ڕووداوەکانی لوبنان ناوچەکە بەرەو کوێ دەبات؟

سەروەت هەڵەبجەیی
  2024-09-19     213

لە پاش ڕووداوەکانی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕ و ماڵوێرانییەکی گشتی نزیک بووەتەوە. بزوتنەوەی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی زریانی ئەقسا هێرشێکی کەم وێنەی کردە سەر ئیسرائیل و بە سەدان کەس لەو هێرشەدا کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بەدیلگیران.
پاش ئەوەش ئیسرائیل شەڕێکی هەمەلایەنەی لە دژی کەرتی غەززە دەستپێکرد کە لە یەک ساڵەی خۆی نزیک دەبێتەوە. لە ئەنجامی ئەو شەڕەش بە دەیان هەزار کەس کوژراون و بە دەیان هەزاری دیکەش بریندارن، چارەنووسی دەیان هەزار کەسیش کە ڕەنگە تەرمەکانیان لە ژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکانی غەززەدا مابێتەوە، نادیارە، غەززە بە تەواوی ڕووخاوە و دانیشتووانەکەی بەردەوام لە ئاوارەییدان لەم بەشەوە بۆ ئەو بەشی ناوچەکە.
لەم شەڕەدا چەندین دیمەنی دیکە بینراوە. ئیسرائیل لە هێرشێکدا بۆ سەر بینای کۆنسووڵخانەی ئێران لە دیمەشق چەندین پلەداری سوپای پاسدارانی تیرۆر کرد. ئێران لە تۆڵەی ئەمەدا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە قووڵایی خاکی ئیسرائیل. ئیسرائیل چەندین سەرکردەی حەماسی تیرۆر کرد بە تایبەت ئیسماعیل هەنیە کە لە تاران ڕوویدا و تا ئێستاش ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی دەکات. هەروەها شەڕەکەش لە نێوان حوسییەکانی یەمەن و ئیسرائیلدا هەبووە.
حیزبوڵڵای لوبنان لە ماوەی نزیک لە یەک ساڵی شەڕی غەززە بەردەوام سەرئێشەی بۆ ئیسرائیل درووست کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچە سنورییەکان لە گەڵ لوبنان ئاوارە بوون و ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە خستووەتە سەر شانی کابینەکەی نتانیاهۆ. ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەمەدا ناو بە ناو هێرشی کردووەتە سەر باشوری لوبنان و چەندین سەرکردە و ئەندامی حیزبوڵڵاشی تیرۆر کردووە.
حیزبوڵڵا بە گەورەترین گرووپی نزیک لە ئێران دەناسرێت، بوونی لە لوبنان بە واتای بوونی ئێران دێت، لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە ئەم شەڕە هەمان شەڕی بەوەکالەتی ئێرانە. هەر بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵیداوە حیزبوڵڵا و ئێران پەلکێشی شەڕێکی ناوچەیی بکات. هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی 17 و 18 ی ئەیلول کە لە ڕێگەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی ئەندامانی حیزبوڵڵاوە بووە بە زەبرێکی گەورە دادەنرێت و چەندین خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. ئیسرائیل لەم ڕێگەیەوە هەوڵیداوە ناوبانگی دەزگای هەواڵگری مۆساد بگەڕێنێتەوە کە لە هێرشەکەی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ی حەماس ئەو ناوبانگەی لەکەدار بووە، هەروەها ئەو پەیامەی گەیاندووە کە لە شەڕی هەواڵگری و تەکنۆلۆژیاییدا دەستی باڵای لە ناوچەکەدا هەیە و پەیامی ڕاستەوخۆشی بۆ گرووپەکانی نزیک لە ئێران بە عێراق و سوریا و یەمەنەوە ناردووە کە مەترسی هێرشی وەهایان لە سەرە.
دەتوانین بڵێین کە ئەم هێرشەش بۆ دابڕانی پەیوەندی ئەندامانی حیزبوڵڵا بووە لە پاش ئەوەی کە کابینەی ئیسرائیل هەموو دەسەڵاتێکی بۆ شەڕێکی گەورەتر لە دژی حیزبوڵڵا بە بنیامین نتانیاهۆی سەرۆک وەزیران داوە.
لە ڕووی دەروونییەوە هێرشەکەی ئیسرائیل زیانێکی گەورەی لە حیزبوڵڵا و تەنانەت لوبنانییەکان داوە کە ڕەنگە لە شەڕێکی داهاتوودا زەبری زیاتر و گەورەتریان بەرکەوێت.
ئیسرائیل دەیەوێت پشتیوانی حیزبوڵڵا لە حەماس و غەززە نەهێڵێت و لەم قۆناغەدا پشتێنەیەکی ئەمنی پارێزراو لە سنورەکانی لە گەڵ لوبنان درووست بکات و ئاوارەکانی ئەو شارۆچکە سنورییانە بۆ ماڵەکانیان بگەڕێنێتەوە.
ئێران و حیزبوڵڵا خۆیان لەم شەڕە بە دوور گرتووە و نایانەوێت بچنە تەڵەیەکی ئیسرائیلەوە کە ئامانجەکەی پەلکێشکردنی ئەمریکایە بۆ شەڕی ئەم دوو لایەنە. نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە ناردنی مووشەکە هایپەرسۆنیکەکەی ئەم دواییەی حوسییەکانی یەمەن بۆ ناو دڵی تەل ئەبیب پەیامێکی پێشوەختە بۆ ڕێگری لەم شەڕە بووە. ئەو مووشەکە سەرجەم سیستەمە بەرگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای تێپەڕ کرد و نەخرایە خوارەوە، ئەگەر زیانیشینی نەبووە، ئامانجەکەی پەیامێکی گرنگ بووە کە ئەگەر شەڕی دژ بە لوبنان ڕوو بدات، دەبێت ئیسرائیل خۆی بۆ شەپۆلی ئەو مووشەکانە لە ڕێگەی یەمەنەوە ئامادە بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×