بەرەو پیاچوونەوەی ڕیشەیی بە پرۆسە نەوتییەکان لەهەرێمی کوردستان: تاکەی لە بن دەواری ڕەش دابنیشین؟

بەهرۆز جەعفەر
  2024-11-28     120

هەموو وڵاتانی جیهان، ئەوانەشی کە خاوەنی هیچ یەدەگێکی هایدرۆکاربۆن (نەوت، گاز، خەڵووز) نین، خاوەنی کۆمپانیای وزەی نیشتیمانی و نێودەوڵەتی خۆیانن، کە لەمسەر تا ئەوسەری دونیا بەدوای وەبەرهێنان دا دەگەڕێن و سەری ڕمی بەرژوەندییە نیشتیمانییەکانی وڵاتانی خۆیانن، لە جەمسەری باکورەوە تا دەریای ناوەڕاست تادەگاتە هیندۆ-پاسیفیک لەژێر ئاودا بەدوای سەرچاوەی وزەدا دەگەڕێن.
بۆ نموونە؛ چین چاینە پتیرۆلیۆم و سەینۆپک- Sinopecی هەیە، سعودیە ئارامکۆ، قەتەر (قەتەر ئینرجی) ی هەیە، ئیمارات تاقە-TAQA و چەندین کۆمپانیای بواری وزەو پیترۆکیماوییەکانی هەیە. نەمسا OMV ی هەیە، هەنگاریا MOLی هەیە، ڕووسیا گازپرۆم و ڕۆس نەفتی هەیە، ئیتاڵیا ENI و ENL ی هەیە، ئەمریکا چیڤرۆن و ئیکسۆن مۆبیل و نۆبڵ ئینرجی هەیە، ئیسرائیل دێلێک گرووپ و نیو مێد-NEW MED ئینرجی هەیە، بەریتانیا بریتش پیترۆلیۆم، کۆنگۆ (کۆنگۆ ئینرجی هەیە)، هیندستان ONGC، باشوری ئەفریکا Sasol ی هەیە. هەرێمی کوردستان لەبری چەندین کۆمپانیای نیشتیمانی سەرپێ بخات و، برەو بەتوانای مرۆیی ناوخۆیی بدات، پیشەسازیی نیشتیمانیی بونیاد بنێ، کەچی بە دەستی چەند برادەرێکی دەستەڵاتدار چوون ٥٧ گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان واژۆکردوە! خۆزگە ئەوانە گرێبەست و کۆمپانیای جیهانیش بوبن! لەڕاستییدا ئەوانە کۆمپانیای جیهانی نین، بەشێکی زۆری هی چەند کەسێکە کە ئەوکات لە دەستەڵاتدا بوون، لەدەرەوە تۆماریان کردوەو، هێناویانە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانیان پێ وێران کردوە (لای خوارەوە باسی دەکەین).
کورد کە لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکییەوە سەری لەناوخوانی سێ حەوزەی ستراتیجی و هەستیاردایە: کەنداو، ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، قەزوین، کەچی نەک کۆمپانیای ناوخۆیی بەڵکو ڕوئیایەکی بۆ ئەمە نییە؛ دەست دەدەیتە پرۆسەیەک بێ ئەوەی بزانیت لەکوێدایت؟
نەک کۆمپانیای نیشتیمانیی -نەوتی دا-نە-مەزراندوە، بەڵکو یەک کارمەندی لە سۆمۆ نەبوەو نییە، بەمدواییە کەسێکیان دانا بۆ جێگری سەرۆکی سۆمۆ- لەبوارێکی تر پسۆڕی هەیە و ڕۆژێک لەم کایەیەدا نەبوە.
پێش ئەوەی بچمە ناو ئەم باسانەوە؛ دوو هۆکار ڕوون دەکەمەوە بۆچی دەستم داوەتە ئەم قسانە:
یەکەم/ لەبەرئەوەی بە ئاگاداریی جەنابی بارزانی بێت یان نا؛ باندێک یان تۆڕێک درووستبوون، بەئاشکراو بە ئەنقەست خەڵکانی خراپ و گەندەڵ و نا-جۆر دەخەنە شوێنە هەستیارەکانی حکومڕانییەوە، بەئاشکراو بێمنەت خەریکی بێزارکردنی خەڵک و هەر کەسێکن چۆڕێک نیشتیمانپەروەریی تێدا ببینن. ئەمە لەکۆندا ئەگەر دوژمنێک ویستبێتی ئیمپراتۆرییەتێک وا لێ بکات لەناوەوە بۆگەن بکات، ئەم جۆرە کارانەی کردوە!
