خەڵک بۆچی داکۆکی لە نەوت و گاز بکات!؟ 

بەهرۆز جەعفەر
  2023-08-01     257

بەرمیلێک نەوت {وەک پێکهاتەی کیمیایی} تا دەبێت بە بەرمیلێک نەوت و سامانی ئابوریی (٨٠ بۆ ١٠٠) ملیۆن ساڵی پێویستە. واتە تەمەنی نەوت لە تەمەنی حیزبە کوردییەکان زۆر درێژترە. نەوت و گازی سروشتی و کانزاکانی تر ڕاستەوخۆ سەرمایەیەکن کە سرووشت و خواوەند بە کوردستانیان و نەوەکانیان داوە. 

یەکێتی لە سلێمانی دەرگای بۆ سەلەفییەکان خستۆتە سەرپشت، ئەو سەلەفییەتەی کە شەهید هوجام یان بە تەور مل بڕی، ئەوەی شێرکۆ و حسێن مەنسوریان شەهید کرد. هیچ هەفتەو مانگێک نییە لە شاردا خانەو شانەو سەرکردەی داعش دەستگیرنەکرێن! دەرگایان بۆ واڵاکردوون، پەیمانگە بۆ خوێندن، زەویی بۆ گەورەکردنی بارەگاکانیان، ڕادیۆ، پاسەوان، ئۆتۆمبیلی گرانبەها، ژن و کچ لە بەردەستیان، پەیوەندیی دەرەکییان، براکانیان دەکەنە پەرلەمانتار و ڕاگری کۆلێج و منداڵەکانیان دادەمەزرێنن.

پارتی دیموکراتی کوردستانیش، ئامادەیە، ملیارێک، دوو ملیار بۆ تەنها یەک بریکاری وەزیر خەرج بکات، بەڵام ئامادە نییە ڕێگای کەلار- دەربەندیخان بەسەر بکاتەوە!؟ ئامادە نییە هەزاران خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بیرێک لێ بکاتەوە!؟ 

بەڵام، کاتێک ئێمە سیڤییەکەمان شەش لاپەڕەیە، تەنها داوای هەماهەنگیی لە چەند بێئاگایەک دەکەین، تەنها نوسراوێک دەکەین { داخۆ ئێستا کارگرووپ خاوەنی ٦٠٪ ی هێڵی بۆڕیی کوردستانە یان ٤٠٪؟!} وەک بڵێی ئەولادی داعش و نەوەی مەغۆل و نێردەی حەجاج بین؛ دەڵێن سەبر بگرە، ئەم ماوەیە وەڵامت دەدەینەوە!؟

من تەنها لەماوەی ئەم ساڵەدا، لە ئیمارات، لە میسر، لە قوبرس، لە تورکیا، لە بەغدا لە ڕێگەی بەشدارییەکانمانەوە بەرگریی سەرسەختم لە نەوت و گازی کوردستان کردووە، لە ڕێگەی دوو لێکۆڵینەوەوە کە لەبەناوبانگترین جۆرناڵەکانی جیهان بڵاوبونەتەوە، لە ڕێگەی دەیان وتار و دەیان چاوپێکەوتنی میدیاییەوە، لەڕێگەی پاوەرپۆینتەوە بۆ بەڕێوەبەرەکان، بۆ ڕێکخراوەکان...کە دەمتوانی پێچەوانەکەی بکەم و دەستکەوتی زۆریشم دەبوو! چوونکە هەمیشە لەناو کورددا، لەناو حیزب و حوکمڕانی کوردییدا جاش و خۆفرۆش و مێژوو- پیسەکان « ئەفزەڵییەت و ئەولەویەت» یان هەیە. نایکەم، چوونکە باوەڕموایە پێویستە کوردستان و قەوارەکەی پێویستە بپارێزرێن، وزەش دەرفەت و ڕێگایەکی گونجاوە تا هێزی خۆت نیشانی ئەوانی دیکە بدەیت.

ئەی بەڵام! ئەو خەڵکە بۆچی داکۆکی لە نەوت و گاز بکات! بۆ کێ؟! لە پێناو چی؟! خەڵک ئیمانی نەما { ئیمان} کوڕی خۆی بە کوشتدا، ماڵی خۆی وێران کرد بۆ ئازادی، بەغدا نەوت بفرۆشێ هەر پارە نییە، خۆتان دەیفرۆشن (٣١) ملیار دۆلار قەرزارن!؟ لەولاشەوە دونیایەک هێزی بەناو ئۆپۆزسیۆنی ساختەچی و مەلای حەرامخۆر و پەرلەمانتاری قۆنتەراتچی و نەخوێنەوار بەردراونەتە گیانی ئەو خەڵکە! کاتێک یەکێکیش پرۆژەیەکی هەیە بۆ دەرچوون لەقەیرانەکان، لەبری هاندان، هەموو هەوڵێک دەدەن لە بۆتەی ململانێ و مامەڵە هیچ و پووچەکانی حیزبایەتییدا بیتوێننەوە. 

چۆن چۆنی یەکمان خۆش بوێ؟ ڕێگای خۆشەویستی، ڕێگای نیشتیمانپەروەری، ڕێگای بەرگریی لە بەها هاوبەشەکان تەنها و تەنها بەڕێگای « دادپەروەری» یدا تێپەڕدەبێ، تەنها لایەنی کەمی دادپەروەری « نەک دادپەروەری ڕەها»،، ئەمەش تەنها و تەنها بە هۆی بوونی دەستورێکەوە دێتە دی { کە دوای ٣٢ ساڵ حوکمڕانی هێشتا هەرێمی کوردستان دەستوری نییە}ئیتر لەوە زیاتر قسەی ئینشائی و لا- بە- لا تا هیچ کوێ بڕ ناکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×