*لەدوایی ھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ وە ھیچ ھەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە لە کوردستان نەکراوە، یەکەمین ھەڵبژاردنی دوایی ڕاپەڕین ھەموان وەک و یەک لەبەردەم ئیرادەی دەنگدەردا بون و کەس نەیدەزانی کێ براوەیە، بۆیە تاقانە ئەزمونی ھەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەیە لە کوردستان. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە مادەم ھەڵبژاردن لە بارودۆخێکی دیموکراسیانەدا نییەو دەزانین سیاسی و حزبی کوردی ئامادەنین بە ھەڵبژاردن دەسەڵات جێبھێڵن، کەواتە ھەڵبژاردن بۆ بکرێت؟!.
بڕوای من ئەوەیە، مادەم ڕێگەیەکیترمان نییە و جێگرەوەی ھەڵبژاردنمان نییە ئەواھەڵبژاردن بکرێت باشەو بەشێکە لە ڕاھێنان و بیرکردنەوەو خەیاڵکردن بۆ داھاتویەکی دیموکراسیانە، لەگەڵ خۆیشدا کەم و زۆر بارودۆخی سیاسی گۆڕیوە بە باش یان خراپ، واتە پڕۆسەیەکی تەواو مردونییە.
*ھەڵبژاردنی ئەم جارە لەبارودۆخێکی تەواو جیاوازدایە، ئەو قسەیەیی جاران دەکرا لەبارەی پارتی و یەکێتی، کە دوایی ھەڵبژاردن ھەمان دۆخی سیاسی بەردەوامی پێدەدەن تەواو گۆڕاوە، لێرەدا با بپرسین چیگۆڕاوەو بۆ جیاوازە:
١: ئەو دیموکراسیەتەی لە دوایی پڕۆسەی ئازادی عێراق ئەمریکاو ئەوروپا پشتگیریان دەکرد و ھانی ململانێیەکی دیموکراسی ھێزە عێراقی و کوردستانییەکانیاندەدا تەواو شکستی خوارد، بەجۆرێک مۆدێلی حزب لە عێراق و کوردستانیش کۆتایی ھات، ئێستا مۆدێلی کەس یان خێزانە لەلای کورد و سونەو شیعە. ئەم ھەڵبژاردنە یەکەمین ھەڵبژاردنە کە حزبەکان نەچونەتە ململانێوە، ئەوەی لە ململانێدایە کەس و خێزانەکانن.
٢: یەکێتی نوێ، بە سەرۆکایەتی باڤڵ تاڵەبانی، تەواو جیاوازە لەو یەکێتیەیی مام جەلال سەرۆکایەتی دەکرد. یەکەمین جارە یەکێتی وەک تەزبیحێک تەواوی دەنکەکانی بە پەتێکەوەیەو تەزبیحەکەیش لە دەستی تاڵەبانی کوڕ. ئەمە خاڵی بەھێزی یەکێتی نوێیە کە لە ھیچ سەردەمێکدا نەیانتوانی کۆکراوەبن، خاڵی بەھێزە وەک ئیدارەدان نەک دیموکراسی، چونکە ھەر زوو وتمان پڕۆسەی سیاسی لە کوردستان دەتوانین بڵێین لە دەرەوەی دیموکراسییەکی ڕاستەقینەدایە.
٣: پارتی وەک و حزب سڕکراوەو کۆتایی پێھاتوە، ئێستا دوو کەس ھەن، مەسرور بارزانی بە پشتیوانی باوکی و نێچیرڤان بارزانی بە تەنھا، کاک مەسعود دەیەوێت پێش مردنی خۆیی و بەشێوەیەکی ڕێکخراو دەسەڵاتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بداتە دەست مەسرور بارزانی، ھەروەک چۆن مەلا مستەفای بارزانی پێش مردنی و ھەتا لەسەر قەرەوێڵەی خەستەخانەی ئەمریکا دەیوت مەسعود جێگرەوەی منە و بەوجۆرە ھەموشتێکی لەبەرژەوەندی ئەو یەکلایی کردبوەوە.ترسی ماڵی بارزانیش لەم ھەڵبژاردنە یەک ھۆکارە ئەویش بەو یاسا نوێیەی ھەڵبژاردن و بەوەی کۆمۆسیۆنی عێراق سەرپەرشتی دەکات و لیستی دەنگدەرانی پاککردۆتەوە، دڵنیانین لەوەی کە زۆرینە دەبن، ئەگەر زۆرینە نەبن کێشە سەرەکییەکە لەگەڵ یەکێتی نییە، کێشە گەورەکە لە نێوان نێچیرڤان و مەسروردایە.
