گێژاوی سیاسی عێراق و داهاتووی پۆستی سەرۆککۆمار...

سەروەت هەڵەبجەیی
  2022-06-25     531

ئەندامانی فراکسیۆنی 73 کەسیی سەدر لە پەرلەمانی عێراق دەستیان لە کار کێشایەوە، محەممەد حەلبوسی داواکەی ئەوانی پەسەند کرد و بە فەرمی کۆتایی ئەندامێتی سەدرییەکانی لە پەرلەمان ڕاگەیاند، سەدر کە لە درووشمی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی شکستی هێنا، کشانەوەی لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی بە باشترین دەرفەت زانی و پێی وایە کە عێراق لە چەند مانگی داهاتوو کۆمەڵە ڕووداو و ئاڵۆزییەک بە خۆوە دەبینێت و نایەوێت قاچێکی لەم دەسەڵاتە بێت و کەموکورتی و قەیرانەکان بە ناوی خۆی و ڕەوتەکەیەوە بنووسرێت، وەک دەزانین کە سەدر لە قۆناغی پاش سیستانی چاوی لە مەرجەعیەتی عێراقیشە.

سەدرییەکان کشاونەتەوە و پەرلەمان بە کەسانی دیکە پڕ دەکرێتەوە، کە واتە کێشە بۆ ژمارەی پەرلەمانتاران و نیسابی یاسایی درووست نابێت و پەرلەمان دەتوانێت بەردەوام بێت.

ئەوەی کە لە ئێستادا دەبینرێت، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانە، واتە ئەو لایەنانەی لە ئێرانەوە نزیکن و هەوڵەکانیان بە ئاراستەی توڕەکردنی سەدر بوو و لە ئاکامدا ئەوەی ویستیان، سەدر جێبەجێی کرد. چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی پێکهێنانی حکومەت دەدات بەڵام تا کێشەی نێوماڵی کوردی لە نێوان پارتی و یەکێتی لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار چارەسەر نەکات، هەنگاوەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت سەر ناگرێت، پارتی و بارزانیش کە لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەرژەوەندییەکانیان لە سەر نەوتی کوردستان و داهاتەکەی کەوتووەتە مەترسییەوە، چەند مەرجێکیان هەیە، بۆ نموونە، ڕاگرتنی ئەو بڕیارە، هەرچەندە بە شێوازی کاتی، یان لە پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت بارزانی ڕەزامەند بێت.

لێرەدایە کە ڕەنگە یەکێتی بکرێتە قوربانی و ئەو پۆستە بە دڵی بارزانی بە کاندیدەکەی پارتی بدرێت، ئەگەری ئەوەش هەیە ئێران بۆ ئاشتکردنەوەی پارتی، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەو ئاراستەیەدا ببات، یان ئەگەری ئەوەش هەیە بۆ ڕەزامەندی پارتی و یەکێتی، بڵێن دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار بە بارزانی بدرێت، کە واتە ئەگەر پارتی پۆستەکەش نەبات، کەسێکی دڵخوازی ئەو حیزبە وەک کاندیدی کورد ڕەوانەی بەغدا بکرێت، لێرەدایە کە ڕۆڵی یەکێتی لاواز دەبێت و بە ناچاری بەرهەم ساڵح دەکشێنێتەوە و ناردنی کاندیدی دیکەش ئەو پەیامەی بە دواوە دەبێت کە هەرچەندە کاندیدەکە لە یەکێتییە بەڵام ئەوە پارتی و بارزانی بوون کە بەرهەم ساڵحیان ئاوت کرد و یەکێتی ئەو پێداگرییەی بۆ نەچووەسەر.

بە دڵنیاییەوە چوارچێوەی هەماهەنگی لە پاش کشانەوەی سەدرییەکان پێویستیان بە پارتی و سیادەی سوننە هەیە و نایانەوێت دۆخی سیاسی عێراق لەمە زیاتر خراپ ببێت. بابەتەکە تەنیا ئەمەش نییە لە بەر ئەوەی کە شیعەکان بۆ کاندیدی سەرۆک وەزیرانیش دیسانەوە پێویستی بەو دوو لایەنە دەبێت.

تەنیا چارەسەر ڕێکەوتنە، چ لە ناوخۆی کوردستان و چ لە سەر ئاستی عێراق. پێکهێنانی حکومەت بە بێ بوونی فراکسیۆنی زۆرینە و تەنانەت دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان ناتوانێت کۆتایی بەم قەیرانەی عێراق بێنێت. تا ئەو کاتەی کە سیستەمی سیاسی پەرلەمانی و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق نەخرێتە سەر ڕاستەڕێگای دیمۆکراسی و چاکسازی بنەڕەتی، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان دۆخی چەقبەستووی سیاسی ئەم وڵاتە چارەسەر ناکات و ڕەنگە خولەکانی داهاتووی هەڵبژاردن بگاتە قووڵتربوونی کێشە و قەیرانەکان.

ئەگەر سەدر لەم ڕێگایەی بەردەوام بێت، هیچ حکومەتێک لە عێراق بە بەشداری لایەنەکانی دیکە سەرکەوتوو نابێت، ئۆپۆزسیۆنیی سەدر بە واتای جوڵاندنی شەقام دەبێت، ڕاستییەکە ئەوەیە کە سەدر پێگەی جەماوەریی هەیە، هەرچەندە شکستی هێنا، بەڵام دەتوانێت کۆی سیستەمەکە بە گشتی ڕوبەڕوی قەیرانی نەبوونی شەرعییەت بکاتەوە...

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×