سەرۆک لە کوێیە؟

بڕوا بەرزنجی
  2024-05-05     186

*.. نێچیرڤان بارزانی دەچێتە تاران، ئەمە سەردێڕی ئەمڕۆ و چەند ڕۆژی داھاتوی میدیایی کوردی دەبێت.
سەرۆکی ھەرێم، پێشتر چەندان سەفەریتریکردوە بۆ ئێران و تورکیا و فەڕەنسا و ئەمریکا و وڵاتانیتر، بەڵام ئەم سەفەرانە بۆ؟
*سەفەری دیبلۆماسی، بۆ گفتوگۆو پەیوەندی دروستکردنی نوێ یان زیاتری نێوان دوو  لایەنی گفتوگۆکارە. 
بەپێی پێناسەی زانستە سیاسییەکان بۆ دیبلۆماسییەت”پێکھاتوە لە ھونەر و زانستی پاراستنی پەیوەندی ئاشتیانەی نێوان نەتەوەکان، گروپەکان، یان تاکەکان. زۆرجار دیپلۆماسی ئاماژەیە بۆ نوێنەرانی گروپە جیاوازەکان کە باس لە پرسەکانی وەک ململانێ، بازرگانی، ژینگە، تەکنەلۆژیا، یان پاراستنی ئاسایش دەکەن”.

*دیارە ئێمە دەزانینن کوردستان بەشێکە لە عێراق و وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، ھەروەک جیۆپۆلەتیکی ھەرێم،تاڕادەیەک داخراوە و بۆتە خاڵی لاوازی کوردستان. چونکە دراوسێکانمان دوو دووژمنی گەورەی وەک تورکیا و ئێرانن، کە مێژوییەکی خوێناوی تا ڕادەی جینۆساید لەنێوانماندایەو ڕۆژانەیش ئەگەری جینۆسایدی کورد لەلایەن ئەم دوو ھێزەوە بەردەوامە. 
ھەر بەھێزی ئەم دوو ھێزە دراوسێیەو لاوازی ناوخۆیی کورد وایکردوە، ئێمە ناتوانین لەم ھەرێمە بچوکەیا ببین بەیەک ھێز و قەوارەی سیاسی، کەواتە دیبلۆماسییەتی کوردی دروست نەبوەو ئەوەی ھەیە، پەیوەندییەکانی ھێزێکە لە ھێزەکانی ئەم قەوارە سیاسییە بچوکە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی و جیھان.

*تۆ کە لەناوخۆ نەتوانێت پێکھاتەیەکی یەکگرتوبیت، ئایا لە دەرەوە دەتوانیت بەناوی ھەموانەوە قسە بکەیت و ڕێکەوتن بکەیت؟ 
نەیارانی تۆ، سودیان لەوەدایە تۆ لاوازبیت تا ئەوان داواو بەرژەوەندی خۆیان بسەپێنن بەسەرتا، کەواتە تۆ بەم ھەمو لاوازییەوە، چۆن پێماندەڵێیت سەفەرەکەت سەفەرێکی دیبلۆماسی و بۆ بەرژەوەندی کوردستانە؟ لە کاتێکدا سی ساڵە ئێوە لەم تاقیکردنەوەدا دەرنەچون و بەھۆی خێڵگەرایی نەک نیشتیمانپەروەری، تورکیا و ئێران ھەمو داواو خواستێکیان سەپاند بەسەرتاندا.

*خاڵێکی بەھێزی دیبلۆماسییەت سودوەرگرتنە لەو پەیوەندییە سیاسیانەی ھەتە، بۆ نمونە ئیسرائیل بێجگە لە بەھێزی خۆی، بەڵام سودی تەواودەبینێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا  و بەریتانیا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەزانم ئێمە ئیسرائیل نین، بەڵام سی ساڵە ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی پاسەوانی ئەم ھەرێمە دەکەن، ئەگەرنا خۆمان سێ ڕۆژ پێمان ناپارێزرێت، ئەوان بەزۆر شەڕی ناوخۆیان پێوەستاندین کە ئێران و تورکیا بەنزینیان دەکرد بە ئاگرەکەیدا، داعش ھات و ئەوان دیسان ئێمەیان جێنەھێشت، ئەوان بە پارەو چەکی خۆیان وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان دروستدەکەن و ئێوە قبوڵی ناکەن و فەوج و ھێزەی تایبەتی خۆتانتان دەوێت بۆ پاراستنی ماڵ و موڵکی تایبەتی خۆتان، کەواتە  بەھۆی خێڵگەرایی و دوریتان لە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی ، پشتگیری ئەمریکا و خۆراوا نەک نەبوە بە خاڵی بەھێز، بەڵکو خاڵی لاوازمانە!.

