کەرکوک کوێی کوردستانە؟

بەهرۆز جەعفەر
  2024-10-15     53

هەرکاتێک باسی کەرکوک کرا، ڕاستییەکی سادە هەیە، دەبێت لەوێوە دەست پێ بکرێت: «سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە دوای ٢٠٠٣ ەوە تا ٢٠٢٤ ستراتیجێکی یەکگرتووی هاوبەش و گشتگیری بۆ کەرکوک نەبوە.» کاتێک زیاتر لە دوو دەیە تێدەپەڕێت و ستراتیجێکی گشتیگیر و هەمەلایەنە بۆ کەرکوک نییە، مانای وایە هیچ داتایەکی ئەوتۆ لە بەردەست نییە، چوونکە یەکێک لە بنەماکانی داڕشتنی ستراتیج ئەوەیە داتای ڕاست و درووست هەبێ. بۆ نموونە، لەبەرئەوەی تا ئێستا پەرلەمانی عێراق ئامادە نەبوە یاساکانی سەردەمی بەعس پووچەڵ بکاتەوە، ئێستا کەس نازانێت کورد لە ڕووی زەوی کشتوکاڵییەوە چەند هێکتاری بەدەستەوەیە، چەندی لەژێر هەڕەشەدایە، چەندی ماوە وەریبگرێتەوە! هەروەک هیچ کەسێک نازانێت چەند هاوڵاتی کوردی- کەرکوک لە تاراوگە دەژین، تاوەکو ئەگەر لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ سەرژمێریی کرا، بتوانن سەنگ و دەنگێکیان لەسەر کەرکوک هەبێت! چەند کوردی- کەرکوک لە هەولێر و سلێمانی و شوێنەکانی ترن؟ بەدڵنیاییەوە، ئێستا پارێزگارەکانی بەسرە، دیالە و بەغدا دەزانن چەند عەرەب ( چەندی شیعەو سووننە) لە سنوری پارێزگاکانی خۆیاندا دەژین و، چەندیشیان بۆ حەوانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

سەرکردایەتی سیاسی حیزبە کوردییەکان خۆیان دەڵێن ئێمە قەت پلانێکی یەکگرتومان بۆ کەرکوک نەبوە، خۆیان لێدوان دەدەن، کتێب دەنووسن و دەڵێن ئەو ماوەیەی حوکمی شارەکەمان بە دەست بوە ( ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٧) کڕین و فرۆشتنمان بە بنکەکانی پۆلیسی شارەکەوە کردوە، بە قسەی خۆیان خەریکی قاچاخچێتی و زەوی داگیرکردن و زۆر بابەتی لەوانە ترسناکتر بوون.

ئەگەر لێی ورد بیتەوە، نەک هەر ستراتیجی هەمەلایەنەو یەکگرتوو نەبوەو نییە، سووپاسگوزار دەبیت بە ئەقڵییەتێکی حیزبیشەوە لە کەرکوک بووبن یان ببن، بەڵکو بە میزاجی کەسیی کاک فڵان و کاک فیسار بوە.

ئەمە مانای وایە، هەر بڕیارێک کە هەر (سەرکردە!) یان حیزبەکانی کوردستان بیدەن لەسەر کەرکوک نە زانستییە (دەزانم گاڵتەیان بە قسەی زانستیش دێ) نە ستراتیجییە، وە نە هیچ ئامانجێک دەپێکێت. چوونکە کە تۆ پلانت نەبێت، داتا و زانیارییت نەبێت، ماوەی زەمەنی دیاریکراوت نەبێت کە پلانێک دادەنێیت، وەکو ئەوە وایە سووپایەکی گەورەت هەبێ و هیچ بەشێکی هەواڵگریی هاوچەرخی تیادا نەبێ، وەکو ئەوە وایە چاوت ببەستنەوەو شەڕە بۆکس (مولاکەمە) لەگەڵ نەیارەکانت بکەی، بۆکس لە هەوا دەدەی، لە دیوار دە-دەی؟!

کەواتە، ئەوە هەڵەیە کە کورد و حکومەتی هەرێم بێ گەڕانەوە بۆ ڕای دانیشتوانی کەرکوک بەچەند مەرجێک ڕازیبوە لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریی! ئەی بێگومان، زۆرینەی ئامادەبوان یان نوخبەی کورد ئەگەر تەماشای وەها دیمەنێک بکەن لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێرییدا نابن لە وەها دۆخێکدا، چوونکە بەزیانی پێکهاتەی کوردە. چوونکیشە ( بەڵێ زۆر چوونکیشە) ئەنجامی ئەم سەرژمێرییە دەبێتە بنەماو وەک شارەزایان دەڵێن دوور نییە جێگەی ئاماری ساڵی ١٩٥٧ بگرێتەوە.

باسی کەرکوک دەکەین! بەپێی ئەم پرۆسەیە، هەر کێیەک لە هەر کوێ تۆمار بکرێ ئەوە ئیتر دەبێت بەخەڵکی ئەو شوێنە؛ دەتەوێ کەرکوکی بیت؟ ئێستا ئێوە کەرکوکتان دەوێ یان نا؟!