دووەم/ بە ئاشکراو بێمنەت، ئیش لەسەر بێ ماناکردن و بێ مەعریفەکردنی دەستەڵات و حکومڕانی و میدیاو بەها جێگیرەکان دەکەن، گەندەڵی و بازرگانی نەوت و ماددەی هۆشبەر و قومار و ئافرەت و زەوی و تۆڕی پارێزەرە بێ شکۆکانیان بەرە-بەرە بوەتە دیاردەو کەلتور؛ تا ئێرەش با قبووڵ بێت (کە ناکرێت قبووڵ بێت)؛ لەکاتێکدا زیاتر لە پانزە ساڵە ئێمە بێلایەنانە قسەدەکەین، خۆبەخشانە خزمەت دەکەین، بەئاشکرا دەڵێن؛ ئێمە ئیشمان بەقسەی ئێوەو دیراسەی ئێوە نییە، ئێوە بۆ تێناگەن، ئێمە تۆڕێکین خەریکی کارێکی دیکەین! بەسووکی دەڕواننە هەرکەسێک پرۆژەیەکی بۆ ڕێککردنەوە و دیدێکی زانستی بۆ ئەو کوردستانە هەبێت! لەم ڕووەوە هەموو توانا باشەکانی کوردستان چوونەتە دەرەوەی وڵات، چوونکە ئەم باندانە بە سووکی دەڕواننە نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە و خوێنەواری کورد.
لەسەرەوە، وتمان باسی ئەوە دەکەین کە چۆن ئەم برادەرانە گرێبەستیان لەگەڵ خۆیان کردوە نەک کۆمپانیا جیهانییەکان!
* لە کۆتایی ساڵی (٢٠٠١) ەوە لە کێڵگەی تەق-تەق دا ئۆپەرەیشن دەکرێ؛ ئەو کۆمپانیایەی کەهاتوە بۆ تەق-تەق بۆ دەرهێنانی نەوت، پێشووتر هیچ کارێکی دیکەی لە هیچ شوێنێک دا نەکردوە؛ تەنانەت کاتێک بەرپرسی ئیدارەی سلێمانی ئەوکات لە ئەنکەرە داوای کردوە بێن لە ناوچەی تەق-تەق نەوت دەربهێنن، بەریتانییەکان بەمەیان زانیوە، هۆشداری ئەوەشیان داوە کە بیرە نەوتەکان وێران دەکرێن، ئەو دوو کەسەی خێرا کۆمپانیاکە درووست دەکەن و بێن لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن، پێشووتر لە ئیشی کەلوپەلی ناوماڵدا سەرمایەگوزارییان کردوە.
* نموونەی ئەو کۆمپانیا پێشکەوتوانەی وڵاتانی جیهان کە لەسەرەوە ناوم هێنان، یەک دانەیان لە کوردستان کار ناکەن. ئەوەی پەیوەندیی بە ڕۆس نەفت و گازپرۆمەوە هەیە (لە بەشێکی دیکە دێمە سەری). لە کۆی (٥٠) کۆمپانیا (٤٢) دانەیان تەنها لە هەرێمی کوردستان کاریان پێدراوەو کاردەکەن! سەیری مێژووی دامەزراندنیان بکە زۆربەیان لەدوای (٢٠٠٣) ەوە دامەزراون! بۆ؟
یەک: لە عێراقدا، کۆمپانیایەکی نەوتی دانامەزرێت، ئەگەر پاڵپشتی بانک نەبەیت کە تۆ (١،٥) یەک ملیارو نیوت لەسەر هەژمار ئامادەیە (هەرچەندە هەندێک دایانمەزراوندوە بە پەنجا هەزار دۆلار، پارێزەرەکە بە پارە ئەو ماددەیەی بۆ تێپەڕاندوون). بەڵام لە وڵاتانی ئەوروپا، لە کەنەدا و لە وڵاتانی کەنداو، بەگشتی تۆمارکردنی کۆمپانیایەک لەنێوان (٥٠٠- ٩٠٠ دۆلار) واتە بەکوردییەکەی بە پێنج تا نۆ وەرەقە تۆ دەبیت بە خاوەن کۆمپانیایەکی نەوت، بە هەزار دۆلاریش وێب سایتێک درووست دەکەی و، هەندێ وشەی جوان و وێنەی هەندێ وێنەی بەرمیل و ساتی هەڵکەندنی تێدا دەنەخشێنی. تەنانەت لە ئەفریکا کۆمپانیا تۆمارکراوە، هاتوە بۆ داغانکردنی گیان و جەستەی نیشتیمانی کوردان!