یەکێتی دەزانێت پارتی یەکەم دەبێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەکێتی دوو ھەمێکی بەھێز، دوھەمبونێکی بەھێزی یەکێتی و یەکەمبونێکی پارتی کە پەنجا بەرەو سەرەوەی نەبێت، دەتوانین بڵێین دۆڕانی پارتی و برانەوەی یەکێتییە. یەکێتی سورە لەسەر ئەوەی یان سەرۆکایەتی حکومەت یان سەرۆکایەتی ھەرێم یان بەشیوەیەکی دەوری دوو ساڵ بە دووساڵ لەگەڵ پارتی بەشیبکات، ئەگەرنا ئامادەنین بچنە پێکھێنانی حکومەت لەگەڵ مەسرور بارزانی، لەم خاڵەدا ئێران و عێراق و ئەمریکایش ھاوسۆزی یەکێتین، بەھۆی مامەڵەی ڕابردوی سەرۆکی حکومەت، کە بەجۆرێک دیبلۆماسییەتی نەک لەگەڵ عێراق لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا خراپ بو ئەگەر ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی نەبوایە پێنەدەچو کابینەکەی بەردەوام بوایە. بابێینەوە لای کێشە سەرەکییەکە، یەکێتی سورە لەسەر داواکردنی یەکێک لەو دوو سەرۆکایەتیەو چیتر ئامادەی جێگری نین لەگەڵ مەسرور بارزانی، لەم دۆخەدا یان حکومەت پێکنایەت، کە ئەگەر زۆر بخایەنێت حکومەتی ھەرێم ھەڵدەپەسێردرێت و حکومەتی عێراق و ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان دەکەن، یان دەبێت یەکێک لە سەرۆکایەتییەکان بۆ یەکێتی بێت. لەو کاتەدا ماڵی بارزانی سەرۆکی حکومەت لای خۆیان دەھێڵنەوە بۆ مەسرور بارزانی، ئیتر لێرەوە نێچیرڤان بارزانی بێ پۆست و بێ ئیشدەمێنێتەوە، پۆستی سەرۆکی پارتی لای کاک مەسعودە ئەگەر بیداتە نێچیرڤان ئەوا خۆیی بێ ئیشدەبێت، ھەموان دەیشزانین لەناو حزب و حکومەت باڵی نێچیرڤان کراونەتە دەرەوەو حزب سڕکراوە تا تەواو یەکلایی دەبێتەوە بۆ مەسرور بارزانی، تەنانەت ئەم دەرکردن و گرتنە ناو دەزگای پاراستنی گرتەوەو سەرۆکی پێشوی پاراستن ناچار بەچونەدەرەوەی وڵات کراو، بەرپرسی پاراستنی سلێمانی و ھەڵبجە پاش چەند مانگێک زیندانیکردن، نێردراوەتە ماڵەوە. بۆیە لە ئێستادا باڵی نێچیرڤان تەنھا سەرۆکایەتی ھەرێم و کەناڵی ڕوداویان بەدەستەوە ماوەو ھەمویان لەو دوو دەزگایە کۆبونەتەوە. مەسرور بارزانی بۆ کۆتایی ھاتن بە کاریگەری کەناڵی ڕوداو دوو کەناڵی گەورەی کردەوەو سەدان کادری ڕوداوی بە پارەی زۆر بردە دوو کەناڵەکەیی و سەدان میدیاکار و نوسەری سلێمانی بە پارەی زۆر بردۆتە ئەو دوو کەناڵە، بەڵام بەھۆیی داخراوی گوتار و بڕوا نەبون بە ئازادی ڕۆژنامەگەری کاریگەر نین و نەیان توانیوە دورو نزیک کار لە کاریگەری کەناڵەکەی نێچیرڤان بارزانی بکەن.بەڵام وەک حزب و حکومەت گۆشەگیریانکردوە ھەر بۆیە ئەو و باڵەکەی لە دەرەوەی ململانێی ئەم ھەڵبژاردنەن، ئەنجامی ئەم ھەڵبژاردنەیش بۆ پارتی دوو ئەنجامە، ئەنجامی یەکەم بڕیار لەسەر ئایندەی نێچیرڤان بارزانی دەدات، کە ئایا قبوڵێتی وەک کەس سێھەم لەناو پارتی کار بکات و لە ئێستاوە کاک مەسرو بە برا گەورەو سەرۆکی خۆی قبوڵبکات یان ڕێگەیەکیتر ھەڵدەبژێرێت، خۆ ھەتا کاک مەسعود لە ژیاندا بێت لەوانەیە ئەم پڕۆسەی گواستەنەوەی دەسەڵاتە لە ماڵی بارزانیدا بە ئارامی بڕوات، بەڵام لە ئەگەری نەمان یان نا ئامادەیی کاک مەسعود ئەگەری ھەیە ئایندەی نێچیرڤان بارزانی ببێتە دراوسێی شێخ ئەدھەم بارزانی لە سلێمانی، بۆ نا!؟ بەڵام گۆڕانکارییە خێراکانی دوایی جەنگی حەماس و بەرەی شیعەو ئیسرائیل، نازانین کاریگەرییەکانی تا کوێدەبێت لەسەر عێراق و دواتر کوردستانیش.
