ئایا ترەمپ زیلینسکی دەکاتە قوربانی بۆ بۆتین؟

غازی حەسەن
  2026-10-12   

پێویست ناکات باسی گوتارەکانی و مەزاجی خێرا گۆڕاوی دۆنالد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بکەم، ئەو وەکو جیوە خێرا دەگۆڕێت. کەسێکە بەشێوەیەکی سروشتی، یان لەپێناو مژولکردنی دونیا و بەدیهێنانی ئامانجەکانی لەڕێگەی ئەو گۆڕانە لەناکاوانەی نمایشی دەکات، گوتارەکەی ڕادەپەڕێنێت.

لەتۆڕی سۆشیال تروس کە پێگەی فەرمی سەرۆکی ئەمەریکایە بۆئەوەی بەکورتی و خێرا پەیام و مەبەستەکانی بگەیێنێت. مەبەستەکانی بە کورتی و خێرا. دوای ئەوەی ڕایگەیاندن لەگەڵ بۆتین رێککەوتوون ڕوسیا نەوت بۆ بازاڕەکانی ئەمەریکا دابین بکات و ئەمەریکاش سزاکانی دژ بە ڕەوانەکردنی نەوتی ڕوسیا کەم بکاتەوە. گریمانەی ئەوەش دەکرێت کە ئەم چەشنە ڕێککەوتنانە کاریگەری خراپ لەسەر پەیوەندی ئۆکرەین و ئەمەریکا و ئاکام و ڕەوشی جەنگیش دروست بکات.

ترەمپ گوتی "ئاگربەستی وزە" لەنێوان ڕوسیا و ئۆکرەین ئەنجام دەدرێت و هەردوو لا ڕێککەوتوون هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزە ڕابگرن. لە گوتارەکەی سەبارەت بەدۆخی جەنگ، دەڵێت "پێویستە زیلینسکی بگۆڕدرێت" بە واتای لادانی لە سەرۆکایەتی ئۆکرەین. ڕوسەکان گەمەیەکی سیاسی لەڕێگەی بەکارهێنانی ترەمپ ڕادەپەڕێنن و  ئۆکرەینیش بەپێداگری و متمانەی بەهێزەوە ڕای دەگەیەنێت هێرشەکان ڕادەگرن ئەگەر ڕوسیا هێرش دژی ئەوان نەکات.

زیلینسکی بە (ئاکسیۆسی) ڕاگەیاند "بۆ من ئەمە هەواڵە، ئەگەر ڕوسەکان بەئاگربەست ڕازی بن، ئۆکرەینیش ڕازی دەبێت". دەڵێت ئەو کات "ئێمەش هێرش بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ڕوسیا ڕادەگرین". ئەمە لەکاتێکدایە ترەمپ داوای کردووە زیلینسکی دەست لەکاری سەرۆکایەتی هەڵگرێت. سەرۆکی ئۆکرەنیش نایشارێتەوە کە ئەو جەنگەی لە شوباتی ٢٠٢٢ ڕوسیا دەستی پێکردووە، هەر ئەویش بەرپرسی جەنگەکەیە و ئامادە نین بۆ کەم کردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

بێگومان هەر هەنگاوێک ئەگەر هاوسەنگی و متمانە و ڕقی تێدا نەبێت، کێشەکان ئاڵۆزتر دەبن و ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ سەرنەکەوتنی ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە جەنگ. زیلینسکی ڕاشکاوانە ڕوسیا بەهەڵگیرسێنەری تۆمەتبار دەکات و دەشڵێت "گەلی ئۆکرەین بڕیار دەدات کێ سەرۆکی بێت". ئەمەش وەڵامدانەوەیەکی ناڕاستەوخۆی ترەمپە، کە لەم ڕۆژانە داوای کردووە دەست لەکار بکێشێتەوە.

ڕوسەکان دەیانوسیت لە هەفتەیەکدا کۆتایی بە ئۆکرەین بهێنن و ئەم وڵاتە بخەنەوە سەر روسیا. بەڵام هاوکێشەکان وا دەرنەچوو. ئەمە چوار ساڵە جەنگ هەیە و ئۆکرەین پێچەوانەی هەموو مەزەندەکان خۆی گرت و هەنووکەش لە ڕێگەی درۆنەکانەوە فشارێکی زۆری لەسەر کیڵگە نەوتییەکانی ڕوسیا دروستکردووە. لەتەک ئەوەشدا ترەمپ پێش گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەیگوت ئەگەر ئەو سەرۆک بێت، لە کتوپرێکدا ئەم جەنگە دەوەستێنێت، کەچی دوای دوو ساڵ هێشتا نەیتوانیوە ئەمە بکات. روسەکان لەڕێگەی  "ئاگربەستی وزە" چەند ئامانجێک بەدەست بهێنێت:

یەکەم: ئەمەریکا وا لێ بکات سزاکانی دژی ڕەوانەکردنی نەوتی روسیا کەم بکاتەوە.

