ئازاد کرا، بەڵام لەناو دەوڵەت نزیکەی بیست ساڵ مایەوە. وڵاتەکەی ماندێلا لە ئێستادا ناسەقامگیرتریین و ناهەموارترین وڵاتە، لەڕووى ئاسایشی دەوڵەتی و هەم لەڕووى ئابوورییەوە.
لێرەدا ئەو ڕەخنانە دەخەینە ڕوو، کە ڕووبەڕووى مەندێلا بوەتەوە و لەسەریان نووسیوە:
یەکەم: لەماوەی ٢٧ ساڵ مانەوەی لە زینداندا تێگەیشتن و فەلسەفەی خۆى بەتەواوەتى دابڕاند لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا، بە جۆرێک هاوڕێکانی کە لە زیندان لەگەڵیدا بوون کە "ئەحمەس کاشارتا" یەکێک بوو لەوانە، دەڵێن، لەم ساڵانەی دواییدا کە هەلومەرجى بەندیخانە ئاسایی بووبوو، ماندێلا دەیتوانى لە ڕێگەى ئەو کەسانەى کە سەردانیان دەکرد لە زیندان پەیامى خۆى بگەیەنێت بە دەرەوە، بەڵام لەبرى ئەمە ئەو تەنها داوای نایابترین ڕۆنی سەری لێ دەکردن؛ ئەمەش ئەو ڕاستییەیە کە "هیلین سوسمان"ی یەکێک لە ژمارە هەرە گەورەکانی چالاکوانی دژی ئەپارتایت پشتڕاستى کردوەتەوە.
دووەم: ڕۆژنامەی ناوخۆی ئەفریقا دەڵێت، ماندێلا شارەزایەکی گەورە بووە لە گۆڕینی خەڵکی ئەفریقادا، بەڵام هەمان شارەزایی نەبووە لە بەڕێوەبردنى دەوڵەتدا. لەم بارەوە ئاماژە بەوە دەدەین کە (ئەو) لە زینداندا بەڵێنی دا واز لە ڕادیکاڵییەتی ANC بێنێت، لەوانە: دابەشکردنی سامانی نەتەوایەتی بە یەکسانی و لە بەرانبەردا بەڵێنی وەرگرت، کە خەڵکی ڕەشپێستەکان بتوانن بازرگانی گەورە وەربگرن.
شایەنى باسە، سەمیر ئەمین[2]، کە ئابووریناس و مارکسیزمێکى شارەزایە، هەر زوو لە ساڵەکانی حەفتاکاندا، دەوڵەتى تورکیای بە یەکێک لە زنجیرەى وڵاتە ئیمپریالیزمییەکانی جیهان دانا، لە بەرانبەردا ئەو بەرخۆدانەی کە PKK سەرکردایەتی دەکات و تیایدا تەحەدای گەورەترین و دڕندەترین هێزی ناتۆ دەکات، من زۆر بەرز هەڵیدەسەنگێنم، بەڵام ئەم پارتە دەبێت هۆشیار بێت لەوەى کە مانەوەی ئۆجەلان لە زینداندا بۆ ماوەی بیست و چوار ساڵ، لەو کاریگەرییانە بە دوور نیە کە بەسەر کەسێکی وەک (ماندێلای سەرۆکی بزووتنەوەی ڕزگاری ئەفەریقا)دا هاتووە، بەتایبەتیش کە تورکیا دەیەوێت دوا کارتی خۆی ڕابکێشێت بە بەدەستهێنانی شکستی کورد. سەرکردایەتی بزووتنەوەی کورد لە باکوور کوردستان دەبێت ڕەچاوى ئەوە بکەن، کە سەرۆک عەبدوڵا ئۆجەلان ماوەیەکى زۆر مانەوەى لە زینداندا لە جیهانى دەرەوەى سیاسەتدا دابڕاوە دووبارە دەبێت پەکەکە و سەرکردایەتییەکەى هۆشیاربێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ تورکیادا. پرسەکە ئەوەیە ئایا ڕێگەى ئاشتى و ئەنجامدانى گفتوگۆ چارەسەرە بۆ کێشەى نێوان تورکیا و بزاوتی ڕزگارییخوازیی باکوورى کوردستان؟ مێژوو ئەوە نیشاندەدات، کە تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد لە تورکیادا، ڕزگاری باکوورى کوردستانە لە چنگ دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی تورکیا، هەوروەها بەدیهێنانى سەربەخۆیى و دروستکردنى دەوڵەتێکە بۆ کورد. بە بیروڕای کەسێکی وەک "جەنگیز چاندان"[3]، ئۆجەلان لە تورکیادا وەک دەزگا سەیر دەکرێت، بەڵام هەتا ئەمڕۆ دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی تورک یەک هەنگاوی پڕاکتیکی نەناوە بۆ بەدیهێنانى ئاشتی. تورکیا ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژانێکى تر زیاتر هەست دەکات بەوەى کە کێشەى کورد لە تورکیا لە دەست ئەو نەماوە، بۆیە دەیەوێت بیهێنێتەوە ژێر ڕکێفى خۆى، بەو جۆرەش دەیەوێت کارتى گفتوگۆ ڕابکێشێت، کە گەمەیەکە و تورکیا ئەمجارە دەیەوێت ئەنجامی بدات بۆ کوژانەوە و کەمکردنەوەى ئاستى بزووتنەوەى نیشتمانى کورد، هەم لە ڕۆژئاوا و هەم لە باکووردا.
[1] ANF News- nov 2014, Cuzum svrcie.
[2]سمير أمين، تطور لامتكافئ، بيروت، ١٩٧٤.
[3] Cengiz chader, Turkey Missing Impossible.