*سەرۆک ناتوانێت، وەک سەرۆک قسە بکات، پێش ئێمە ئێران زۆر باشتر ئەمە دەزانێت،با چەند نمونەیەکی بچوک بخەینەوە بیری خۆمان، ئایا ئەگەر ئێران داوایەکی بچوک بکات بڵێت میدیاکانی کاک مەسرور  توند نەبن بەرامبەر ئێران، یان بەڕێوبەری مەرزی باشماخ بگۆڕە، یان کاک ئارینی کوڕی کاک مەسرور با ھەمو ڕۆژێک سەردانی کەنداو نەکات، ئایا سەرۆک ھیچ یەکێک لەمانەی پێجێبەجێدەکرێت؟ ، دڵنیام ھەمو ئینسانێکی وشیار دەزانێت ھیچ لایەنێکیان پابەندنین بە قسەی کاک نێچیرەوە. کەواتە سەردانی سەرۆک بۆ پرس و ڕایەکی حزبی ڕوتەو  زیاتر وەک نێردراوێکی کاک مەسعودە وەک سەرۆکی پارتی نەک ھەرێمی کوردستان، ئەمە نەک تەنھا بۆ ئەم سەرۆکەی ئێستا، لەم بارودۆخەی کوردستان، ھەرکەسێکیتریش سەرۆک بێت، ھەر ھەمان دۆخی دەبێت.بۆیە تێگەیشتنەکە ڕاستەکە ئەوەیە بەم ھەمو لاوازییەوە ئێران چی داوایەکی خۆی فەرزدەکات!

* شتێکیتر کە زۆر کەشفە،  درۆی سیاسییەکان و ئەو ڕۆژنامەنوس و نوسەر و خوێنەوارانەی، چی زانست و زانینی خۆیانە، چی چەمکی سیاسی و کۆمەڵناسی و دەرونناسییە، بەکاریدەھێنن بۆ تەفسیرکردنی سەفەری جەنابی سەرۆک یان ھەر سیاسییەکیتر، بێئەوەی بۆ جارێک چاوییان ئەم واقیعە ببینێت، ئەم جۆرە درۆکرنە لەگەڵ واقیعی سیاسی وڵاتەکەت، بەرپرسیارێتییەکەی تا ڕادەی خیانەتی نیشتیمانی دەڕوات. 
جۆن میرشایمەر، زانای سیاسی ئەمریکی، پێنج جۆر درۆی سیاسی دیاریدەکات”درۆی نێوان دەوڵەتان، ترس و دڵەڕاوکێ، پەردەپۆشکردنی ستراتیژی، ئەفسانەی ناسیۆنالیستی و درۆی لیبڕاڵ”، بەپێی تێگەیشتن لە پۆڵێنبەندییەکەی ناوبراو، درۆی سیاسییەکانی ئێمە و واعیزە خوێنەوارەکانیان دەچێتە چوارچێوەی درۆی ئەفسانەی ناسیۆنالیستی. چونکە سیاسەتی کوردی لە زۆرینەی بوارەکاندا شکستی ھێناوەو دوا کارتە ناسیۆنالیستەکانی خۆی بەکاردێنێت، بەبڕوای من لە قۆناغی مردنی ئەو جۆرە ناسیۆنالیستەداین.

* کەواتە لەبەر ئەو ھۆکارانەو سەدان ھۆکاریتر، سەرۆک لە وڵاتێکیتر نییەو لە گفتوگۆی پەیوەندی دیبلۆماسی و بەرژەوەندی ھاوبەشدا نییە، سەرۆک ێشتا لە ڕاڕەوی خێڵێکی سیاسی دایەو نە خەم و بەرژەوەندی کوردستانی لەگەڵ خۆی بردوەو نەکەسیش وەک نوێنەری ئەم ھەرێمە پێشوازی لێدەکات!، کوردستانێک زۆرێک حزب و میدیا و ڕۆژنامەنوس و مەلا و خێڵ و سەرۆک ھۆزێک بەرژەوەندی و پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ وڵاتان ھەبێت!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×