یەک: بۆچی زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی لە کوردستان کاردەکەن لە هیچ شوێنێکی تر کارناکەن، یان کەمترین ئەزموونیان هەیە؟! چوونکە لە قووڵایی زەویدا، بۆ ئەوەی ١ یەک بەرمیل نەوت فۆرمیولە ببێت لە بەرئەنجامی فشارە زۆرەکان و کارلێکەکەکاندا، ماوەی (١٠ تا ١٠٠ ملیۆن ساڵ) ی پێویستە؛ لەڕووی زانستییەوە دە- تا- سەت ملیۆن ساڵی پێدەچێت تاوەکو بەرمیلێک نەوت لە کونیلەکاندا درووست ببێت، کەچی چەند مرۆڤێکی گەندەڵ و نەخوێنەوار، یان خوێنەوارن و تەنها دۆستی پۆست و پلەوپایەن نەک ستراتیج و گەل و نیشتیمان دەچن ئەم سامانە دەخەنە بەردەست کۆمپانیا!ی جیهانی! چ گەلێکی تر هەیە سامانی نیشتیمانی خۆی ئاوها بخاتە بەردەست کۆمپانیا!ی جیهانی! گریمان ئەوانە کۆمپانیای باوەرثێکراوی جیهانیش بوون، ئەوان تەنها ئیشیان کەڵەگەکردنی سەرمایەیە بۆ خۆیان، نەک شتی تر.
ئنجا ئەمە هەموو کارەساتەکە نییە کە؛ برادەران تازە لەو شاخەوە هاتوون، تازە لەشەڕی ناوخۆ تەواو بوون و دەستیان لە یەخەی یەکتر بۆتەوە، بێ ئەوەی بزانن؛ ئاسایشی وزە چی یە؟ جیۆپۆڵەتیکی وزە چی یە؟ زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان چ هەقێکی بەسەر بازاڕی وزەوە هەیە؟ گرێبەستی نەوتی چی یە؟ دەرهێنان و پاڵاوتن و هەناردەکردن و بازاڕکردن و لۆبیکردن و هەمەچەشنکردن چی یە؟ دیجیتاڵیزەکردن چی یە؟ ئێچ ئاڕ و پی ئاڕ چی یە؟ پارەی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان (لە کۆمپانیاکاندا بە سی ئێس ئاڕ-CSR) ناسراوە چۆن لە گرێبەستەکاندا جێدەکەنەوە؟ پرسە ژینگەییەکان چین؟ پیشەسازیی بچووک چییەو چۆن دەگۆڕێت بۆ پیشەسازیی مامناوەندو قوورس؟
لەهەموو ئەمانە بەئازارتر بێ ئەوەی ئاگاداربن کە "تەحکیمی دەولی" چییە: کاتێک وڵاتی خانەخوێ لەگەڵ کۆمپانیایەک دەبێتە کێشەیان لەچ دادگایەک ئەمە ساخ دەبێتەوە، بێگومان کۆمپانیاکان دەست ڕۆیشتووتر و چاوکراوەترن (هاوبەش و چاوساخی کوردیی ناوخۆییشیان هەیە کە دەستەڵاتیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوە)، هەربەم هۆیەوە هەرێمی کوردستان نیزیکەی (٣) سێ ملیار دۆلاری بە دادگا جیهانییەکان دۆڕاندوە لە واشنتۆن و لەندەن. جگە لە سکاڵای حکومەتی عێراق لە دادگای نێوبژیوانی پاریس بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان بزنسییەکان. یەکێک لە دیارترین ناکۆکییەکان پەیوەندی بە دانا غاز و کرێسنت پیترۆلیۆمەوە هەبو؛ دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن بڕیاری لە بەرژەوەندی داناغاز و هاوبەشەکانی دا و بڕیاریدا حکومەتی هەرێم یەک ملیار و ٩٦ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووی فاکتورە نەدراوەکانی پەیوەست بە فرۆشتنی غاز و پێشێلکارییەکانی تری گرێبەستەکان بدات.