ئەنجامی دوھەمیش لەگەڵ یەکێتی نوێ، یەکێتییەکەی باڤڵ تاڵەبانی کە ستایلێکی نوێیە لە سیاسی و سیاسەتی کوردی، ستایلێک بۆ پارتی جۆرێکە لە شۆک و نازانن چۆن و بەچی زمانێک گفتوگۆی لەگەڵ بکەن، ئەم ستایلە لە یەکێتی و حزبی کوردی، یەکەم جارە پارتی بەریدەکەوێت، بۆیە لەم بانگەشەیەدا پارتی تەواو کەوتۆتە دۆخی بەرگری و ئەگەر گۆڵی لێنەکرێت وازی لە خەیاڵی گۆڵکردن ھێناوە.
قسەکەی بافڵ تاڵەبانی تەواو واقعی دێتەوە کە بە تەنزەوە وتی:” بێ ئۆکەی یەکێتی کاک مەسرور نابێتە مدیر عامیش”. چونکە ماڵی بارزانی بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە تێپەڕێنن بەبێ لێکترازان پێویستیان بە سێ پۆستی ھاوشێوەیە بۆ کاک مەسعود و مەسرور و نێچیرڤان، بەبێ ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی نەک حکومەتی داھاتو پێکنایەت بەڵکو بەتەواوی حکومەت و ھەرێمیش تا ئاستی ھەڵوەشاندنەوە دەڕوات.
*ھەرچی لەبارەی ھێزەکانیترە ھێندە بێ بەرنامەو بێ ڕوئیان، ھێندە جیاوازییەکانیان کەمە لەگەڵ پارتی و یەکێتی ، زۆرینەی خەڵکی ناڕازی لەبیریکردون و پەیام و دەنگ و ھاوارییان ناگات بە زۆرینەی خەڵکی کوردستان، کە زۆرینەیەکی ناڕازی و دەنگ نەدەرە.
ھێزە ئیسلامییەکان، دەیان ساڵە سەلماندویانە، ھێندەی باسی ئەوەیان بۆ کردوین چۆنە ئەچینە جەھەنم و بەھەشت نیوھێندە باسی دنیایەکی جیاواز و یەکسان و عەدالەتخوازیان بۆ نەکردوین، ھێندەی ھێزی کلاسیکی دینی و دواکەوتون کە دژی کرانەوەو ئازادییەکانی ناو کۆمەڵگەن، چارەکێکی ئەوە ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی نەبون، بەدەر لەوەی ھێندەی تەعبیر لە ھێزی ئیخوانی و سەلەفی و باڵە جیاوازە دینییەکان دەکەن کە خزمەت بە پان عەرەبیزم و پان تورکیزم دەکەن، نیوھێندە نزیکن لە ئازاری ئینسانی کورد! بۆیە ئەم ھێزانە، وەک ھێزی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن گەورەنابن و بون بەڕێژەی نەگۆڕ.
ھێزەکانیتری بەرەی ئۆپۆزسیۆن، کەھێزی نادینین، ھێندە زۆر و پەرش و بڵاون، دەکرێت بڵێین ھێندەی بون بە خاڵی بەھێزی پارتی و یەکێتی، یەوەندە خاڵی لاواز و دژنین. ئەمان نەک بەرنامەو ڕوئیایەکی جیاوازییان نییە، بەڵکو ھێند کورتبین و بێ دنیابینین، کە نەیانتوانی بۆ یەک جار کۆببنەوەو گفتوگۆی بەرەیەکی ھاوبەش بکەن ، تا دەنگەکانیان کۆبکەنەوەو ببن بە ھێز، چونکە بەھۆی فرە بازنەیی و دابەشبونی دەنگەکانیان، پێدەچێت زۆرێک لە دەنگەکانیان بچێت بۆ لیستی گەورە واتە بۆ پارتی و یەکێتی.
* ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، زیاتر کاردانەوەن تا ھێزی خاوەن بەرنامەو پلان، بۆیە نەک ترسنین بۆ دەسەڵات، بەڵکو دڵنیاین بۆ دابەشبون و بچوکبونەوەی دەنگی ناڕەزایی.
پارتی پێویستی بە یەکێک لەم ھێزانەیە تا حکومەتی لەگەڵ دروست بکات و حکومەت بکات بە حکومەتی بنکەفراوان و بەوجۆرەیش وەک حکومەتی پێشو بەش بەیەکێتی باش نەک شەریکی بکات. بەڵام ھەمو ھێزەکان ڕەتیانکردۆتەوە بچنە حکومەت بێجگە لە لاھور شێخ جەنگی.لاھور، زیاتر کاردانەوەیە بەرامبەر ماڵی مام جەلال کە لە یەکێتی بێبەشیانکردوە، بۆیە ئەگەر کورسی ئەوەندە بێنێت کە پەنجا زائید یەک بۆ پارتی تەواوبکات ئەوا بێ دودڵی دەچێتە حکومەت و ئەوە تەنھا تۆڵەکردنەوەیەکە لە ئێستادا پێیبکرێت بەرامبەر بافڵ تاڵەبانی، بەڵام خاڵی بەھێزی لاھور شێخ جەنگی، ئەوە بو لە ڕابردودا بە دەنگێکی بەرز دژی ماڵی بارزانی و حوکومدارییەکەیان بوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو بەڕەیەیشی لەژێرپێ دەرھێنراوەو دەنگی بافڵ تاڵەبانی بەرامبەر مەسرور بارزانی، دەنگی ئەو و ھەمو ئەوانیتریشی شاردۆتەوەو ھیچی بۆ نەھێشتونەتەوە بۆ وتن. بۆیە کەش و ھەوایی بانگەشە زیاتر لەوەدەچێت ھەڵبژاردن لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی بێت و بەس.
بڕوای من ئەوەیە، لاھور شێخ جەنگی دوایی بزوتنەوەی گۆڕان، دۆڕاوترتن ھێزی ئەم ھەڵبژاردنە دەبێت، چونکە پێناچێت لە چەند کورسییەک زیاتر بێنێت، کە کەڵکی چونە حکومەتیشی نابێت و پاش ماوەیەکیش بەھۆی لاوازی حزبەکەیی و بەربژێرەکانی پارتی و یەکێتی دەیانکڕن و خۆی بەدەستی بەتاڵ لێیدەردەچێت. بڕیاری بەشداری ھەڵبژاردن لەم بارودۆخەدا بۆ لاھور وەک بڕیاری بەشداری حکومەتی نەوشیروان مستەفا وابو، کە چوە حکومەتێکی بنکەفراوان، سیستەمی سیاسی و حکومڕانی بگۆڕێت، بەڵام وەزیرەکانی ھەر زوو ماڵی خۆیان و خوێندنگەو زانکۆی مناڵەکانیان گۆڕی و بە میوانیش نەھاتنەوە بەلای گۆڕان و سلێمانیدا.!
* کورت و پوخت، ئەم ھەڵبژاردنە، ھەڵبژاردن نییە لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، ھەڵبژاردنە لەنێوان دەسەڵات و دەسەڵات، لەلایەک لە نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، بەجۆرێکیش لەنێوان مەسرور و نێچیر، چونکە پێدەچێت ئەمە دوا ھەڵبژاردن بێت، نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری یەکەمی پارتی و سەرۆکی ھەرێم ببینین ئەگەر مەسرور بارزانی سەرکەوتوبێت لە پلانەکانی.جارێکیتر حکومەت دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنێکی نوێی پارتی و یەکێتی و بۆ چوار ساڵی داھاتو ئەو دوو ھێزە بە بەھێزی دەھێڵێتەوە، یەکێتییەک لە دەباشانەوە بڕیارەکانی تا کەرکوک و موسڵ و ھەولێر دەڕوات.!