ساڵی ٢٠١٧، لە بەغدا بووم، نوێنەرەکانی کورد ( ئەوانەی نازانن چییان دەوێ، پلانێکی ستراتیجیی گشتگیریان نییە) ئاگام لێبو، مقۆ-مقۆیان بوو، بڕۆینە ژوورەوە، نەچینە ژوورەوە؟! ئیتر چوونە ژوورەوە دەنگیان بە "یاسای حەشدی شەعبی" دا، لەبەرانبەر ئەوەی حکومەتی عێراق یاسای بوودجەی ساڵێک یان با بڵێین مووچە بە هەرێمی کوردستان بدا.. ئێستاش حکومەتی عێراق چەند بەڵێنێکی بە هەرێمی کوردستان داوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە پەیوەندییەک لەنێوان ئەم سەرژمێرییەو ئەوەی ساڵی ١٩٥٧ دروستبکرێت، ئەمە نە جێی متمانەیەو نە هیچی لێ شین دەبێ. ئنجا ئەوەبو کە دەنگیان دا بە یاسای حەشدی شەعبییەکە، لە دواییدا دەیانوت؛ ئەمە بە فشاری هەرێمیی بوە، دەبوو هەر بچین..ئێ ئەوەش یەکێکە لەو نیشانانەی کە تۆ پلانێکی هاوبەشی گشتگیرت بۆ کەرکوک نییە، نابێ بپرسی بۆچی « گشتگیر» بێ باشە؟ سریلانکا «گەڵاچای»یان هەیەو لە باشوری ئاسیان، کەچی لە باکوری ئەمریکا لۆبی و بانگەشە بۆ « چایی» دەکەن. کەس لە ئێوە بیستویەتی کورد لە کۆنگرێسی ئەمریکی لە دوای ٢٠٠٣ ەوە بڕیارێک یان کارێکی بۆ کەرکوک یەکلایی کردبێتەوە؟!

با ئەوەندە دوور نەچین، ئەوە هەر چوار لای کەرکوک و هەرێمی کوردستان ئاگرە، داینامیکیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە جەمسەرگیریی جیهانیی وەردەچەرخێنێت، کەچی حیزبە کوردییەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندان بۆ پەرلەمانی کوردستان، لەسەر ئەو کەناڵە ئاسمانییانە زۆری نەماوە جنێو بە خووشک دایکی یەکدی نەدەن! دوور نییە پێشهاتێک بێت، کەسانێک کە هیچ ئاستێکی کۆمەڵایەتی و زانستی، هیچ هونەرێکیان تیا نابینی سبەی بڕیاری زۆر خراپ و هەڵەشانە لەسەر کەرکوکیش دەدەن و، خەڵکەکەشی دەگلێننە ناو دۆزەخێکەوە؟! ئێوە کاندیدێکتان بینی لە هەرێمی کوردستان بێ و، بڵێ من واو وا بۆ ناوچە داگیرکراوەکان دەکەم؟! ئاخەر هیچ جوولەکەیەک هەیە نەک لە ئیسرائیل بەڵکو لە هەر شوێنێکی دونیا بچێتە پەرلەمانێکەوە بەڵێنی بۆ خاکی ئیسرائیل پێ نەبێت، چاوی بەرانبەر دوژمنەکانی بنووقێنێت!؟ کەستان بینی لە کوردستان کاندید بێ و، بڵێ خۆ ئێمە کۆماری مۆز نین ئەم و ئەوی دەرەکی پلان و ئەجێندەی خۆیانمان بەسەردا بسەپێنن.. پێویستە خۆشمان وریا بین و، لە هەموو ئاستێکدا وەک ئەندامەکانی جەستە بجووڵێین. سەیری بکە؛ بریتش پێترۆلیۆم ( BP) لەپێش ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە تا دوای ئەو ڕووداوە بۆ ماوەی نیزیکەی سێ ساڵ لە تەواوی سنوری کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکدا تەنها گەڕان و توێژینەوەیان ئەنجامدا، دواتر کۆمپیوتەرەکانیان هەڵگرت و ڕۆیشتنەوە ( خۆیان وتیان دەرەئەنجامەکەمان داوە بە وەزارەتی نەوت!)، لە ٢٠٢٤ دا هاتونەتەوە، کەس لە کورددا یان لەو حیزبانەی کەرکوک دەزانن چەندە نەوت لە کەرکوکدا ماوەو ئەنجامی ڕاپۆرتەکانی بی پی چی بوە؟! نەخێر، ئەی ئیتر ئێوە بۆچی لەناو گۆڵەکەدا وەستاون! ئۆکەی، ئەوە گریمان بە خۆڕایی ڕاپۆرتەکەی «بی پی» تان دەستکەوت، دەزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەن!؟ نەخێر، لەبەرئەوەی کەسی پسپۆڕ لە پەرلەمانەکان و ناوەندەکانی بڕیار نیزیک نییە.

بەهەرحاڵ، کە هەندێک لەو قسانەی سەرەوە دەنووسم، یان لەسەر تەلەفزیۆنەکان قسە دەکەم، خۆم لە مێشکی خۆمدا، یان گەرمیانی وتەنی « لەبەر خۆمەوە» دەڵێم: بۆ حەلاوی باس بکە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×