هێشتا ئەمە هەموو گرفتەکە نییە؛ حکومەتی هەرێم لە ناکۆکییەکانی تردا لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا تێوەگلاوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئاستەنگەکانی ڕێککەوتنەکانی وزە و بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانە. بۆ نموونە، ئەم کەیسانە تیشک دەخەنە سەر پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە دواکەوتنی پارەدان و جێبەجێکردنی گرێبەست. بەمهۆیەوە بوو، کە کۆمپانیای DNO ی نەرویجی ناچار بوو (٩٢) ملیۆن دۆلار بدات بە پیتەر گالبرایت کە یەکجار ڕۆڵی ناوەندکاریی گێڕاوە، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم پیلانیان داڕشت بۆ ئەوەی لە گرێبەستەکەیاندا ئەو بکەنە دەرەوە.
سەیری بکە، لە ساڵی (٢٠١٣) ەدا حکومەتی هەرێم کێشەی لەگەڵ دانا گاز بۆ درووست بوە، چوونکە حکومەت پارەی هەقدەستی نەداوە بە کۆمپانیاکە لەکاتی خۆیدا؛ حکومەتی هەرێم لە ٢٠١٣ ەدا لە باشترین دۆخی دارایی خۆیدا بوە، نرخی نەوت لەبەرزترین ئاستدا بوە، کێ وایکردوە کە هەقدەست لەکاتی خۆیدا نەدرێتە کۆمپانیاکە؟ بۆچی وایکردوە؟
لە دوای ٢٠٠٣ ەوە، هەمیشە کۆمپانیاکانی نەوت یەکێك بوە لەهۆکاری گرفتە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا، تەنانەت لە ٢٠٠٨ بوە هۆی ئەوەی بەغدا ‌هێز بۆ سەر ناوچە دابڕاوەکان و هەرێم بجوڵێنێت، لە ٢٠١٧ لەسەر نەوتی کەرکوک هەموو بینیتان چی ڕوویدا! بەدرێژایی نێوان ئابی ٢٠١٤ -تا ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هەموو ڕۆژێک بە بۆڕی نەوتی هەرێمدا نیزیکەی (٣٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک فرۆشراوە بێ ئەوەی داهاتەکەی چووبێتە سەر هیچ هەژمارێکی حکومی!
هەندێ ڕۆژنامەنووسمان فێرکردوون، گوایە بۆیە تێچووی بەرهەمهێنان لە بەغداو باشوور (٢ بۆ ٦ دۆلارە) لە هەرێم (٢٣ بۆ ٢٥دۆلارە) چوونکە هەرێم شاخ و داخەو، عێراق تەخت و بیابانەو ئاسانە بۆ دەرهێنان! وایە؟ ئەمە زۆر وا نییە (کەم وایە)؛ ڕاستە لە نەیجیریا، کەنەدا، ڤەنزەویلا، ڕووسیا، مەکسیک و چەندین شوێنی تر لە هەندێ کێڵگەدا دەگاتە سەروو (٢٥) دۆلاریش تا (٤٠) دۆلاریش لەهەندێ جێگە دەڕوات.
