هێز یان دەسەڵات؟
بڕوا بەرزنجی
2021-12-01   459
بەیانییەکی زوویی لەندەن، شاژنە ئیلزابێسی دوهەم کە تا ئێستایش وەک شاژن و نزیکەی یەک سەدە ژیان بەڕێدەکات، پێشوازی لەسەرۆک وەزیران مارگرێت تاچەر کرد و لەجیاتی قاوەخواردنەوە گفتوگۆیەکی گەرم و تاڵیانکرد. شاژن بە سەرۆک وەزیرانی وت” هێز هیچ نییە لە دەرەوەی دەسەڵات”.
مارگرێت تاچەر، یەکەم ژنە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ، لە ١٩٧٩ بۆ ١٩٩٠، کە لە ١٩٧٥ تا ١٩٩٠یش سەرۆکی پارتی پارێزگاران بو، چونکە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک وەزیران، دەبێت سەرۆکی حزبەکەیشی بێت، ئەو دوو پۆستە لە بەریتانیا بەرامبەر یەک و تەواوکەری یەکن. چونکە سەرۆک حزبی ئۆپۆزسیۆنیش وەک سەرۆک وەزیرانی سێبەرە.
لەمێژوی نوێی بەریتانیا، چەند سەرۆک وەزیرانێک وەک ڕێباز و قۆناخ و قوتابخانەیەکی سیاسی لە هزری بەریتانیەکان و سیاسەتی ئەو وڵاتە ماونەتەوە، ئەوانیش چەرچڵ و مارگرێت تاچەر و تۆنی بلێرن.
تاچەر، کە بەژنە ئاسنینەکە ناسرابو، لە کۆتاییەکانی کابینەکەی، توشی کێشەی زۆر بوەوە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، خۆیشی پیری و نەخۆشی هیلاکیانکردبو، بۆیە پشتگیر ولایەنگرانی لەناو حزبەکەیی و میدیا و لای شاژن و شەقامیش تەواو کەمیکردبو. چونکە هەموان دەیان وت: بەریتانیاو بەریتانییەکان لەپێش سەرۆک وەزیرانەوەن.
ئەو یاساییانەو دیموکراسیانە سەرۆکی پارتەکەیی و سەرۆک وەزیرانیشبو، بەڵام مادەم توانایی کەم بوبوەوە بۆ بەڕێوەبردنێکی باشی پۆستەکەیی و بەوهۆیەشەو پشگیری جارانی نەمابو، دەسەڵاتیشی نەمابو بەسەر کۆیی پڕۆسەی سیاسی وڵاتەکەی، بۆیە هەموان هەوڵیاندەدا تێیبگەیەنن کەڕێگە ڕاستە وازهێنان و دابەزینە لەسەر ئەو کورسیەیی لە سەدەی پێشودا هیچ سیاسییەکی ئینگلیز بە چەرچڵیشەوە بەقەد ئەو لەسەری دانەنیشت.
لەو ڕۆژ پڕ گفتوگۆیانەدا، دەبو شاژنیش ڕون قسەی خۆی بە سەرۆک وەزیران بڵێ، چونکە بابەتەکە بەرژەوەندی و ئاسایشی بەریتانیا بو، شاژن لەو دانیشتنەیدا لە کۆشکی بەگینهام پاڵاس، گوێی لە ژنە ئاسنینەکە گرتبو کە دەیوت ئەو هێزی هەیە، ئەوان وەک دوو ژنی بەهێز ئەگەر پشگیری بکات دەتوانێت بەردەوامبێت و زیاتر خزمەتی وڵات بکات. شاژن هاوڕابو کە تاچەر ژنێکی بەهێزە، بەڵام پێی وت: ئێستا کابینەی حکومەتەکەت دژتە، زۆرینەی حزبەکەت دژتە، خۆت دەزانیت هەڵبژاردن بکرێت براوە نابیت، کەواتە تۆ دەسەڵاتت نییە بۆ جێبەجێکردن، هێزیش لە دەرەوەی دەسەڵات هیچ شتێک نییە”.
هێزی دیموکراسی و یاسایی، بەم جۆرە بیر لە دەسەڵات دەکاتەوە، دەسەڵاتیش بەم جۆرە لە هێزی خۆی تێدەگات.
ئەگەر لە سیستەمێکی دیموکراسیدا نەبویت، هێزی دیموکراسی، هێزی خەڵک و هەڵبژاردن، هێزی عەقڵ و توانایی مرۆیی گرنگ نییە، چونکە ئەمانە دەسەڵاتنین، دەسەڵات ڕوت و قوتە لەم ناوچەیی ئێمە، هیچ شتێک بە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نیشتیمانی و یاسایی و دیموکراسییەوە نایبەستێتەوە.
تۆ دەکرێت سەرۆکی پەڕلەمان بیت و هێزی جەماوەر و هەڵبژاردنت هەبێت، وەک پایەیەکی دیموکراسی، بەڵام دەسەڵاتی دوو پۆلیس بتنێرێتەوە ماڵەوە!.
ژنە ئاسنینەکە، کاتێک گوێی لە هاوڕێکانی بو لە حزب و حکومەت، کەچیتر ناتوانن پشتیوانیبن، وتی باشترین کار و ڕێگەم ئەوەبو کە کردم لەم ئەرکەمدا، ئەرکەکەم خۆشدەوێت، بەڵام لە دەرەوەی ئێرە خۆشەویتی باشتریشم هەیە، مێردەکەم و مناڵەکانم و پشیلەکەم!
سەرۆک و سەرکردەکانی ئێمە، هیچیان خۆشناوێت بێجگە لە کورسییەکەیان، تا خۆیان و کورسی پێکەوە دەڕزێن.هێندە بێ بەهرەن، وەک منداڵێکی پێنەگرتو لە کورسییەکە دایانبگرە بە دەما دەکەون.