دووەم: ئەمەریکا فشار بکات بۆ ئەوەی زیلینسکی لە دەسەڵات لابدات.

سێیەم: نەوتەکە ڕەوانەی دەرەوە و بازاڕەکانی ئەمەریکا بکات.

چوارەم: ئەمە دەبێتە فشار بۆ سەر یەکێتی ئەوروپاش، کە ترەمپ هەمیشە پێگە و توانای ناتۆ بچووک دەکاتەوە.  

ئیدارەی ترەمپ پێی وایە نابێت خەرجی جەنگ و هاوکاری دۆستەکانیان درێژە پێ بدەن، خودی ترەمپیش هەمیشە لێدوانی ئەرێنی سەبارەت بە روسیا هەبووە، پێ دەچێت ڕوسیاش ئەم قسانەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بردنەوەی جەنگ و بێلایەن کردنی ئەمەریکا لە جەنگ دژی ئۆکریەن بەکار بهێنێت. نەک هەر ئەوەش ئیدارەی ترەمپ لێدوانی هەمیشە خراپی دژی ناتۆ و ئەوروپا هەبووە، کە ناڕاسەتوخۆ لێدوانەکان لەبەرژەوەندی بۆتین بووە . لەم هەفتەیە فەرەنسا مووشەکی ئەتۆمی تاقیکردەوە، ئەمە بەدڵنیایی لە قازانجی ڕوسیا نییە. بۆیە نابێت ئەم ڕووداوانە بێ بەها سەیر بکەین.

ئاساییە ترەمپ زیلینسکی بکاتە قوربانی بۆ بۆتین، بەڵام ئەمە دەبێتە خاڵێکی زۆر خراپی ئەمەریکا بەرانبەر دۆستەکانی و هەروەها بەهێزکردنەوەی پێگەی ڕوسیاش. سەرباری لاوازبوونی متمانە و ئاڵؤزکانی پەیوەندیی نێوان ئەوروپا و ناتۆ و ئەمەریکا. بڕوا ناکەم هەموو کۆمارییەکان وەکو ترەمپ بیر بکەنەوە، بەڵام دۆڕانەکانی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی دوو ساڵی ڕابردوو هاندەر و زەمینەخۆشکەرە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا و ئۆکرەین و ڕۆژهەڵات و ئاراستەی جەنگ لەگەڵ ئێران بەم شێوەیە بڕوات.

بەسروشتی وەردەگرم ئەگەر ترەمپ ئۆکرەین بکاتە قوربانی، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین، لە رۆژی دووەمی جەنگ ئیدارەی بایدن داوایان لە زیلینسکی کرد وڵاتەکەی بەجێ بهێلێت چونکە ڕوسیا ئۆکرەین دەگرێت، ئەو ئەمەی ڕەتکردەوە، هەنووکەش ڕەتی دەکاتەوە کارتێکی بێهێز و دۆڕاو بن. بۆیە خۆڕاگری ئۆکرەین نەخشە سیاسییەکان دروست دەکات، نەک خواست و ویستی زلهێزەکان. دیموکراتەکان ئەو کات بڕوایان وابوو ئۆکرەین دەکەوێت، هەنووکە پیچەوانەیە چونکە ئۆکرەین کێڵگەی نەوتی روسیا دەکاتە ئامانج بۆیە کۆمارییەکان داوا دەکەن واز لەدەسەڵات بهێنێت.

داوای یەکەمجار لەترسی کەوتنی ئۆکرەین بوو، داواکاری ئێستا لە ئاکامی هێرشە کاریگەرەکانی ئۆکرەینە دژی ڕوسیا، بۆیە هاوکێشەکان وەکو یەک نین. ئیدارەی ترەمپ بەردەوام ئیهانەی زیلینسیکیان کردووە و ئەم داواکاریەی ترەمپ سووکایەتییەکی گەورەیە و تەنیا بۆتین دەتوانێت قازانجی لێوەرگرێت.     

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×