ئەوەی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی بە شێوازی گرێبەستە نەوتییەکانەوە هەیە کە حکومەتی هەرێم یان بەغدا لەگەڵ کۆمپانیاکان واژۆی کردوون (لەبەغداش ئەم پرۆسەیە گرفتی زۆرە). فەلسەفەو پێناسە کورتەکەی گڕیبەستە نەوتییەکان بۆ ئەوەیە؛ چۆن پارە لەنێوان وڵاتی خانەخوێ و کۆمپانیا بیانییەکەدا دابەش دەکرێت؟
لە چوارچێوەی پیشەسازی نەوت و گازدا، دوو جۆر خەرجی هەن، ئۆپێکس-OPEX (خەرجییە کارپێکردنەکان) و کاپێکس-CAPEX (خەرجییە سەرمایەییەکان) ئەمانە زاراوەی گرینگن کە بۆ وەسفکردنی جۆرەکانی تێچووی پەیوەست بە گەڕان و بەرهەمهێنان و پرۆسێسکردن بەکاردەهێنرێن. کرێی بۆڕی لە هەرێمی کوردستان سێ هێندەو زیاترە لەوەی بەغدا؟ ئەوەی بەغداش لە هەشتاکانی سەدەی بیستەوە (مەبەستم نەوتی کەرکوکە) بەهەمان بۆڕی جەیهاندا لە فیشخابورەوە دەچێتە هەمان تانکی گەورە لە بەندەری جەیهان. هەرێمی کوردستان بەهەزاران دەرچووی زانکۆکانی خۆی لەماڵەوە داناون و خەم دایڕزاندون، کەچی بەسەدان قوماربازو بێ ئیشو کاری لەدەرەوە هێناوە لەسەر جەستەو سامانی خۆی کردوونی بە ملیۆنێر. تیایاندایە لە ئەمریکای لاتینی سزا دراوە چوونکە بەهۆی هەڵەی گەڕان و پشکینین و دەرهێنانەوە بوەتە هۆی لەناوچوونی ملیۆنەها ماسی و پیسکردنی ژینگەی ناوچەکە (چیرۆکی ئەمانەش ماوە بۆ گێڕانەوە). بە هەزاران کەسی بیانی بە مووچەی زۆر بەرز لە کۆمپانیاکانداو لەهەرێمی کوردستان کاریانکردوە، بە سەدان کۆمپانیای ناوخۆیی تۆمارکراون بۆ خزمەتگوزاریی؛ تەنکەرێک ئاویان لێرە بۆ ئەوێ بە (١٠٠$) گواستۆتەوە، چوار بەردی ڕاگریان داناوە دەیان هەزار دۆلاریان نوسیوە، دوو کەرەڤانەی دابین کردوە، تەندەری کافتریاو شوێنی نانخواردن و زۆربابەتی دیکە کە زۆر پیسخۆریی تیاکراوە؛ دواتر لە پارە بەشکردنەکەدا لەگەڵ کۆمپانیا! بیانییەکە! لە بەشی هەرێم بڕاوە.
زێدەڕۆیی نییە بڵێین؛ لەهەموو وڵاتانی جیهان نا-دادیی هەیە، بەڵام وڵاتانی جیهان دەستوور و دامەزراوەی سیاسیی و یاسایی و دارایی و ئابورییان هەیە. ئەمەی لە هەرێمی کوردستان هەیە گەندەڵی نییە، دەبێت بەڕاشکاویی بوترێت ئەگەر ىڕیارە جەردەیی بکەین، مافیاگەرایی پەرە-پێبدەین، تۆڕ-تۆڕ- باند- باند کارەساتی سەیرو سەمەرە بەسەر ئێستاو ئایندەماندا بهێنین، تێکۆشەرەکان و سەرمایە مرۆییەکان لەسەر شاشەکان لە برسدا بگرین، گەنجەکان سەری خۆیان هەڵبگرن، ئەوە کابینەی (١٠) با دڕیژەپێدەری کابینەکانی پێشوو بێت! ئەگەریش بڕیارە پیاچوونەوەیەکی گشتی بکرێت، گەرەکە لەسەری سەرەوە پێویستە بڕیاری ئازایانە بدرێ (دەزانین لە سیاسەتدا ڕیفۆرمی ڕیشەیی بە یەک هەنگاو ناکرێت، قۆناخی یەکەم هەڵوەشانەوەی تۆڕە کەسییەکانە کە تەنانەت گەندەڵی بۆ حیزبەکەش ناکەن، بەڵکو بۆ خۆیان و دەوروبەریان).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×